راگەیەندراوێک لە بزوتنەوەی گۆڕانەوە

 

بزوتنەوەی گۆڕان لە راگەیەندراوێکدا، پشتیوانی تەواوی داوا رەواكانی خەڵك دەکات و بەخەمێكی قوڵەوە سەرەخۆشی لە خانەوادەی شەهیدەكانی ئەمڕۆی خۆپیشاندانەكانی شارو شارۆچكەكانی هەرێمی كوردستان دەكات و هیوای زو چاكبونەوە بۆ بریندارەكان دەخوازێت.

 

دەقی راگەیەندراوەکە

 

بۆ/ كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان، رای گشتی

 

پەنا بردن بۆ خۆپیشاندان و ناڕەزایی سەر شەقامی شاروشارۆچكەكانی كوردستان دەرئەنجامی شكستی حوكمڕانی و پاوانخوازی و گەندەڵی و ناعەدالەتی چەند ساڵەی حیزبە دەسەڵاتدارەكانی هەرێمی كوردستانە.

 

بزوتنەوەی گۆڕان وێڕای پشتیوانی تەواوی داواڕەواكانی خەڵك، بەخەمێكی قوڵەوە سەرەخۆشی لە خانەوادەی شەهیدەكانی ئەمڕۆی خۆپیشاندانەكانی شاروشارۆچكەكانی هەرێمی كوردستان دەكات و هیوای زوو چاكبوونەوەش بۆ بریندارەكان دەخوازێت.

 

داواش لە هێزەكانی پێشمەرگەو پۆلیس و ئاساییشی ناوخۆ دەكەین رەوتی هێمنانەی خۆپیشاندانەكان و موڵك و ماڵی گشتی و تایبەت بپارێزن، روی تفەنگ لە خوشك و براكانیان نەكەن و نەبنە هۆی قوڵبونەوەی كێشەكان و بەلارێدابردنی ئامانجی خۆپیشاندەران وپاراستنی سەرو ماڵ و گیانیان لە ئەستۆ بگرن.

 

دووبارە داوا لە هاونیشتیمانیان و خۆپیشاندەران دەكەین بە شێوەی شارستانی و دوور لە توندووتیژی ناڕەزایی دەرببڕن و داواكاریەكانیان بە دەسەڵات بگەیەنن.

 

ئەركی حكومەتی هەرێمی كوردستانیشە كە بەدەنگ داواو خواستی خۆپیشاندەرانەوە بێت و هەنگاوی جدی و كردارەكی بنێـت بۆ جێبەجێكردنی داوا رەواكانی خۆپیشاندەران و چارەسەركردنی قەیرانەكانی هەرێمی كوردستان.

 

بزوتنەوەی گۆڕان

 

١٩/١٢/٢٠١٧

 

Qadirzada.com © 2017. All rights reserved