ژیان له‌سایه‌ی ههژارییو بێ یاسایدا
پی دی ئه ی: زۆرترین پێشێلكاریی مافی مرۆڤ له‌كوردستاندا به‌رامبه‌ر بهمناڵانو ئافره‌تان ئه‌نجامده‌درێت
كۆمه‌ڵه‌ی خه‌ڵك بۆ گه‌شه‌پێدان PDA لهڕاپۆرتێكدا سه‌باره‌ت به‌چاودێری مافه‌كانی منداڵان‌و ئافره‌تان، ئاماژه به‌وه ده‌كات كه سه‌دان راپۆرتیان ده‌رباره‌ی پێشێلكاریی مافه‌كانی منداڵان‌و ژنان له‌سنووری كارگێڕیی هه‌ردوو پارێزگای هه‌ولێرو سلێمانیدا ئاماده كردووه، كوشتنی ژنان، سووتان، خه‌ته‌نه‌كردن، ده‌ستدرێژیی سێكسی‌و لاقهكردنو توندوتیژیی، بێبه‌شبونیان له‌خوێندن، له‌ڕیزی پێشه‌وه‌ی ئه‌و پێشێلكارییانهدان كه به‌رامبه‌ر به‌مافه‌كانی ئافره‌تان ئه‌نجامده‌درێن.
له‌م راپۆرته‌دا هاتووه "په‌رله‌مانی كوردستان تا ئێستا نه‌یتوانیوه یاسایه‌كی تایبه‌ت به‌توندوتیژیی خێزانیی له‌هه‌رێمی كوردستان ده‌ربكات كه كاریگه‌ریی له‌سه‌ر كه‌مكردنه‌وه‌ی توندوتیژییه‌كان دابنێت‌و سزای گونجاویش بۆ تاوانباران دیاری بكات".
هه‌روه‌ها هاتووه "له‌ناو زۆربه‌ی خێزانه‌كاندا، جیاكاری له‌سه‌ر بنه‌مای ره‌گه‌ز له‌نێوان كچان‌و كوڕان یان ژنان‌و پیاواندا په‌یڕه‌و ده‌كرێت، به‌م هۆیه‌شه‌وه له‌زۆر باردا ره‌گه‌زی مێ به‌ره‌گه‌زی دووه‌م داده‌نرێت له‌ڕووی دهسهڵاتو جێكه‌وتی كۆمه‌ڵایه‌تی‌و كولتوری‌و سیاسی‌و ئابوریی‌و ئایینی‌و ژیارییو خوێندن‌و فێركردنه‌وه".
هه‌روه‌ها ئاماژه به‌وه‌ش ده‌كات "تا ئه‌مڕۆش به‌شێكی زۆر له‌كچان‌و ژنان خاوه‌ن ئازادی بیروڕاو هه‌ڵبژاردن‌و بڕیاردان نین، ته‌نانه‌ت لهتایبهتترین مه‌سه‌له‌شدا وه‌ك ههڵبژاردجنی هاوسه‌ریی ژیان‌و شێوه‌ی جلوبهرگو خوێندن‌و كاركردن‌و له‌ماڵ دهرچوونو كات به‌سه‌ربردن".
راپۆرته‌كه باس له‌وه ده‌كات "تا ئێستاش ژنان‌و كچان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی پێیده‌وترێت لهكهداركردنو شكاندنی شكۆی بنه‌ماڵه‌و شه‌ره‌فی خێزانه‌كانیان رووبه‌ڕووی كوشتن‌و خنكاندنو شوێن بزركردن ده‌بنه‌وه".
ئه‌فسه‌رێك له‌بنكه‌یه‌كی پۆلیسی ناو شاری هه‌ولێر باس له‌وه ده‌كات "ئێستا به‌شێك له‌و خێزانانه‌ی كچه‌كانیان یان ژنه‌كانیان به‌ناوی ناموسپه‌رستییه‌وه ده‌كوژن هه‌ر خۆیان لاشه‌كه‌ی له‌شوێنێكی دوور فڕێ دهدهنو دواتر دێن پۆلیس ئاگادار ده‌كه‌نه‌وه گوایه كچه‌كانیان یان ژنه‌كه‌یان له‌ماڵ رۆیشتووه‌و دیار نه‌ماوه. كه‌چی دوای لێكۆڵینه‌وه‌كان ده‌رده‌كه‌وێت كه خۆیان ده‌ستیان هه‌یه لهكوشتنیان".
هاوكات "به‌كارهێنانی توندوتیژیی دژ به‌ئافره‌تان له‌سه‌ر بنه‌مای جیاكاریی رهگهزییو جێكه‌وتی كۆمه‌ڵایه‌تی ئافره‌ت له‌ناو خێزان‌و به‌كه‌م سهیركردنیانو شكاندنی شكۆ‌و كه‌سایه‌تییان، بارێكی ده‌روونی خراپی بۆ ئه‌و ئافره‌تانه دروستكردووه، بۆیه به‌شێك لهژنانو كچان ئاگر له‌جه‌سته‌ی خۆیان بهردهدهنو خۆیان ده‌سوتێنن".
به‌پێی ئامارێكی بانكی زانیاریی مافی مرۆڤ، له‌ماوه‌ی نۆ مانگی یه‌كه‌می ساڵی 2009، له‌هه‌ر سێ پارێزگای هه‌رێمی كوردستان 125 رووداوی سوتانی ژنان تۆمار كراوه كه 56 ئافره‌ت لهههولێرو 64 ئافره‌ت لهسلێمانیو 5 ئافره‌ت له‌دهۆك بووه.
سه‌باره‌ت بهخهتهنهكردنیش، راپۆرته‌كه ئاماژه به‌وه ده‌كات "سه‌ڕه‌رای راگه‌یاندنه فه‌رمییه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، هه‌بوونی سهدانو هه‌زاران كه‌یس ئه‌وه ده‌سه‌لمێنن كه خه‌ته‌نه‌ی كچان‌و ژنان به‌ڕێژه‌یه‌كی زۆر‌و به‌شێوه‌یه‌كی به‌ربڵاو له‌زۆربه‌ی هه‌ره زۆری ناوچه‌كانی هه‌رێمی كوردستان تا ئێستاش ئه‌نجام ده‌درێت، كه له‌هه‌ندێ ناوچه‌دا خه‌ته‌نه‌كردنی كچان به‌شێوه‌یه‌كی رێكخراو‌و به‌كۆمه‌ڵ له‌وه‌رزی به‌هاراندا ئه‌نجام ده‌درێت.
راپۆرته‌كه باس له‌وه‌ش ده‌كات كه "له‌ناوچه جیاوازه‌كانی هه‌رێمی كوردستان ئافرهتانو ژنان رووبه‌ڕووی ده‌ستدرێژی سێكسی‌و ده‌ست بۆبردنو هه‌ندێكجاریش لاقه‌كردن ده‌بنه‌وه".
هه‌روه‌ها له‌م راپۆرته‌دا ئاماژه به‌وه كراوه كه ژنان رێژه‌ی هه‌ره زۆری هه‌ژارو نه‌خوێنده‌واران پێكده‌هێنن له‌هه‌رێمی كوردستاندا.
به‌پێی ئه‌و ئامار‌و رووماڵكردنهی ئه‌م رێكخراوه كردووییهتی له‌هه‌ردوو پارێزگای سلێمانی‌و هه‌ولێردا، جگه له‌وه‌ش زۆرجار مافی هاوسه‌رگیرییان پێڕه‌وا نابینرێ‌و "لێدان‌و ئه‌شكه‌نجه‌و هه‌ڕه‌شه‌و سوكایه‌تی پێكردنو به‌كارهێنانی ده‌سته‌واژه‌ی نابهجێو بێبهشكردنو ئازاردانی ده‌رونی، له‌و شێوه توندوتیژییانه‌ی ترن كه رۆژانه كچان‌و ژنانی هه‌رێمی كوردستان به‌شێوازی جۆراوجۆر رووبه‌ڕووی ده‌بنه‌وه".
جێی ئاماژه‌یه، كۆمه‌ڵه‌ی خه‌ڵك بۆ گه‌شه‌پێدان PDA كۆمه‌ڵه‌یه‌كی مه‌ده‌نی سه‌ربه‌خۆیه‌و ساڵی 2004 له‌چوارچێوه‌ی خۆماڵیكردنی به‌رنامه‌كانی گه‌شه‌پێدانی كۆمه‌ڵ لهڕێكخراوی NPA دامه‌زراوه‌و یه‌كێك له‌پڕۆژه‌و كاره‌كانی چاودێریكردنی ره‌وشی مافه‌كانی مرۆڤه له‌هه‌رێمی كوردستاندا.
AWENA
|