یه‌كگرتو داوای‌ جێبه‌جێكردنی سیسته‌می لامه‌ركه‌زی پارێزگاكان ده‌كات

 

 

ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی یه‌كگرتوی ئیسلامی كوردستان داوای‌ جێبه‌جێكردنی سیسته‌می لامه‌ركه‌زی پارێزگاكان ده‌كات.

 

 

 

دەقی راگەیێندراوەکەی یەکگرتووی ئیسلامی

 

بــــــــســـــم الله الرحــــمــــن الــــــرحــــــیم

 

رۆژی پێنجشه‌ممه‌ ١٤/٥/٢٠٢٠ به‌رانبه‌ر به‌ ٢١/ ره‌مه‌زانی ١٤٤١ كۆچی ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان كۆبوونه‌وه‌ی ئاسایی خۆی گرێدا به‌ سه‌رۆكایه‌تی به‌رێز د. هادی عه‌لی سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی و به‌ ئاماده‌بوونی به‌رێز مامۆستا سه‌لاحه‌دین محه‌ممه‌د به‌هائه‌دین ئه‌مینداری گشتی یه‌كگرتوو .

 

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا وێڕای ته‌واوكردنی پێداویستییه‌كانی ناوخۆی حیزب په‌یوه‌ست به‌ كۆنگره‌ كه‌ به‌هۆی په‌تای كۆرۆناوه‌ دواخرابوو، دوای ئه‌وه‌ كۆبوونه‌وه‌ تیشكی خسته‌سه‌ر بارودۆخی سیاسی هه‌رێم و عێراق به‌ گشتی، به‌تایبه‌تی ئه‌و قه‌یران و كێشه‌ و مه‌ترسیانه‌ی روویكردووەته‌ ئه‌م هه‌رێمه‌ به‌هۆی ململانێ و سیاسه‌تی نادروستی لایه‌نه‌كانی ده‌سه‌ڵات و ئیداره‌ی خراپ و گه‌نده‌ڵی بێ سنوور، كه‌ به‌هۆیه‌وه‌ باری گوزه‌ران و بژێوی خه‌ڵكی كوردستان چووەته‌ دۆخێكی زۆر دژوار و ناهه‌مواره‌وه‌.

 

له‌و باره‌یه‌وه‌ كۆبوونه‌وه‌ داوایكرد كه‌ حكومه‌تی هه‌رێم هه‌رچی زووتره‌ ده‌ستوبرد بكات له‌ ئه‌نجامدانی چاكسازی ریشه‌یی و چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ و قه‌یرانه‌كان و گێڕانه‌وه‌ی متمانه‌ و شكۆ بۆ ده‌زگا نیشتمانییه‌كان و دابه‌شكردنی سامانی گشتی به‌سه‌ر تێكڕای هاووڵاتیان و ناوچه‌كانی هه‌رێمی كوردستاندا.. له‌و پێناوه‌دا كۆبوونه‌وه‌ جه‌ختیكرده‌وه‌ له‌سه‌ر ئه‌م چه‌ند خاڵه‌ سه‌ره‌كییه‌ی خواره‌وه‌ :

 

١- دابینكردنی داهاتی پێویست بۆ دابه‌شكردنی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران و مووچه‌خۆرانی كوردستان به‌رێكوپێكی و له‌كاتی خۆیدا و دوانه‌خستنی له‌ژێر هیچ پاساو و بیانوێكدا و چاره‌سه‌ركردنی یه‌كجاره‌كی ئه‌م پرسه‌ حه‌یاتیه‌ گرنگه‌ی خه‌ڵكی كوردستان.

 

٢- جێبه‌جێكردنی سیسته‌می لامه‌ركه‌زی پارێزگاكان له‌ بواری ئیداری و دارایی دا به‌مه‌به‌ستی پێدانی رۆڵی باشتر به‌ ئه‌نجوومه‌نی پارێزگاكان و شۆڕكردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌كان به‌دوور له‌ مه‌ترسییه‌كانی دوو ئیداره‌یی و لێكترازان و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ده‌زگا نیشتمانی و ده‌ستوورییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان.

 

٣- چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ و گرفته‌كانی نێوان حكومه‌تی هه‌رێم و حكومه‌تی عێراقی فیدراڵ په‌یوه‌ست به‌ دۆسیه‌ی نه‌وت و بودجه ‌و شایسته‌ دارایی و نه‌وتییه‌كانی نێوان هه‌ردوولا به‌ شێوه‌یه‌كی بنه‌ڕه‌تی له‌سه‌ر بنه‌مای مافه‌ ده‌ستووریه‌كانی هه‌رێمی كوردستان.

 

له‌ كۆتاییدا كۆبوونه‌وه‌ هیوای خواست خوای گه‌وره‌ و به‌به‌زه‌یی به‌ به‌ره‌كه‌تی ئه‌م مانگی ره‌مه‌زانه‌ پیرۆزه‌ هه‌موو كێشه‌ و نه‌هامه‌تیه‌كان له‌سه‌ر خه‌ڵكی جیهان به‌ گشتی و كوردستان به‌تایبه‌تی دووربخاته‌وه‌ و كۆتایی به‌ مه‌ترسیه‌كانی په‌تای كۆرۆنا بێت و ئاسوده‌یی و به‌خته‌وه‌ری بگه‌رێته‌وه‌ بۆ سه‌رجه‌م مرۆڤایه‌تی .

 

ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تی

یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان

 

 

Qadirzada.com ©2009 - 2020. All rights reserved