| ||
|
||
به‌لاغی كۆتایی كۆبونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی یه‌كگرتووی ئیسلامی
نووسینگه‌ی راگه‌یاندنی سه‌ڵاحه‌دین به‌هادین ئه‌مینداری گشتی یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان به‌لاغی كۆتایی كۆبونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستانی بڵاوكرده‌وه.
ده‌قی به‌لاغه‌كە بەم شیوەیە: ڕۆژانی شه‌ممه‌و یه‌ك شه‌ممه ٢٣و٢٤/١٢/٢٠١٧ ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان به ئاماده‌بوونی به‌ڕێز مامۆستا سه‌لاحه‌دین محه‌مه‌د به‌هائه‌دین ئه‌مینداری گشتی و به سه‌رپه‌رشتی به‌ڕێز م. سعید علی عه‌بۆ سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌ن و ئاماده‌بوونی سه‌رجه‌م ئه‌ندامان و به‌رپرسی مه‌ڵبه‌نده‌كان كۆبوونه‌وه‌یه‌كی نائاسایی گرێدا.
له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا باوردۆخی سیاسی و قه‌یرانی دارایی و كاریگه‌ریه‌كانی له سه‌ر ناوخۆی هه‌رێمی كوردستان به گشتی و باری ژیان و گوزه‌رانی مامۆستایان و مووچه‌خۆران و نیگه‌رانی و ناره‌زایه‌تیه‌كانی شه‌قامی به تایبه‌تی تاوتوێكرد، هه‌روه‌ك ئه‌رك و به‌رپرسیارێتی حكومه‌تی له‌و باره‌وه خسته‌به‌ر باس و گفوگۆو دیدو هه‌ڵوێستی یه‌كگرتووی ئیسلامیی كوردستانی له سه‌ر ئه‌م پرسه له‌م چه‌ند خاڵه‌ی خواره‌وه‌دا خسته‌ڕوو:
یه‌كه‌م: كۆبوونه‌وه داوا ده‌كات لیژنه‌یه‌ك له په‌رله‌مانی كوردستان پێكبهێنرێت بۆ به‌دواداچوون و لێپێچینه‌وه له رووداوه‌كانی چه‌ند رۆژی رابردوو له شار‌و شارۆچكه‌كانی كوردستان كه به داخه‌وه ڕه‌وتی مه‌ده‌نی و ئاشتیانه‌ی ناڕه‌زایه‌تیه‌كان به لارێ‌دا براو چه‌ندین رووداو و كاره‌ساتی نه‌خوازراو و دڵًته‌زێنی لێ كه‌وته‌وه..
ئه‌م لیژنه‌یه كاری جیدی بكات بۆ ئازاد كردنی به په‌له‌ی ده‌ستگیركراوه بێتاوانه‌كان و ئاشكراكردنی ئه‌و ده‌ست و كه‌سانه‌ی ئاڕاسته‌ی خۆپیشانده‌ره‌كانی به‌ره‌و توندوتیژی بردوو لێپێچینه‌وه‌یان به پێی یاسا‌و له لایه‌ن دادگاوه له‌گه‌ڵ بكرێ... هه‌روه‌ك كۆبوونه‌وه داوا ده‌كات حكومه‌ت به خێرایی وه‌ڵامی داوا ڕه‌واكانی خۆپیشانده‌ران بداته‌وه به دابین كردنی موچه له كاتی خۆیدا و باشكردنی باری بژێوی و خزمه‌تگوزراریه‌كان به گشتی.
هه‌ر له‌و میانه‌دا كۆبوونه‌وه داوا ده‌كات كه حاڵه‌تی به سه‌ربازیكردنی شاره‌كان كۆتایی پێ بهێنرێ، چونكه رێگا چاره‌ی ئه‌منی دۆخه‌كه ئاڵۆزتر ده‌كات هه‌روه‌ها هه‌ر جۆره بێده‌نگ كردنێكی میدیای ئازادی له ده‌ره‌وه‌ی یاسا ڕه‌ت كرده‌وه.
دووه‌م: سه‌باره‌ت به هه‌ڵوێستی یه‌كگرتووی ئیسلامیی كوردستان له پرسی كشانه‌وه‌ی له حكومه‌ت، كۆبوونه‌وه به پێویستی زانی له‌و باره‌یه‌وه یه‌كگرتوو هه‌ڵوێست له به‌رژه‌وه‌ندی باشكردنی بژێوی هاووڵاتیان وه‌ربگرێ و بیبه‌ستێته‌وه به‌و مه‌سه‌له‌یه‌وه..
بۆیه بڕیاریدا سه‌قفێكی زه‌مه‌نی دیاریكراو تا ١٥/١/٢٠١٨ وه‌ك مۆڵه‌تێك بدات به حكومه‌ت و له‌و ماوه‌یه‌دا شاندێكی یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان یاداشتنامه‌یه‌ك له باره‌ی داخوازیه‌كانی خه‌ڵك و هاوڵاتیان بدات به حكومه‌ت و داوای لێ بكات كه به زووترین كات بریاری جدی بۆ جێ به جێ كردنیان بدات..
له حاڵه‌تی به ده‌مه‌وه نه‌هاتنی حكومه‌ت له‌و باره‌یه‌وه و دوای ته‌واو بوونی مۆڵه‌ته‌كه یه‌كگرتووی ئیسلامیی كوردستان بریاری یه‌كلاكه‌ره‌وه ده‌دات.
هه‌ر به‌م بۆنه‌یه‌وه كۆبوونه‌وه پرسه‌و سه‌ره‌خۆشی خۆی ئاڕاسته‌ی خانه‌واده‌و كه‌س و كاری قوربانیانی خۆپیشاندانه‌كانی چه‌ند رۆژی رابردوو ده‌كات و دوعای شیفاو چاكبوونه‌وه بۆ برینداره‌كان له خوا ده‌خوازێت...
له كۆتایی دا كۆبوونه‌وه شه‌ونخونی و ماندووبوون و هه‌ڵسوكه‌وتی مه‌ده‌نیانه‌و ئاشتیخوزانه‌و خۆڕاگری رێكخستنه‌كانی یه‌كگرتووی ئیسلامیی كوردستان له به‌رانبه‌ر په‌لامار و هه‌ڵكوتانه سه‌ر باره‌گاكانی یه‌كگرتووی به‌رز نرخاند‌و هیوایخاوست ئه‌م ره‌فتارو ره‌وشته به‌رزه‌ی رێكخستنه‌كانی یه‌كگرتوو ببێته كلتوری كۆمه‌ڵگه‌ی كوردستانی و نه‌ریتی نه‌خوازراوی توندوتیژی هه‌ڵكوتانه سه‌ر باره‌گا حزبیه‌كان و دام و ده‌زگا گشتیه‌كان كۆتایی پێ بهێنرێت.
ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی یه‌كگرتووی ئیسلامیی كوردستان ٢٤/١٢/٢٠١٧
|
||
Qadirzada.com © 2017. All rights reserved
|
||