ئەنفالکراوەکانی خورماتوو، جارێکی تر ئەنفال کرانەوە

به‌رپرسی به‌شی كاروبارى مرۆیی له‌ ئیداره‌ى گه‌رمیان ڕاى ده‌گه‌یه‌نێت، ئه‌وه‌ى له‌ خورماتوو ڕووی دا ئه‌نفالێكى بچووكه‌ و جارێكی تر كورد له‌سه‌ر خاكى خۆى ئاواره‌ بووه‌ته‌وه‌، ئاشكراشی ده‌كات ئێستا دوو گرووپ پێكهێنراون بۆ دۆكیۆمێنتكردنى ئه‌و تاوانانه‌ى له‌و شارەدا به‌رامبه‌ر به‌ كورد ئه‌نجام دراون.

 

 

بێستون ژاڵه‌یی، به‌رپرسی به‌شی كاروبارى مرۆیی له‌ ئیداره‌ى گه‌رمیان، ڕایگه‌یاند:

"له‌ كۆى 7 هه‌زار خێزان دانیشتووى شارۆچكه‌ى خورماتوو كه‌ ئاواره‌ بوون، زیاتر له‌ 5 هه‌زاریان له‌ سنوورى ئیداره‌ى گه‌رمیان نیشته‌جێ بوون، له‌و ژماره‌یه‌ش 1470 خێزان له‌ شاره‌دێى نه‌وجوول و 294 خێزان له‌ شاره‌دێی سه‌رقه‌ڵا، كه‌ 55 خێزانیان به‌ ده‌ره‌وه‌ن و شوێنى مانه‌وه‌یان نییه‌، 986 خێزان له‌ قه‌زاى كفرى و 113 خێزان له‌ شاره‌دێی كۆكس كه‌ 25 خێزانیان دانیشتووى شاره‌دێی گوڵاڵه‌ن و 765 خێزان له‌ كه‌لار و 140 خێزان له‌ كه‌مپی تازه‌دێ و 1400 خێزان له‌ شاره‌دێی ڕزگاری، به‌هۆى جووڵه‌ى سوپاى عێراقیشه‌وه‌ 125 خێزانى دیكه‌ى گوندى شێخ باوه‌ و سنوورى شاره‌دێی كۆكس ئاواره‌ى كه‌لار بوون.

 

له‌ ساتى ده‌ستپێكردنى ڕووداوه‌كه‌وه‌ له‌ ئیداره‌ى گه‌رمیان ژوورێكى عه‌مه‌لیات له‌ به‌رپرسانى ئیدارى و لایه‌نى په‌یوه‌ندیدار پێكهێنراوه‌ و كار له‌سه‌ر ڕێكخستنى كاروبارى ئاواره‌كان ده‌كه‌ن، له‌ قۆناغى یه‌كه‌مدا مه‌به‌ستمانه‌ هیچ خێزانێك نه‌مێنێ به‌ده‌ره‌وه‌ بێت بۆ ئه‌وه‌ش له‌ كه‌مپی تازه‌دێ شوێنمان هه‌یه‌ بۆ هه‌ر خێزانێك بیه‌وێت له‌وێ نیشته‌جێ بێت، ئه‌وانه‌ش كه‌ ده‌یانه‌وێت له‌پاڵ گوندنشینه‌كاندا بمێننه‌وه‌ له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تى كۆچ و كۆچبه‌رانى عێراقه‌وه‌ خێوه‌ت دابین كراوه‌ و ده‌یاندرێتێ تا ئه‌وكاته‌ى كه‌مپێكیان له‌ شاره‌دێی نه‌وجوول بۆ دروست ده‌كرێت، ئه‌وه‌ى ماوه‌ بڕیارى له‌باره‌وه‌ ده‌رچێ و ده‌ست بكرێت به‌ كاركردن تێیدا.

 

هه‌ندێ له‌ ڕێكخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تى و لۆكاڵییه‌كان و وه‌زاره‌تى كۆچ و كۆچبه‌رانى عێراق كاریان كردووه‌، به‌ڵام پێویسته‌ هاوكارییه‌كان هیچ نه‌بێت مانگى جارێك دووباره‌ بێته‌وه‌، له‌لایه‌ن كه‌سایه‌تى و خۆبه‌خش و كه‌سانی تریشه‌وه‌ هه‌ڵمه‌تى باش كراوه‌ و كاریگه‌رییان هه‌بووه‌، به‌ڵام پێویستیان به‌ ڕێكخستن هه‌یه‌ و ئێستا چه‌ند كۆگایه‌كمان دابین كردووه‌ تا هه‌موو هاوكارییه‌كانى تێدا كۆ بكرێته‌وه‌ و به‌شێوه‌یه‌كى ڕێكخراو به‌سه‌ر ئاواره‌كاندا دابه‌ش بكرێت".

 

به‌پێى دوایین ئامار كه‌ به‌ ئێمه‌ دراوه‌، له‌ شارۆچكه‌ى خورماتوو زیاتر له‌ 150 ماڵى كورد سووتێنراون و 50 خانوو ته‌قێنراونه‌ته‌وه‌ و هه‌رچی كارگه‌ى بلۆك و ڕێستۆرانت و كۆمه‌ڵگه‌ى بازرگانیى كورد هه‌یه‌ تاڵان كراوه‌ و سووتێنراوه‌، هه‌رچی محاویله‌ى كاره‌باى گه‌ڕه‌كه‌ كوردنشینه‌كان هه‌یه‌ ته‌قێنراوه‌ته‌وه‌ و مۆلیده‌ ئه‌هلییه‌كانیش تاڵان كراون، هاووڵاتیى مه‌ده‌نى كوژراوه‌ و حاڵه‌تى ده‌ستدرێژیى سێكسییش ڕووی داوه‌.

یه‌كێك له‌ خه‌وش و ناته‌واوییه‌كانى مامه‌ڵه‌ى كورد له‌گه‌ڵ تاوانى ئه‌نفالدا، دۆكیۆمێنت نه‌كردنى تاوانه‌كه‌ بووه‌، به‌ ڕاى من ئه‌وه‌ش كه‌ له‌ خورماتوو ڕووی دا ئه‌نفالێكى بچووكه‌، بۆیه‌ پێشنیارم كرد ده‌ستبه‌جێ ده‌ست بكرێت به‌ دۆكیۆمێنتكردنى هه‌موو ئه‌و تاوانانه‌ى له‌و شارۆچكه‌یه‌ ڕوویان داوه‌ به‌شێوه‌ى وێنه‌ و ڤیدیۆ و پۆست و هه‌واڵ و داتا و شایه‌تحاڵ و هه‌موو شوێنه‌واره‌كانى تاوانه‌كان بخرێنه‌ سه‌ر زمانى ناوه‌نده‌ جیهانییه‌كان، بۆ ئه‌وه‌ش 2 گرووپ له‌ سلێمانى و هه‌ولێر پێكهێنراون و لینكێكى په‌یوه‌ندیشمان له‌نێوان به‌رپرسانى ئیداریى قەزاكه‌ و پسپۆرانى ڕێكخراوه‌ نێوده‌ڵه‌تییه‌كان پێكهێناوه‌، داوا له‌ هه‌موو ئه‌و كه‌سانه‌ش ده‌كه‌ین كه‌ سه‌روكاریان له‌م بواره‌دا هه‌یه‌ هاوكارمان بن تا ئه‌م تاوانانه‌ دۆكیۆمێنت بكه‌ین.

له‌به‌رئه‌وه‌ى دانیشتووانى خورماتوو ڕووبه‌ڕووى شه‌پۆلێكى گه‌وره‌ى كاولكارى و له‌ناوبردن بوونه‌ته‌وه‌ له‌لایه‌ن حه‌شدى شه‌عبیی و توركمانه‌كانى شارۆچكه‌كه‌وه‌، له‌ ڕووى ده‌روونییه‌وه‌ پێویستیان به‌ ڕاهێنانه‌وه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ى شوێنه‌وارى تاوانه‌كانیان له‌سه‌ر كه‌م بكرێته‌وه‌ و گرنگیى زیاتر به‌ منداڵان بدرێت كه‌ زۆرترین زه‌برى ئاواره‌بوونه‌كه‌یان به‌رده‌كه‌وێت، بۆئه‌وه‌ش ڕاپۆرتمان ئاراسته‌ى ڕێكخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان و ڕێكخراوى یونسێف كردووه‌.

 

 

Qadirzada.com © 2017. All rights reserved