ڕاگەیێندراوێك لە بارەگای بارزانییەوە

 

 

ئەمرۆ چوارشەممە ٢٦-٢-٢٠٢٠ باره‌گای بارزانی له‌ باره‌ی هه‌ڵوێستی  بارزانی سه‌باره‌ت به‌ پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكوومه‌تی عێراق، راگه‌یه‌ندراوێكی بڵاوكرده‌وه‌

 

ده‌قی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی بارەگای بارزانی :

 

لەپاش ڕاسپاردنی بەڕێز محەمەد عەللاوی بۆ پێكهێنانی حكوومەتی تازەی عێراق لە چەند میدیایەكی عەرەبی و كوردی وا بڵاو بووەتەوە كە گوایە جەنابی سەرۆك بارزانی لەبەر كێشەی كەسی و دانانی هەندێ كەسی نزیك لە خۆی بۆ وەرگرتنی وەزارەتەكان كێشەی لەگەڵ بەڕێز عەللاوی و پڕۆسەی پێكهێنانی حكوومەتی تازەدا هەیە.

 

لێرەدا بە گشت لایەك ڕادەگەیێنین كە ئەم بابەتە هیچ بنەمایەكی نییە و سەرۆك بارزانی تێبینی لەسەر شێواز و بەرنامەی كاری عەللاوی و میكانیزمی دیاریكردنی كاندیدەكان هەیە بۆ پۆستە وەزارییەكانی حكوومەتی عێراق. ئەو شێواز و میكانیزمە ڕەچاوی ماف و داواكاریی پێكهاتەكان و تایبەتمەندیی هەرێمی كوردستان ناكات و بە دڵنییاییەوە دەبێتە هۆی قووڵتربوونی قەیرانە سیاسییەكانی عێراق.

 

بەلای سەرۆك بارزانییەوە ناوی كەسەكان ئەولەوییەت نییە بەڵكو ئەوەی گرنگە پابەندبوونی هەموو لایەكە بۆ ئەوەی بنەماكانی شەراكەت و هاوسەنگی و تەوافوق لە پڕۆسەی سیاسی و حكوومەتی داهاتوودا ڕەچاو بگیرێت. لەگەڵ ئەوەیشدا هەروەك چۆن هەندێ لایەن بەڕێز عەللاویان بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران كاندید كردووە، هەرێمی كوردستانیش مافی خۆیەتی كاندیدی بۆ پۆستە وەزارییەكان هەبێت و پێویستە ڕێز لەو مافەی هەرێمی كوردستان بگیرێت.

 

بارەگای بارزانی

٢٦-٢-٢٠٢٠

 

 

Qadirzada.com ©2009 - 2020. All rights reserved