بۆ رای گشتیی هەرێمی كوردستان‌و جیهان

 

 

 

حوكمڕانیی لەهەرێمی كوردستاندا خەریكە بەئاراستەیەكی تەواو ترسناكتر لەھەموو كاتێك ملدەنێت، بەشێوەیەك تیایدا هیچ ئومێدێك بۆ ژیانێكی كەرامەتمەند‌و ئازاد و مافپەروەر نامێنێتەوە. ئەگەر پێشتر رەخنەی خەڵك زیاتر بەئاراستەی نەهێشتنی گەندەڵی‌و خراپ بەكارھێنانی دەسەڵات بووبێت، ڕەخنە بووبێت لەخراپی باری ئابوریی‌و شێوازی ئیدارەدانی ئەو حوكمڕانانەوە كە لەدوای ڕاپەڕینەوە بەشێوەیەیكی نایاسایی سەروەت‌و سامانێكی بێشوماریان كۆكردوەتەوە، ئەوا ئێستا خەریكە بە بەرچاوی ھەمووانەوە‌و بەبێ ھیچ ھەستكردن بەئیحراجبوونێك و لەڕێگای دامەزراوەی دادوەریی‌و داواكاریی گشتیی‌و بەبیانوی ھەمەجۆرەوە هەوڵی نەهێشتنی تەواوی ماف‌و ئازادییەكان دەدرێت.

 

سیاسەتی حوكمڕانیی لەهەرێمی كوردستاندا بەئاراستەیەكی تەواومەترسییدار هەنگاودەنێت‌‌و خەریكە ئەو پەراوێزە بچوكانەش كە لەبەرچاوی دونیای دەرەوەدا شانازییان پێوەدەكرد بەتەواوی دەسڕێتەوە ‌و وێراندەكات. ئەوەتا دەبینین، رۆژنامەنوسان‌و خەڵكی ناڕازیی لەوەی ھەیە‌و دروستكراوە، یان لەوەی بێدەربەستانە دروستدەكرێت، دەفڕێندرێن‌و دەگیرێن، یان بەشێوەیەكی گاڵتەجاڕانە دەدرێنە دادگا‌و بەناهەق لەزیندان توند دەكرێن. دەسەڵاتدارانی كوردستان جگە لە مۆنۆپۆلكردن‌و بەكارهێنانی سەرجەمی جومگەكانی حوكمڕانیی‌و بێبەهاكردنی دامەزراوە دەستورییەكانی وەكو پەرلەمان‌و دامەزراوەكانی چاودێریی‌و پشكنین‌، زۆرخراپ دامەزراوەی دادوەریی بۆ بێدەنگكردن‌و كپكردنی دەنگە ئازادیخواز‌‌و ناڕازییەكانی هەرێمی كوردستان بەكاردەهێنن.

 

 لە‌وڵاتێكدا كە سیستمێكی حوكمڕانی كەمەكێك تەندروستیی تێدابێت و شتێك لە ڕێزی بۆ مۆرڤ و كۆمەڵگا تێدابێت، دامەزراوەی داوەریی لەژێر كاریگەریی هیچ دەسەڵات‌‌و حیزب‌و خێزان‌و گروپ‌و تاكەكەسێكدا نابێت بەڵام ئەم دامەزراوە لە كوردستان بووە بەموڵكی شەخسیی دەسەڵاتداران‌و بەتەواوی بەتاڵكراوەتەوە لەھەر نوزەیەكی بچوكی سەربەخۆبوون‌. بەزۆر مانا گۆڕاویشە بۆ مەقاشێك بەدەستی‌ دەسەڵاتداران‌‌ەوە و كێیان بوێت لە ڕێگای ئەو دامەزراوەوە و به ”‌یاسا“ باڵبەست‌وسەركوت‌و دەمكوتی دە‌كەن. ئێستا ئیتر یاسا بەبێ ھیچ پەردەیەك ئامرازیی سەپاندنی ئەم مۆدێلە دەسەڵاتگەرەی حوكمڕانییە‌ و بەرەو ئەوە دەچێت جگە لە مەقاشی دەستی دەسەڵاتداران، ئەركێكی تری بۆ نەھێڵدرێتەوە.

 

ئەوەی بۆ ئێمە مەترسییدارە ئەو راستییەیە كە دامەزراوەی داواكاری گشتیی، كە لەبنەڕەتدا دامەزراوەیەكە بۆ چاودێریكردنی ئیشوكارەكانی حكومەت‌و بنبڕكردنی دزی‌و گەندەڵیی، لەئێستادا بووە بەدامەزراوەیەكی ئەهلیی بۆ پاراستنی بەرژەوەندی نوخبەیەكی بچوك لەدەسەڵاتداران‌و حوكمڕانانی هەرێمی كوردستان. ئەم دامەزراوەیە لەبری خستنەڕووی دۆسیەكانی دزی‌ی و گەندەڵی‌و بەهەدەردانی سامانە نیشتیمانییەكان لەهەرێمی كوردستاندا، كەچی بەپاساوی پاراستنی ئاسایشی گشتییەوە‌ هەموو ئەو كەسانە دەداتە دادگا كە ڕەخنەی خراپی ئیدارە‌و خراپ بەكارهێنانی دەسەڵات لەناو ئەم حوكمڕانییە دەكەن. هەرچی ماددەو بڕگە قانونییەكانە كە لەبنەڕەتدا بۆ پاراستنی بەرژەوەندیی گشتی‌و تاك‌و كۆمەڵگایە، دەخرێتە خزمەت كەمینەی دەسەڵاتداران‌‌و پاراستنی بەرژەوەندییەكانیان.

 

 ئێمە وەك ژمارەیەك لەنوسەرو رۆژنامەنوس‌و یاساناس‌و چالاكوانانی مەدەنیی، دەمانەوێت ڕایگشتیی‌و هەموو لایەنە پەیوەندییدارەكان‌و دەزگا نێودەوڵەتییەكانی مافی مرۆڤ لەدەرئەنجامەكانی ئەم دۆخە مەترسییدارە ئاگاداربكەینەوە. دەسەڵاتدارانی هەرێم دۆخێكیان بەرهەمهێناوە تیایدا هەموو بنەماكانی حوكمڕانییەكی عەقڵانیی و دیموكراس ‌و بەهاكانی ئازادیی و بەھای ڕێزگرتن لە مافەكانی مرۆڤیان لەم هەرێمەدا تەواو بێنرخ كردوە‌.

 

 بێدەنگ‌‌و دەستەمۆكردنی دادگا‌و دەسەڵاتی دادوەریی‌‌و پەرلەمانیش زەمینەی دروستكردنی دەسەڵاتدارێتییەكی ستەمگەر‌و پۆلیسیی توندوتیژو ئیھانەكەر بۆ دەسەڵاتداران دەڕەخسێنێت‌‌‌و ئاسۆیەك ناهێڵێتەوە‌ تاك‌و گروپەكانی ئەم كۆمەڵگایە ‌بەئومێدەوەو ئازادانە سەیری بكەن، ھیوای ئەوەیان ھەبێت‌‌ ئازاد بژین ‌و مەترسیی لەسەرزەوتكردنی مافەكانیان ‌و برینداركردنی كەرامەتیان نەبێت.

 

ناڕەزایی دەربڕین بەرامبەر بەم دۆخە تەنها ئێمە لێی بەرپرس نین، بەر لەهەمووان پەرلەمانی كوردستان بەرپرسیاری یەكەمی ئەم دۆخە مەترسیدارەیە كە بەشكڵیش بێت نوێنەرایەتی دەنگدەرانی كوردستان دەكات‌‌و دەسەڵاتی چاودێرە بەسەر حوكمڕانییەكەدا. مەترسییە گەورەكە بۆ كۆمەڵگای ئێمە تەنها بێدەنگیی پەرلەمان نییە، بەڵكو گەیشتنێتی بەو ئاستەی بەھەمان زمانی حوكمڕانەكان قسەبكات‌و بەو ڕێگایەدا بڕۆن كە پێشتر بۆیان دەستنیشانكراوە.

 

دوای پەرلەمانیش، بەرپرسیارێتی هەموو لایەنە سیاسییەكانی دەرەوەی حوكمڕانیی‌و تاك بەتاكی خەڵكی كوردستانە كە پێویستە بەرامبەر بەم دۆخە مەترسییدارە بێدەنگنەبن ‌و بەشێوازی جیاواز ناڕەزایەتیی دەر‌بڕن. بێگومان بەرپرسیارێتیی ڕۆشنبیران‌و نووسەران‌و ھونەرمەندان‌و ئەكادیمییەكان‌و نوخبە جیاوازەكانی تریشە كە بێنە قسە‌و دەنگ ھەڵبڕن، بۆ ئەوەی چیتر رێگە نەدرێت دەسەڵاتی دادوەریی تاكڕەوانە بخرێتە خزمەت هیچ كەس ‌و هێز‌و لایەنێكی دیاریكراوەوە.

 

ئێمە وەك ژمارەیەك لەنوسەر‌و ڕۆشنبیر‌و رۆژنامەنوسانی هەرێمی كوردستان، هەموولایەك، حزب‌و لایەنە سیاسییەكان‌و نوێنەرایەتی ‌وڵاتان‌و رێكخراوە چاودێرە نێودەوڵەتییەكان لەمەترسی خراپی ژیان‌‌و ماف‌و ئازادییەكان لەهەرێمی كوردستاندا ئاگاداردەكەینەوە. ئێمە بەو ڕاستییە وشیارین كە ئامانجی بەگەڕخستنی دەزگای دادوەریی بۆ ئامانجە شەخسیی‌و نوخبەوییەكانی دەسەڵاتدارانی هەرێم، تەنها بێبەهاكردنی یاسا نییە، بەڵكو ستراتیژێكە بۆئەوەی بەتەواوی دەنگی ڕەخنەیی‌و ناڕازیی لەهەرێمی كوردستاندا بنبڕبكات. گەر ئەم ستراتیژەش بەتەواوی سەركەوت، كۆمەڵگایەك دروستدەبێت لەباتی مرۆڤ كۆیلەو لەباتی ماف سوكایەتیی سەروەردەبێت.

 

مەریوان وریا قانیع - نوسەر

ئاراس فەتاح - نوسەر

مەسعود عبدولخالق - نوسەرو رۆژنامەنووس

ئاسۆس هەردی - رۆژنامەنووس

سەردار هەركی - یاساناس

سەرتیپ جەوهەر – رۆژنامەنووس

ئەكرەم خالید عەبدولكەریم (سەید ئەكرەم) - نوسەر

موحسین عوسمان - نوسەرو پەرلەمانتاری پێشووی عێراق

پەروا عەلی - پەرلەمانتاری پێشووی كوردستان

گەشە دارا حەفید - پەرلەمانتاری پێشووی كوردستان

عەبدولكەریم ھەڵەدنی - نوسەر

شوان محەمەد - رۆژنامەنووس

مەكی رەڤەند - چالاكوانی مەدەنی

سەبری سلێڤانەیی - نوسەر

كارزان فازیل - پارێزەر

سەردار محەمەد - رۆژنامەنووس

توانا عەبدولرەحمان - پارێزەر

هەڵشۆ عەبدولفەتاح - چالاكوانی مافی مرۆڤ

 

Qadirzada.com ©2009 - 2020. All rights reserved