پڕۆفیسۆر دكتۆر عیزەدین مستەفا ،ماڵئاوایی لەژیان کرد

 

بەرەبەیانی ڕۆژی پێنجشەممە ٣ی تشرینی یەكەمی ٢٠١٩، پرۆفیسۆر د.عیزەدین مستەفا رەسوڵ لەتەمەنی ٨٥ ساڵیدا ماڵئاوایی لەژیان کرد .

کورتەیەك لەژیانی:

 

عیزەدین کوڕی مەلا مستەفای سەفوەت کوڕی حاجی مەلا ڕەسوڵی دێلێژەیە.

ساڵی ١٩٣٤ لە گەڕەکی دەرگەزێن لە شاری سلێمانی لەدایک بوە.

 

حاجی مەلا ڕەسوڵ کە دەکاتە باپیری یەکێک بوە لە زانا ئاینیەکانی سەردەمی حکومەتی خواروی کوردستان و لەلایەن مەلیک و کاربەدەستانەوە گوێی لێ گیراوە.

 

عیزەدین لە لای باوکی لە مزگەوتی حاجی مەلا ڕەسوڵی دێلێژە خوێندویەتی، پاشان ساڵی ١٩٣٩ وەک گوێگر لە قوتابخانەی غازی وەرگیراوە.

 

لەسەر پێشنیاری مستەفای سەفوەت لە بەغدا دەچێتە كۆلێژی شەریعە بەڵام بەهۆی تێكەڵبونی بەكاری سیاسییەوە لەساڵی یەكەمدا لە كۆلێژەكە دەردەكرێت و دەگەڕێتەوە بۆ سلێمانی.

مستەفای سەفوەت پێی وتوە: بۆ درێژەدان بە خوێندن بچۆ بۆ بەغدا و لە کۆلێژی شەریعە بخوێنە، هەم خوێندنێکی ئەکادیمیە، هەم مەلایەتییەکەشت دەمێنێتەوە.

 

دواتر لە ساڵی ١٩٥١ لە خانەی مامۆستایان لە بەغدا وەرگیراوە، ساڵی ١٩٥٢ بەشداری ڕاپەڕینی ئەو ساڵە بوە لە شاری بەغدا، بریندار بوە و دواتر لە کۆلێژ دەرکراوە لەبەر بەشداریکردنی لە راپەڕینەکەداو دواتر گەڕاوەتەوە بۆ سلێمانی.

 

دواتر لە ڕێی چەند کەسێکەوە باوکی کردویەتی بە مامۆستای سەرەتایی لە قەڵادزێ، بەڵام لەوێش بە هۆی کاری سیاسییەوە گوازراوەتەوە بۆ سلێمانی، دواتر بۆ قەمچوغە، لەوێش بە کاری سیاسییەوە خەریک بوە، دوبارە گواستویانەتەوە بۆ سلێمانی.

 

بەڵام لەبەر خراپی موتەسەریفی سلێمانی عیزەدین هەڵهاتوە بۆ شام و عیراقی بەجێهێشتوە، دوبارە لە کۆلێژی ئاداب لە شام درێژەی بە خوێندن داوە و پۆلی ٢-٣ی بەشی عەرەبیی ئادابی تەواو کردوە، هەتا شۆڕشی ١٤ تەموزی ١٩٥٨ گەڕاوەتەوە بۆ بەغدا و لە قۆناغی سێهەمی خانەی مامۆستایان دانراوە. پاشان تەواوی کردوە و هەر لە بەغدا لە بەڕێوەبەرایەتیی خوێندنی کوردی کە یەکەم ساڵ بوە پێکهێنراوە دامەزرێنراوە.

 

لەوسەردەمەدا عەبدولکەریم قاسم کەوتە ناردنی خوێندکار بۆ سۆڤیەت لەسەر ئەرکی دەوڵەت. عیزەدین مستەفا ڕەسوڵیش یەکێکبوە لەو خوێندکارانەی چوەتە سۆڤیەت.

 

دوای تەواوکردنی زمان، لەگەڵ کەمال مەزهەر و نەسرین فەخریدا چوەتە باکۆ، ٢٤/٩/١٩٦٣پلەی دکتورای وەرگرتوە.

 

ساڵی ١٩٦٥ گەڕاوەتەوە بۆ کوردستان و چوەتە شاخ و بوە بە پێشمەرگەی حیزبی شیوعیی عێراق، بەڵام دوای ساڵێک مانەوە لە بارەگای بارزانی، ٢٦/١٢/١٩٦٦بە هەوڵێکی مەلا مستەفای بارزانی بوەتە مامۆستا لە زانکۆی بەغدا و لە بەشی کوردی دامەزرێنراوە.

 

ساڵی ١٩٧٩ چوەتەوە بۆ مۆسکۆ، درێژە بە خوێندن داوە و پلەی دکتۆرا و پڕۆفیسۆری وەرگرتوە.

 

لە ساڵی ١٩٩٢ بوە ئەندام لە یەکەم خولی پەرلەمانی باشوری کوردستان لەسەر لیستی ی. ن. ک.

 

دکتۆر عیزەدین مستەفا یەکێکە لە دامەزرێنەکانی یەکێتیی نوسەرانی کورد، یەکەم بەیاننامەی دامەزراندنی بە قەڵەمی عیزەدین نوسراوە. دەستەی دامەزرێن ١١ کەس بون. ساڵی ١٩٦٩ مۆڵەتیان وەرگرتوە و جەمال بابان کراوە بە سەرۆکی دەستەی دامەزرێن. بەڵام دوای گەڕانەوەی نوسەرانی شاخ پاش بەیاننامەی ١١ی ئازار، ئەم دەستەیە هەڵوەشێندراوەتەوە و لە بەغدا هەڵبژاردن کراوە، د. عیزەدین بە کۆی ٦٣ دەنگ بوەتە سەرۆکی یەکێتیی نوسەرانی کورد.

 

ساڵی ١٩٧٤دا لە هەولێر کۆنگرە گیراوە، لەم کۆنگرەیەدا سەیدا ساڵح یوسفی بوەتە سەرۆک و د. عیزەدین جێگری بوە.نزیکەی (٩٠) کتێبی لە بوارەکانی ئەدب و زمان و بوارە جۆراو جۆرەکانی دیکە نوسیوە و یەکێک بوە لە قەڵەمە دیارەکانی ناو رۆژنامەگەریی کوردی و چەندین گۆشە و ستونی رۆژانە و هەفتانەی لە زۆربەی رۆژنامەکاندا نوسیوە.

 

 

Qadirzada.com ©2009 - 2019. All rights reserved