ئەنجامنامەی کۆنفرانسی کورد لەپەرلەمانی ئەوروپا ڕاگەیێندرا

 

 

ئەنجامنامەی شانزەیەمین کۆنفرانسی کورد-ی نێودەوڵەتیی لەپەرلەمانی ئەوروپا بڵاو کرایەوە, تێیدا چەندین پێشنیار گەڵاڵە کرا بۆ کۆتایی هێنان بە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک لە ڕۆژئاوا و باشوری کوردستان.

 

دوای دوو ڕۆژ لەبەڕێوەچوونی کۆنفرانسی نێودەوڵەتی کورد لە پەرلەمانی ئەوروپا کە ٥ و ٦ی شوبات لە ژێر ناوی 'یەکێتی ئەوروپا، تورکیا، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کورد' بەڕێوە چوو، دوای وتوێژێکی تێروتەسەر، ئەنجامنامەی کۆنفرانسەکە بڵاو کرایەوە.

 

کۆنفڕانسەکە، کە بە سەرپەرەشتیی کۆمیسیۆنی وڵاتیبوونی یەکێتی ئەوروپا-تورکیا- EUTCCبەڕێوە چوو، لەلایەن هەر یەک لە فراکسیۆنی چەپ و چەپی باکور-سەوز، فراکسیۆنی سەوز، هاوپەیمانی ئازادی ئەوروپا و فراکسیۆنی هاوپەیمانی سۆسیالیست و دیموکرات کە دووەم گەورەترین فراکسیۆنە لەپەرلەمانی ئەوروپا، پشتیوانی لێکرا.

 

هاوکات چەندین کەسی بەناوبانگی جیهانیش پشتیوانی کۆنفرانسەکەیان کرد وەکو: دیسمۆند توگو خاوەنی خەڵاتی ئاشتیی نۆبڵ ،کە بە ڕەچەڵەک خەڵی ئەفریقای باشوورە، شیرین عەبادی پارێزەری مافی مرۆڤی ئێران، جاگیر بیەنجا باڵیۆزی باڵای ئاشتی لە کۆنسەی ئەوروپا و سەرۆکی وەقفی مافی مرۆڤ-ی بیانجا، نوام چۆمسکی بیرمەند و زمانناسی جیهانی و لەیلا زانا خاوەنی خەڵاتی ساخارۆڤ و ئەندام پەرلەمانی پێشووی هەدەپە و چەندین کەسی بەناوبانگی جیهانی.

 

لەئەنجامنامەکەدا، تیشک خرایە سەر بارودۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە گشتی و پەیوەندییەکانی تورکیا و کاریگەری کورد بۆ ئارامی و ئاشتی و بەم شیوەیە باسی لێوە کرا:" کورد لە ڕووی ئارامی، بەدیهێنانی ئاشتی، بابەتی دیموکراسی، ژینگەپارێزی، یەکسانی زایەندیدا ئەکتەرێکی کاریگەرە."

 

هاوکات ئەوەش بەبیر هێنرایەوە کە لەگەڵ ئەو هاوپەیمانییە هەرێمی و ڕێنوێنییە گەردوونییەکانی کورد، لە ناوچەکە کە پڕە لە شەڕ و قەیران، بەرەپێشچوونی نوێی لەگەڵ خۆیدا هێناوە، جەختیش کرایەوە کە پێویستە سەرەتا هاوکارییەکی بەهێزی ئەو هێزە دیمۆکراسیانە بکرێت.

 

لەم چوارچێوەیەدا بانگەوازییەک ئاڕاستەی دەوڵەتانی ئەندام لە یەکێتی ئەوروپا و ڕێکخراوە ئەوروپییەکان و نەتەوە یەکگرتووەکان کرا:

 

١- پێویستە داگیرکەریی تورکیا لەسەر باکوری سوریا و ڕوژئاوا وەکو پێشێلکردنی مافی نێودەوڵەتی تەماشا بکرێت، پێویستە سیاسەتەکانی پاکتاوی نەژادی کە لە ناوچەکە بەڕێوە بران، ئیدانە و شەرمەزار بکرێن و بانگەوازی ئەوە بکرێت کە تورکیا خۆی لە ناوچەکە بکشێنێتەوە.

 

٢- پێویستە بێ دوودڵی بانگ لە تورکیا بکرێت کە کۆتایی بە هێرشە ئاسمانی و داگیرکەرییەکانی بهێنێت لەهەرێمی کوردستانی عیراق کە بنپێکردنی یاساکانی نێودەوڵەتیە.

 

٣- پێویستە ئەندامانی هەدەپە و هەڵبژێردراوەکانی گەل ئازاد بکرێن و ڕێز لە ئەنجامەکانی هەڵبژاردن بگیرێت و هاوسەرۆکانی شارەوانی کە لە ئەرکەکانیان دوور خراونەتەوە، بگەڕێندرێنەوە سەر ئەرکەکانیان و لەم چوارچێوەیەدا بانگەوازییەک ئاڕاستەی تورکیا بکرێت.

 

٤- ڕێگا بەوە نەدرێت کە تورکیا بابەتی کۆچبەران و گروپە جیهادییەکان وەکو هەرەشە لەبەرامبەر یەکێتی ئەوروپا بەکار بهێنێت.

 

٥- بۆ ئەوەی تورکیا ناچار بکرێت گۆشەگیری سەر عەبدولا ئوجالان بە پیی یاسا نێودەوڵەتییەکان بێت، ڕێوشوێنی دبلمۆماسی، سیاسی و یاسایی بگیرێتە بەر، بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کورد بە ڕێگەچارەی سیاسی، فشار لەسەر تورکیا دروست بکرێت و بە زووترین کات ئوجالان ئازاد بکرێت و سەر لەنوێ دەست بە دیالۆگ بکرێت.

 

٦- لەچوارچێوەی بابەتی، پەکەکە ڕێکخستنێکی تیرۆر نییە، پارچەیەکە لە شەڕی چەک، لەسەر بڕیاری دیوانی دادی ئەوروپا و دادگای باڵای بەلجیکا هەر چی ڕێگریی هەیە لەبەردەم کورد و پارتەکانیان، پێویستە لاببرێت و ئەم هەنگاوەش سوود بە چارەسەری بگەیێنێت.

 

سەرچاوە/ ڕۆژنیوز 

 

 

Qadirzada.com ©2009 - 2020. All rights reserved