وەزارەتی پێشمەرگە وەڵامی فەرماندەوی هێزە هاو بەشەکان دەداتەوە

”پێشمەرگە لە سەنگەرەکانی بەرگریکردن لە مافە دەستووری و ڕەواکانی گەلی کوردستانە“

 

وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕوونکردنەوەیەکی بڵاو کردەوە و ڕاگەیاندراوەکەی ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە ١/١١/٢٠١٧ی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی ڕەت کردەوە.

 

دەقی راگەیەندراوکە:

 

فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان بەیاننامەیەکی دوور لە هەموو راستییەکی دەرکردووە و بانگەشەی گەیشتن بە رێککەوتن لەگەڵ شاندی تەکنیکی دانوستانکاری هەرێم دەکات، هەموو کارەکە ئەوەبووە، نامەیەک لە لەلایەن فەرماندەیی هاوبەش رەوانەکراوە و وەک وەڵامدانەوەیەک بۆ پێشنیازەکانی هەرێم بۆ راگرتنی تەقە و جیاکردنەوەی هێزەکان و دەستکردن بە دیالۆگی سیاسی جددی بنیادنەرانە لەسەر بنەمای دەستوور و بەمەبەستی چارەسەرکردنی سەرجەم کێشە هەڵپەسێردراوەکان، لە نێویاندا بەرەکانی شەڕی نادەستووریی و سەپێندراو بەسەر پێشمەرگە و گەلی کوردستاندا.

 

وەک وەڵامێک بۆ ئەو خۆبەزلزانی و لەخۆباییە، کە داوای نادەستووری و نا واقعی دەکەن، کە مەترسی بۆ سەر هەرێمی کوردستان و هاونیشتمانیان دروست دەکات، وێڕای هەڵبەستنی درۆ و بوختان و تۆمەتی پڕوپووچ بۆ هێزە قارەمانەکانی پێشمەرگە، بۆ زانین هێزی دەستدرێژکار بە تۆپی دوور هاوێژ و مووشەک  هەوڵی پێشڕەوی دەدەن، بە ئامێر و کەرەستەی ئەمریکی دروستکراو، لەلایەن هێزەکانی حەشدی شەعبی و سوپای عێراق، ئەمەش پێچەوانەی دەستوورە و رێگانادات سوپا لە چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانی نێوخۆیی دا بەشدار و بەکاربهێنرێت.

 

پێشمەرگە قارەمانەکان لە شوێنی بەرگری خۆیانن و بەرگری لە ئیرادە و شکۆی ملیۆنان رۆڵەی گەلی کوردستان و ژیان و موڵک و ماڵ و شەرەفی دەکەن بۆ رووبەڕبوونەوەی ئەو چارەنووسە رەشەی کە شایستەی ئەوەنەبوون هاونیشتمانیانی دووزخورماتوو، داقوق، کەرکووک و ناوچەکانی دیکەی ناوچە کێشەلەسەرەکان بەسەریان بێت.

 

لە هەمووکاتێکدا داوا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین بۆ دانووستان و چارەسەری کێشەکان بە رێگەی دیالۆگی سیاسی. ئێمە لەهەمان کاتدا ئیدانەی  شێوە و ناوەڕۆکی ئەو بەیاننامەیەش دەکەین، دووپاتیدەکەینەوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان خۆڕاگرە لە شوێنی بەرگری دا، بەڵام دوو دڵیش نییە لە بەرگریکردن لە ژیان و بەرژەوەندییە دەستوورییە رەواکانی رۆڵەکانی گەلی کوردستان.

 

جارێکی دیکە دووپاتیدەکەینەوە تاکە رێگا چارەسەرکردنی کێشەکان، دیالۆگی سیاسیی بنیادنەرانەیە، نەک زمانی درۆ و هەڕەشە و بەڵێنی بەتاڵ. لە کۆتاییدا لە چ وڵات و شوێنێکی جیهاندا هەیە، هێرشکار بە ستەملێکراو و بەرگریکاریش بە ستەمکار دابنرێت.

 

وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان

١/١١/٢٠١٧

 

Qadirzada.com © 2017. All rights reserved