ڕوونكردنەوەیەك لە وەزارەتی دارایی و ئابوریەوە

 

 

وەزارەتی دارایی و ئابوری حكومەتی هەرێم لە روونكردنەوەیەكدا رایگەیاند، لیژنەی لامەركەزی بەپێی یاسا بە وەزارەتی دارایی و ئابوریی نەناسێنراوە، تاوەكو ھاوكاری پێویستی بكات و زانیاری بداتێ.

 

دەقی رونكردنەوەكە:

 

ڕونكردنەوەیەك لە وەزارەتی دارایی و ئابورییەوە

 

بەرێز  رێكەوت زەكی ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، لێدوانی داوە گوایە  بەرێز ( ئاوات شێخ جەناب) وەزیری دارایی و ئابوری رێگری كردوە لەوەی بەرێوەبەری گەنجینەكانی سلێمانی داتاو زانیاری داھات بدەن بە لیژنەی لامەركەزی. بە پێویست و گرنگمان زانی ئەم رونكردنەوەیە بدەین بۆ ئەوەی ڕای گشتی لێ ئاگاداربێت:

 

١- لیژنەی لامەركەزی بەپێی یاسا بە وەزارەتی دارایی و ئابوریی نەناسێنراوە، تاوەكو ھاوكاری پێویستی بكات و زانیاری بداتێ.

 

٢- بەپێی یاسا، خەزێنەكان و بانكی ناوەندی ھەرێم ناتوانن ھیچ زانیارییەك بدەن بەھیچ لایەنێك،  چونكە بەپێی یاسای پارێزگاكانی ھەرێمی كوردستان  ژمارە (٣)سالی ٢٠٠٩ ھەمواركراو  پاڵپشت بە بڕگەكانی  مادەی ٦ پێویستە نوسراو ئاراستەی وەزارەتمان بكرێت و ھەماھەنگی دروست بكرێت، تەنانەت پەرلەمانی كوردستان كە بەرزترین دەزگای یاسادانان و چاودێرییە بەھەمان ڕێسا كاردەكات، واتە ئەبوایە ئەنجومەنی پارێزگا بەھەمان ئاراستە بجوڵێتەوە بۆ ئەوەی ھەماھەنگی بكرێت، (بەرێز بەرێوەبەری بانكی ناوەندی ھەرێم (سلێمانی )ئەم رونكردنەوەی بۆ لیژنە بەرێزەكەتان داوە كە داواكاریەكەتان داوایەكی نایاساییە). 

 

٣- جێگای سەرسوڕمانە كە ئەنجومەنی پارێزگا ئاگادارنەبێت كەتەواوی زانیاری لەسەر داھات و خەرجی لە خەزێنەكان و بانكی ناوەندی ھەرێم (سلێمانی) نیە و خەزێنەكان تەنھا ئاگاداری خەرجیە مەڵبەندیەكانن و زانیاری ورد و دروستیان لانیە.

 

٤- پرسی لامەركەزی لە دوتوێی بەرنامەی حكومەتدایە كە ھی ھەمو لایەنەكانە بەتایبەت سێ لایەنی  پێكھێنەری حكومەت، بۆیە نەداھێنانێكی نوێیەو لیژنەی باڵای جێبەجێكاری بەرنامەكەش ئەنجومەنی وەزیرانە، واتە ھەرسێ لایەنی سەرەكی پێكھێنەری حكومەت.

 

٥- ئەنجومەنە بەرێزەكانی ھەرسێ پارێزگای ھەولێر و سلێمانی و دھۆك گەواھی ئەوە ئەدەن كە بەرێز وەزیری دارایی و ئابوری داكۆكیكارێكی سەرسەختی پرەنسیپی لامەركەزیە و ھەرلەسەرەتاوە لە كارە لە پێشینەیەكانی بەرێزیانە.

 

وەزارەتی دارایی و ئابووری

٢٢-٥-٢٠٢٠

 

 

Qadirzada.com ©2009 - 2020. All rights reserved