یەرەکە شەهیدبوونی سێ گەریلای لە چیای ئاسۆس لە سنووری شارباژێڕ ڕاگەیاند

 

یەکینەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان- یەرەکە، ڕاگەیەندراوێکی سەبارەت بە هێرشی هاوبەشی ئێران و تورکیا بۆ سەر چیای ئاسۆس بڵاوکردەوەو، تێیدا ناسنامەی سێ شەهیدی ئاشکراکرد و، بەڵێنیدا کە تۆڵەی خوێنی ئەو شەهیدانە بکاتەوە.

 

ئەمڕۆ بە ڕاگەیەندراوێک یەرەکە هێرشە هاوبەشە ئاسمانییەکەی ئێران و تورکیای بۆ سەر چیای ئاسۆس، کە دەکەوێتە دەڤەری شارباژێڕەوەو سەربە شارۆچکەی ماوەتی پارێزگای سلێمانییە، پشتڕاستکردەوە،کە لە شەوی ٢٧ی نۆڤەمبەردا ئەنجامدرابوو.

 

 دەقی ڕاگەیەندراوەکە:

 

گۆڕانکاری و رووداوەکان لە ناوچەکە لە سەر بنەمای تێكۆشانی تەڤگەری ئاپۆیی، رۆژهەڵاتی ناوین بەرەو ئازادی، دیموکراسی و یەکسانی هان دەدات، ئەو گٶڕانکارییانە گەلی کوردی بەرەو یەکێتی بردووە، هێزو ئیرادەکە تا دەچێت بەرفراوانتر دەبێت، بەهیوای ئەوەی گەلان بەرەو رزگاری ببات، دەوڵەتانی فاشیستی تورکیا و ئێران وێڕای هەموو سیاسەتەکانی نکۆڵی، نەک تەنیا ناتوانن کوردان لە ناو ببەن، بەڵکو لە ئێستادا خویان بەرەو دۆخێکی قەیراناویی چوون،

گەلی کورد هەنووکە سەرقاڵی بوونیادنانی کۆڵەکەکانی نەتەوەی دیموکراتین لە ناوچەکەدا، ئەو مودێلە لەلایەن گەلانی ناوچەکەوە پێشوازیی لێدەکرێت و وێڕای جیاوازییەکان دەتوانێت ببێتە مودێلێکی پێکەوەژیان و یەکترقبووڵکردن لە دۆخی قەیراناویی رۆژهەڵاتی ناوەراستدا، ئێران و تورکیا بۆ ئەوەی ئەو مودێلە بەپێشەنگی کورد سەر نەکەوێت، بە هەموو هێزەوە هێرش دەکەنە سەر کوردان و هەموو جۆرە کردەوەیەکی ناو مرۆیانە ئەنجام دەدەن.

 

لە ٢٧ نۆڤەمبەر، هاوکات بە چلەمین ساڵیادی دامەزراندنی پارتی کرێکارانی کوردستان- پەکەکە، ناوچەی ئاسۆسی سەر بە قەزای ماوەت لە باشوری کوردستان کرایە ئامانجی هێرشە ئاسمانییەکانی دەوڵەتی تورک، لەو هێرشەدا دە خاڵی سەرەکی ئەو چیایە بە سەختی بوردومان کرا و خەساری زۆر بەر ڕەز و باخ گوندنیشیان کەوت، لەو هێرشە دا تیمێکی گەریلا کە بەشێوەی گەرۆک لە ناوچکە دا بوون شەهید بوون، ناسنامەکانیان بەم شێوەیە یە:

 

موحسن سەید ئیبراهیم، ناسراو بە ژیروان مەهاباد، لە دایکبوونی ساڵی ١٩٦٩ ی شاری مەهاباد.

ئەحمەد حەبەش، ناسراو بە دەلیل رەشید لە دایکبووی ساڵی ١٩٨٠ی شاری عەفرین.

سالار سۆفی، ناسراو بە سەربەست دڵنیا، لە دایکبووی ساڵی ١٩٩٣ لە سنە.

 

لە ئەنجامی پیلانی نیگریسی نێوان ئێران و تورکیا ئەو سێ هەڤاڵەمان گیانیان بەخت کردەوەو چوونەتە کاراوانی شەهیدانەوە، ئێمە وەک یەرەکە وێڕای سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری ئەو شەهیدانە و تەواوی گەلی کورد، جارێکی دیکە بەڵێنمان لەگەڵ شەهیدانی ئازادی دووپات دەکەینەوە، وێڕای بەرزراگرتنی یادیان، رادەگەینین، کە توڵەیان دەکەینەوە و ناهێڵین خوێنیان بە فیڕۆ بچێت.

 

 

Qadirzada.com © 2017. All rights reserved