| ||
|
||
زۆربه‌ی ژنانی كورد، قوربانیی خه‌ته‌نه‌كردنی مێینه‌ن له‌تۆژینه‌وه‌یه‌كی ئه‌زمونیدا، رێكخراوی (ده بلیو ای دی ئی )ی ئه‌ڵمانی زه‌نگی مه‌ترسیی راگه‌یاند: زۆربه‌ی ژنانی كورد قوربانیی خه‌ته‌نه‌كردنی مێینه‌ن، له‌ماوه‌ی ساڵێكدا(2008)، له‌كۆی 2633 ژن‌و كچ له‌پارێزگای هه‌ولێر‌و سلێمانیدا 1915یان رووبه‌ڕووی خه‌ته‌نه‌كردن بوونه‌ته‌وه. رێكخه‌ری پڕۆژه‌كانی ژنانی WADI له‌عێراق "سوعاد ئه‌وڕه‌حمان شه‌ریف" به‌ئاوێنه‌ی راگه‌یاند، كه له‌ئه‌نجامی تۆژینه‌وه‌كه‌یاندا ده‌ركه‌وتووه زۆربه‌ی ئه‌وانه‌ی رووبه‌ڕووی خه‌ته‌نه‌كردن بوونه‌ته‌وه "نه‌خوێنده‌وارن یان له‌ئاستێكی خوێنده‌واریی زۆر نزمدان". ئه‌و ئاماژه‌ی به‌وه كرد ئه‌م تۆژینه‌وه ئه‌زمونییه كه له‌لایه‌ن تیمه‌كانی رێكخراوه‌كه‌یانه‌وه به‌شێوه‌یه‌كی مه‌یدانیی له‌هه‌ردوو پارێزگای هه‌ولێر‌و سلێمانی‌و گه‌رمیان‌و چه‌ندین گوند‌و شارۆچكه‌یه‌كی ده‌وروبه‌ریاندا‌و له‌نێو ژماره‌یه‌كی دیاریكراو له‌و كچ‌و ژنانه‌دا ئه‌نجامدراوه، كه ته‌مه‌نیان له سه‌رووی چوارده ساڵه‌وه‌یه، ده‌ریده‌خات "له‌كۆی 1903 ژن‌و كچ له 46 گوندی ده‌وروبه‌ری هه‌ولێر‌و ناوچه‌ی سۆران 1445یان رووبه‌ڕووی خه‌ته‌نه‌كردن بوونه‌ته‌وه، واته 76% كۆی به‌شداربووان خه‌ته‌نه كراون، كه ئه‌مه‌ش رێژه‌یه‌كی زۆر به‌رزو زه‌نگێكی مه‌ترسیداره". وتیشی "له‌كۆی 730 ژن‌و كچ له53 گوندی ده‌وروبه‌ری سلێمانی 475یان رووبه‌ڕووی خه‌ته‌نه‌كردن بوونه‌ته‌وه، واته به‌ڕێژه‌ی 65%ی كۆی به‌شداربووان، زۆربه‌ی ئه‌وانه‌شی خه‌ته‌نه نه‌كراون ته‌مه‌نیان له‌خوار 5 ساڵانه‌وه‌یه، كه هێشتا مه‌ترسیی ئه‌نجامدانی ئه‌و دیارده‌یه له‌به‌رامبه‌ریاندا زۆر به‌هێزه". سوعاد ئاماژه‌ی به‌وه كرد كه له‌هه‌ندێك گوند‌و شارۆچكه‌ی ئه‌م دوو پارێزگایه‌دا رێژه‌كه زۆر به‌رزه، بۆ نمونه "له‌ڕانیه 97%ی به‌شدار بووان خه‌ته‌نه كراون، له‌گوندی قۆچله‌ری نزیك ئاغجه‌له‌ر له‌كۆی 23 مێینه 18یان خه‌ته‌نه كراون، له‌كانی میراولی نزیك زه‌ڕایه‌ن له 25 مێینه 20یان خه‌ته‌نه كراون، له‌گوندی ته‌ڕه‌ماری سورداش له‌كۆی 8 مێینه هه‌ر هه‌موویان خه‌ته‌نه كراون". له‌وه‌ش نیگه‌رانتر به‌بڕوای سوعاد ئه‌وه‌یه كه له‌هه‌ندێك شوێندا ئه‌م خه‌ته‌نه‌كردنه به‌شێوه‌یه‌كی هه‌ڕه‌مه‌كی له‌لایه‌ن ژنێكی نه‌خوێنده‌واره‌وه ئه‌نجامده‌درێت‌و به‌نینۆككه‌ر ده‌یكات، ئه‌و وتی: "ئێوه بیهێننه پێشچاوی خۆتان به‌نینۆككه‌ر به‌شێكی هه‌ستیار له‌جه‌سته‌ی منداڵێكی یه‌ك ساڵ‌و دوو ساڵ ببڕێت"! ئه‌و پێیوایه ئه‌م توندوتیژییه به‌رامبه‌ر به‌مێینه، جگه له‌وه‌ی زۆرجار راسته‌وخۆ تووشی ئیلتهاب‌و نه‌خۆشی‌و نه‌زیفییان ده‌كات، له‌ماوه درێژیشدا ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی به‌درێژایی ژیانیان ترس‌و خۆف‌و شه‌رمیان هه‌بێت به‌رامبه‌ر به‌جه‌سته‌ی خۆیان. ئه‌و وتی: "یه‌كێك له‌ئاسه‌واره هه‌ره خراپه‌كانیشی ئه‌وه‌یه ئه‌م كچانه كێشه‌ی سه‌رجێگه‌ییان بۆ دروست ده‌بێت، له‌به‌رئه‌وه‌ی به‌شی هه‌سته‌وه‌ری‌و ور‌وژێنه‌ری سێكسییه‌كانیان بڕاوه‌و هه‌ندێكیشیان تا ماون له‌جۆرێك خه‌مۆكی‌و حاڵه‌تێكی ده‌رو‌ونیی ئاڵۆزدا ژیان به‌سه‌ر ده‌به‌ن". ئه‌و ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد كه له‌م لێكۆڵینه‌وه‌یه‌دا ده‌ركه‌وتووه كه "هێشتا 30%ی كچانی زانكۆ خه‌ته‌نه كراون"، هانده‌ری خه‌ته‌نه‌كردنیش له‌سه‌رتاسه‌ری كوردستاندا به‌سته‌وه به‌تێگه‌یشتنی هه‌ڵه‌ی خه‌ڵك له‌ئایینی ئیسلام‌و وتی: "زۆرێك له‌وانه‌ی ئه‌و كاره ئه‌نجامده‌ده‌ن، پێیانوایه ئه‌مه سونه‌ته‌و فه‌رزه بكرێ، چونكه نانی ده‌ستی كچه‌كه حه‌رامه ئه‌گه‌ر سونه‌ت نه‌كرابێت". به‌ڵام له‌به‌رامبه‌ریشدا، سوعاد خۆشحاڵیی خۆی به‌رامبه‌ر به‌وه ده‌رده‌بڕی كه له‌هه‌ندێك ناوچه‌دا رێژه‌ی خه‌ته‌نه‌كردن به‌ره‌و كه‌مبوونه‌وه چووه، وه‌ك گه‌رمیان، له‌به‌رئه‌وه‌ی خه‌ڵك تێده‌گه‌ن په‌یوه‌ندی به‌ئایینی ئیسلامه‌وه نییه، هه‌رچه‌نده هه‌ندێكیشیان هێشتا ده‌ڵێن له‌ملیشمان بده‌ن هه‌ر كچه‌كانمان خه‌ته‌نه ده‌كه‌ین، بۆ نمونه له‌ناوچه‌ی قه‌ڵادزێ‌و رانیه، كچ هه‌یه ته‌مه‌نی 3 رۆژ بووه خه‌ته‌نه‌ی كردووه". هه‌روه‌ها تیشكی خسته سه‌ر گرنگیی رۆڵی راگه‌یاندن‌و وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف‌و په‌روه‌رده‌و په‌رله‌مان له‌كه‌مكردنه‌وه‌ی ئه‌م دیارده‌یه‌داو وتی: "راگه‌یاندن به‌پله‌ی یه‌ك هاتووه له‌هۆشیاركردنه‌وه‌ی ئه‌و ژن‌و كچانه‌ی به‌شدارییان له‌توێژینه‌وه‌كه‌دا كردووه". وتیشی "وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف له‌ڕێگه‌ی مامۆستایانی ئاینییه‌وه ده‌توانێت رۆڵێكی یه‌كجار گرنگ ببینێت له‌كه‌مكردنه‌وه‌ی ئه‌م دیارده‌یه‌داو هه‌روه‌ها وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌و له‌هه‌مانكاتیشدا په‌رله‌مان پێویسته كارێكی جدیی بكات بۆ ئه‌وه‌ی به‌یاسا ئه‌م كاره قه‌ده‌غه بكا‌و ئه‌نجامده‌رانی رووبه‌ڕووی سزا‌و لێپێچینـه‌وه ببنه‌وه". ئه‌مه له‌كاتێكدا كه له‌ساڵیادی رۆژی جیهانی چالاكیكردن بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی خه‌ته‌نه‌كردنی مێینه‌دا، رێكخراوی ته‌ندروستی جیهـانی رۆژی شه‌مه‌ی رابردوو 6/2 رایگه‌یاند زیاتر له 140 ملیۆن كچ لــــه‌جیهاندا له‌ژێر هه‌ڕه‌شه‌ی خه‌ته‌نه‌كردندان‌و ساڵانه‌ش نزیكه‌ی 3 ملیۆن كـــچ له‌سه‌رتاسه‌ری جیهاندا رووبـــه‌ڕووی خه‌ته‌نه‌كردن ده‌بنه‌وه. AWENE
|
||
Qadirzada.com © 2009. All rights reserved
|
||