عەبدوڵا پەشێو, رونكردنەوەیەك بڵاو دەكاتەوە

 

شاعیری گەورەی کورد "پەشێو" رونكردنەوەیەك بڵاودەكاتەوە و رایدەگەیەنێت ئەو هەواڵ و شیعرانەی بەناوی ئەو بڵاو دەكرێتەوە سەرجەمیان درۆیە و ئاشكراشی دەكات تا ئیستا هیچ هەژمارێكی لە تۆڕە كۆمەلایەتیەكان نیە و ناچارە بۆ لەمەودوا هەژمارێك بكاتەوە.

دەقی رونكردنەوەكەی عەبدوڵا پەشێو:

 

ئازیزانم سڵاوتان لێ بێ

 

ساڵانێكی دوور و درێژە ھەندێك لایەن، بە شێوەیەكی ڕێكوپێك، لە ڕێگەی چەند سایتێكەوە، نووسینی ھیچوپووچ بە ناوی من دەووسن و "شیعر"م بۆ دەھۆننەوە، تا كار گەیشتە ئەوەی ھەواڵی كۆچی دواییشم ڕابگەینن!

 

من دەمێكە ئاگاداری ئەو گومانلێكراوانەم، كە دەیانەوێ بەو شتە لاوەكیانە سەرقاڵم بكەن، یان كار بكەنە سەر مۆڕاڵم و لە دۆزی ڕەوای نەتەوەیەكی بەشخوراو و نیشتمانیكی دەستبەسەر دامببڕن. ئەوان بەو ھەواڵانە دەیانەوێ "شنگال" و "تۆفان" و " پیترۆدۆلار "و " میری دزان " و "ماچ " و " قون و كورسی " و " كەركووك " و " دوبەی " و " تەسبێح " و " براكوژی " و چی چی لە یادی خۆشەویستانم بسڕنەوە.

 

ئەوەی لە دایك بێ دەشمرێ. مردن دادپەروەرترین دادوەرە و شەرم لە كەس ناكا، بەڵام، سوپاس بۆ خوا، تەندروستیم لەوپەڕی باشیدایە و ھیچ نەخۆشیەكیشم نییە.

تا ئێستا، بۆ بەدرۆخستنەوەی " ھەواڵی مردن !"، قسەم بۆ ھیچ " میدیا " و " میدیاكار "ێك نەكردووە، كەسیشم ڕانەسپاردووە بە ناوی من قسە بكا و لایك و كۆمێنت كۆكاتەوە. نە سكرتیرم ھەیە، نە وتەبێژ و " كاربەرێخەر "!

 

منەتباری ئەو خۆشەویستانەم لە ھەواڵیان پرسییوم، زۆر سوپاسیان دەكەم، ھیوادارم تاسەر ڕوو لەوان و پشت لە دەسەڵات بم .ئەوانەی بەو فشە ھەواڵە لاوەكیانە گەلێكی پاروودزراوی بندەستی چەتە و مافیا سەرقاڵ دەكەن و خاكفرشی و فەرھوودكاری و تاڵانسالاریش پەدەپۆش دەكەن لە ڕووڕەشی بەلاوە ھیچی تریان پێ نابڕێ.

 

تا ئێستا، ھیچ ئەكاونتێكم لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا نییە، بەڵام، ھەر بۆ داخستنی چەند سایتێكی گێرەشێوێن، لەم ڕۆژانە ماڵۆچكەیەكی خۆم لە فەیسبووك دادەنێم، بۆ ئەوەی چیدی كەس نەتوانێت بە زڕبەرھەم و فشەھەواڵی لاوەكی خۆشەویستان و ئەدەبدۆستان بە لا ڕێدا ببا.

پەشێوی خۆتان

٢٤⁄٨⁄٢٠١٩

 

 

Qadirzada.com ©2009 - 2019. All rights reserved