| ||
|
||
ئاسایشی تەندروستی هەرێمى کوردستان؛لەبەردەم هەڕەشەکانى ڤایرۆسى کۆرۆنادا
سەنتەری لێکۆڵینەوەی ئایندەیی راپۆرتێکی لەبارەی چەند پرسێک لە هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوەو لەبارەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە رایدەگەیەنێت،
بیروڕاکان سەبارەت بە چەمکى ‘ئاسایشى تەندروستى’ هاوڕا نین، بە بڕواى هەندێک، “چەمکێکى سیاسییە” بەو پێیەی ڕەهەندێکى ئاسایشى نیشتمانییە، ئەمەش لەو ڕوانگەیەوە دێت کە (ئاسایشى نیشتمانى) تواناى ڕووبەڕووبونەوەى دەوڵەتە بۆ هەموو هەڕەشە و مەترسییە ناوخۆیی و دەرەکییەکان، بەڵام هەندێکیتر پێیانوایە ‘ئاسایشى تەندروستى’ چەمکێکى مرۆییە، لەو ڕووەوە کە ڕەهەندێکى ئاسایشى مرۆییە، چونکە (ئاسایشى مرۆیى) ئاستێکى گرنگى زامنکردنى مافەکانى مرۆڤە و دەبێت پاراستنى ژیانى مرۆڤ لە هەموو هەڕەشە ناوخۆیى، دەرەکییەکان و دابینکردنى پێداویستییەکانى مانەوەى بەپلەى یەکەم، چەقى سەرجەم سیاسەت و چالاکییەکانى دەوڵەت بێت.
ئەم مشتومڕە تیۆرییە هەرچییەک بێت، ئیستا چەمکى ئاسایشى تەندروستى، یەکێکە لە پێوەرەکانى دەستنیشانکردنى تواناى وڵاتان بۆ دابینکردنى ژیان و ژینگەیەکى تەندروست بۆ هاوڵاتیان، لەگەڵ پێوانەکردنى تواناى وڵاتان بۆ ڕووبەڕووبونەوەى هەموو ئەو مەترسییانەى دەکرێت هەڕەشە لەسەر ژیانى مرۆڤ دروستبکەن، هەر لە نەخۆشییە درێژخایەن و درمەکانەوە تا پیسبوونى ژینگە و کارەساتە سروشتییەکان. پرسیار لێرەدا ئەمەیە: ئایا دۆخى ئاسایشى تەندروستیی هەرێمى کوردستان لە چ ئاستێکدایە؟ هەرێم توانای دابینکردنى ئەم جۆرە ئاسایشەى هەیە؟ بەتایبەت لەم کاتەدا کە ئەگەرى دووچاربوونى بە هەڕەشەیەکى وەک (ڤایرۆسى کۆرۆنا)وە بووەتە ڕاستییەکى حاشا هەڵنەگر.
دۆخى ئاسایشى تەندروستى هەرێمى کوردستان:
بۆ دڵنیابوون لە دۆخى ئاسایشى تەندروستى هەرێم، پێویستە لەوە دڵنیابین کە: ئاخۆ هەرێمى کوردستان خاوەنى سیستەمێکى تەندروستى وایە کە بتوانێت ئاسایشى تەندروستى بۆ هاووڵاتیانى دابین بکات، لەو ڕوانگەیەوە کە “سیستەمى تەندروستى” کۆى ئەو سیاسەت و ئامراز و پێداویستییە مادى و مرۆییانەیە کە وڵاتێک بۆ هێنانەدى ئاسایشى تەندروستى دەیخاتەگەڕ، وەک: داڕشتنى سیاسەتى تەندروستى گونجاو، دابینکردنى دارایى بۆ جێبەجێکردنى سیاسەتەکان، دابینکردنى دەرمان و کەرەستە پزیشکییە پێویستەکان بۆ کاتە ئاسایی و ناکاوەکان، چۆنێتى چاودێریکردنى کواڵیتییان و گەیاندنیان وەک خزمەتگوزارى تەندروستى بە هاوڵاتیان، باش بەڕێوەبردنى دەزگا تەندروستییە حکومى و ئەهلییەکان و چاوێریکردنیان بە پێى پێوەرە جیهانییەکان، بوونى سیستەمێکى زانیاریی و هەواڵگرى تەندروستى نوێ بۆ کۆى پرۆسە تەندروستى و پزیشکییەکان و ئاڵەنگارى و هەڕەشەکان هەر لە ڕووبەڕووبونەوەى نەخۆشییە درمەکانەوە تا کارەساتە سروشتییە لەناکاو و پێشبینی نەکراوەکان و…تاد.
ئەوەى جێى نیگەرانییە سیستەمى تەندروستیی هەرێمى کوردستان بە ڕەچاوکردنى ئەو ڕەگەزانەى سەرەوە، لە ئاستێکى باش‌دا نییە و پێشبینى ئەوەى لێناکرێت بتوانێت بە ڕادەی پێویست پێداویستییەکانى هێنانەدى ئاسایشى تەندروستى بۆ هاوڵاتیانى دابین بکات، ئەمەش بە بەراوردکردنى ئاستی “هەڕەشەکانى سەر ئاسایشى تەندروستیی هەرێم” و “تواناکانى ڕووبەڕووبونەوە”ى ئەو هەڕەشانە دەردەکەوێت.
هەڕەشەکانى سەر ئاسایشى تەندروستیی هەرێمى کوردستان
لەسایەى ئه‌و پێوه‌رانه‌ى كه ڕێكخراوى ته‌ندروستیی جيهانى بۆ گرتنەبەرى سيسته‌مێكى ته‌ندروستى ستاندارد له وڵاتێكى پێشكه‌وتودا دیارییکردوون، دەتوانین ئاماژە بۆ گرنگترينی ئه‌و هه‌ڕه‌شانه بکەین کە دەکرێت له ڕووى ته‌ندروستیی و ژينگه‌وه ڕووبه‌ڕووى هەرێمى كوردستان ببنه‌وه:-
١- توانا مرۆييه‌كان: به‌پێى ئه‌و ژمارانه‌ى به‌رده‌ستن، ئه‌گه‌ر پارێزگاى سلێمانى وه‌ك نمونه وه‌ربگرين، پێويستى به (٢٥,٠٠٠) كارمه‌ند و ستاف و پزيشكى پسپۆر هه‌يه، به تايبه‌ت لە پسپۆڕێتی وورد و ده‌گمه‌ندا، بەڵام لە ئیستادا ژماره‌كه نزيكه له نيوە و ته‌نها (١٣,٠٠٠)ه، به‌شێكى زۆر له‌م ستافەش ئه‌و ستافه نين كه له ڕووى تواناى مرۆيى پزيشكيیه‌وه ڕاهێنرابن تا له كاتى هه‌ڕه‌شه‌كاندا سودييان لێ ببينرێت.
٢- ژێرخانى پزيشكى: به ئه‌ندازه‌يه‌ك کەمووکورتە بە ئاستی زیانەکانی ڕوودانی كاره‌ساتێك، يان بڵاوبوونەوەی پەتایەکی مه‌ترسيداری تەشەنەکەر، به‌راوردکردنی نائومێدکەرە.
٣- ناتوندوتۆڵیی چاودێریی ته‌ندروستى: ئەمەش لە ئەداى ناجۆرى دەزگا تەندروستییە حکومى و ئەهلییەکان و ساغكردنه‌وه‌ى جۆره‌ها ده‌رمانى كواڵێتى خراپ و ئاشكرابوونى چه‌ندين باند و مافياى ده‌رمان و بازرگانیکردنى نادروست بە تەندروستى و ژیانى هاوڵاتیانەوە، وێڕاى پیسى ئاوى خواردنەوە و زیادبوونى سەرچاوەکانى پيسبوونى ژينگه‌ى سروشتى هەرێم، دەردەکەوێت.
٤- نه‌بوون یان لاوازى متمانە: هه‌ڕه‌شه‌يه‌كى مه‌ترسيدارە كه له سێ هۆكاره‌كه‌ى پێشه‌وه سه‌رچاوه‌ى گرتووه و بووەتە هۆى لەناوچوونى ئه‌و پردى په‌يوه‌ندييەى كه ده‌بێت له نێوان هاوڵاتيان و كه‌رتى ته‌ندروستى گشتى و تايبه‌تدا هه‌بێت، لە هەرێمى كوردستان بەشێکی کێشەکە کەمی رێژه‌ى متمانه‌ى هاوڵاتيانە به سيسته‌مى ته‌ندروستى، کە ڕادەی پابەندبوونی بە ڕێنمایی و ئەرکە تەندرووستییەکانی هەر هاوڵاتییەکی هێناوەتە خوارەوە.
٥- له هەرێمى كوردستان ئه‌وه‌ى فەرامۆش کراوە و بره‌وسەندوو نییە و پشتگيرى ناكرێن، سه‌نته‌ره‌كانى توێژينه‌وه‌ى پزيشكی و کیمیاگەری و بایۆلۆجیین، وێڕاى نەبوونى هیچ دامەزراوەیەکى نیشمانى بۆ ڕووبەڕووبونەوەى مەترسییە بایەلۆجییە گواستراوەکان کە بەردەوام هەڕەشەیەکى جیهانین و پێویستە بەردەوام پلان و ئامادەباشى بۆ چاودێرى و ڕوبەڕووبونەوەیان هەبێت، هەموو ئەمانە دامه‌زراوه‌ى گرنگن و دەبێت له‌لايه‌ن حكومه‌ته‌وه دابمەزرێنرێن و پشتگيریی بكرێن، هەروەها دەبێت كه‌رتى تایبه‌ت بۆ گرنگیدان به سه‌نته‌ره‌كانى تويژينه‌وه‌ى پزيشكى و کیمیاگەرى و بایۆلۆجیی هانبدرێت. بەڵام ئه‌وه‌نده‌ى تا ساڵى ٢٠١٣ یاسای بودجه له كوردستان ئامادە دەکرا، هيچ بەشه بودجه‌يه‌ك بۆ ئه‌م سه‌نته‌ر و دامەزراوانه تەرخان نه‌كرا بوو.
٦- وێڕاى ئەو هەڕەشانەى باس کران، چەندین هەڕەشەیتر هەن وەک: نەبوونى هۆشیاریى تەندروستى لاى حکومەت و هاووڵاتیان، تێكه‌ڵاوى سيستمى كه‌رتى تايبه‌ت و گشتى، نه‌بوونى پزيشكى خێزانى و…تاد.
تواناکانى هەرێم بۆ ڕووبەرڕووبونەوەى هەڕەشەکانى سەر ئاسایشى تەندروستى
هه‌ڕه‌شه‌كان له‌سه‌ر ئاسايشى ته‌ندروستى له تواناكان گه‌وره‌ترن، ئه‌وه‌ى پشتى پێ ده‌به‌سترێت، بوونى هه‌ندێك تواناى كه‌سى و پسپۆڕی ده‌گمه‌نە، هه‌روه‌ها خاڵى گرنگ پەیوەستبوونی تۆڕی تەندرووستیی جيهاني به تۆڕى ته‌ندروستیی هه‌رێمى كوردستانەوەیە، خاڵى تر‌ى ئه‌رێنى ئه‌وه‌يه تا ئێستا ژينگه‌ى كوردستان به به‌راورد به ژينگه‌ى وڵاتانی‌تر پاكژتره، کە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە هێشتا كوردستان ژينگه‌ى كاركردنى پيشه‌سازیی بەو ئاستە فراوان نيە.
ئایندەى ئاسایشى تەندروستى هەرێم لەبەردەم هەڕەشەى ڤایرۆسى کۆڕۆنادا
له ڕوانگه‌ى ئه‌وه‌ى هەرێمى كوردستان به پێوه‌رى رێكخراوى ته‌ندروستیی جيهانى، له‌و وڵاتانه‌يه كه سيسته‌مى ته‌ندروستى زۆر لاوازه، بۆيه له‌به‌رده‌م ئه‌م دوو سيناریۆيه‌داين:
١- له‌به‌رئه‌وه‌ى له‌سەرەتاى نزيكبوونه‌وه‌ى هه‌ڕه‌شه‌ى ڤایرۆسەکەدا وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى زوو ڕێكاره‌كانى خۆپارێزى گرته‌به‌ر بەرمەبناى ئەوەى کە هەرێم لەخۆپارێزیدا دەتوانێت کاراتر بێت تا چارەسەر، هه‌روه‌ها به‌گریمانەى لاوازبوونى ڤايرۆسه‌كه لەگەڵ هاتنى وەرزى گەرمادا، دەکرێت پێشبینى ئەوە بکرێت هەرێمى كوردستان بتوانێت تاراده‌يه‌كى باش ئاسايشى هاوڵاتيان بە هاوکاری گۆڕانی ژینگەیی بپارێزێت.
٢- له‌به‌رئه‌وه‌ى ئاماده‌كارييه‌كان له ژێرخانى تەندروستى و کۆنتڕۆڵکردنى په‌يوه‌ندى له‌گه‌ڵ ئه‌و وڵاتانه‌ى سه‌رچاوه‌ى ڤايرۆسه‌كه‌ن به‌تايبه‌ت (ئێران) وه‌كو پێويست نيه، ئه‌گه‌رى هه‌ڕه‌شه‌ى ڤايرۆسى کۆرۆنا فراوان و مەترسیدارە، بۆيه دەکرێت پێشبینى ئەوە بکرێت کە ئه‌م سيسته‌مه ته‌ندروستيیه‌ى هەرێمى كوردستان توانايى ڕووبه‌ڕووبونه‌وه‌ى ئه‌و هه‌ڕه‌شه گه‌وره‌يه‌ى وەک پێویست نيە.
|
||
Qadirzada.com ©2009 - 2020. All rights reserved
| ||