چۆن وا ئەبێ چۆن وا ئەکرێ :

 

 

ئێمەش حەزمان ئەکرد وەک ووڵاتانی تر حکومەت و پەرلەمانمان هەبێ کە لەئاست ئەو بەر پرسیارێتی یەیدا بن کە وەک پەیمان و بەڵێن بەگەل و نەتەوەو دین و نیشتیمانەکەیانداوە ،

حەزمان ئەکرد ئەو ڕاستیانەیان لێوە ببینین کاتێک کە ناتوانن ئەو بەرپرسیارێتی یە بەڕێوە ببەن پێش ئەوەی پێیان بڵێن و بیانخەنە ژێر فشار و پێش ئەوەی ووڵاتێک گیر بخوات بەدەستی ییانەوە خۆیان وازنامەیان پێشکەش بکردایە بەداوای لێبووردنیشەوە ، نەک لەکۆتایی تەمەنی شکستخواردووی حکومڕانیاندا تازە داوای هەل وفرسەتی زیاتر بکەن بۆ درێژ کردنەوەی ماوەی دەسەڵاتداری یەکەیان و ڕێگریش بن لەبەردەم ئەوانەشی کە لەوان بەتواناترن لە بەڕێوەبردنیدا .

حەزمان ئەکرد بەرپرس و سیاسەتمادار و ڕاوێژکار و گەورانی ئێمەش فێری ، ناتوانم و پێم بەڕێوە ناچێت ونازانم و بەڵەونیم تێیدا  فێری بونایە ، نەک بنیشنە ملی شەلم کوێرم هیچ نابوێرم ، نەک پاساو هێنانەوە ، نەک ڕێگرتن و بوار نەدان بەکەسانی شیاو .

حەزمان ئەکرد کاتێ ناتوانن ووڵاتێک ، نەتەوەیەک لە گرفتەکانی ڕزگار بکەن خۆیان داوایان بکردایەو ڕێگەیان چۆڵ بکردایە و بەڵێنی پشتیوانیشیان بەو کەسانە بدایە کە ئەتوانن لەوان باشتر ئەو ئەرکە بەجێ بگەیەنن .

ئاخر گەلێک دوای ئەو هەموو ساڵە لە چاوەڕوانی و دەسخەڕۆی و دەستی دەستی یە ،  هێشتا بە هیچ ئامانجێکی نەگەشتبێ و ماڵوێرانی یەخەی تاک تاکیانی گرتبێ . گەلێک لەژێر سایەی ئەو حوکمڕانی یەدا هێشتا نەتوانێ ژیانێکی شایستە بۆ خۆی و منداڵەکانی دابین کات ، نەتوانێ بژێوی یەکی باش دابین بکات بۆخۆی وەک بەشەر تا بتوانێ کیانێک خێزانێک بۆ خۆی پێک بهێنێ ، تەنانەت نە لەگەرما و نە لەسەرما نەتوانێ خۆی بۆ بپارێزرێت ،.

ئەوکاتە حکومەتەکەی ئەبێ بە خۆی بڵێ چی ؟!

کە ئەبوایە خەجاڵەتی بیگرتنایە و داوای دەستلەکێشانەوەو لێبووردنیشیان بکردایە .

کەی ڕەوای حەقە حکومەت بۆ پڕکردنەوەو کەمووکوڕی یەکانی خۆی ، بێت و چنگ لە گەردن و ژیانی خەڵک توند بکات .

هەرچەندە من وەک خۆم پێم باش نی یە هیچ گۆڕانکاریەک ڕوو بدات چوون بەتەواوی نا ئومێدم لە هەر دەستادەستکردنێکی دەسەڵات لەم هەرێمەدا ، چونکە بەدرێژای ئەم هەمووە کابینانەی پێشوو هیچ پێشکەوتن و گۆڕانکاری یەکی ڕیشەیم نەدی کە لە قازانجی خەڵک ووڵاتدا بێت ، هەرچیان کردووە دووبارکردنەوەی کاری ئەوانەی پێش خۆیان بووە ، نەهامەتی یەکان زیاتر بوون کەمیان نەکردووە .

تەنها ئەوەیان باش بێ و کردبێتیان ئەوە بووە کە ئەو حیزبانە دەسەڵاتیان قۆرخ کردووە وەک قۆنتەرات هەر ماوەیەک و ئەیدەن بە چەند کۆیلەو گوێ لەمستێکی خۆیان بەربەنیوە ، ژیانێکی خۆشی پڕ ڕەفاهی یەتیان بۆ خۆیان مسۆگەر کردووە .

بەمەش هەر ساڵەو کۆمەڵێک مێشیان لەسەر برینی ئەو گەلە داماوە دەرکردووە کاتێک تێریان خواردووە بۆ بواردان بە کۆمەڵێ مێشی برسی بێ وویژدانی تر لەوان ، تا ئەمانیش بە پلەو پۆست و مەقام ژیانێکی خۆشی خۆیان بگەن و حیزبەکانیشیان تێر کەن .

کە ئەمەش بارێکی گران و سەنگینە لەسەر دارایی و دەرامەت و داهاتی ووڵات کە بە فیڕۆ ئەدرێ  لە دامەزراندنی کۆمەڵێکی تازەی تر و خانەنشین کردنی کۆمەڵێکی تر لەکاتێکدا ئەمانە نەیانتوانیوە بایی موچەکەی خۆیان داهاتی ووڵات زیاد بکەن تا حەڵاڵ بێت بۆیان ، سەرەڕای بێویژدانیان لەو موچە زەبەڵاحەی کە وەری ئەگرن و پێیان حەرامە ، چونکە داهات موڵکی گەلە  و ئەبێ گەل بڕیار لەسەر خەرجکردنی بدات وە ڕەزامەندی لێ وەربگیرێ ، بۆیە لەو بڕوایەدانیم خەڵک بەم مووچە لاوازەی کە هەموو سەری مانگێک ئەکەوێته گیانەڵا بەو هەمووە نەشتەرگەری و لێبڕینەشی یەو ڕازی بێت بەو موچە خەیاڵی یەی کە سەرانی حکومڕان وەری ئەگرن .

حکومەت یەعنی پلان و نەخشە یەعنی بەڕێوەبردنێکی دروست یەعنی دابین کردنی ژیانێکی پڕ سەلامەت و خۆشگوزەران بۆ میللەت یەعنی پێش کەوتن و پێشخستنی ووڵات و یەعنی بەدەست هێنانی ئامانجەکان و گەیاندنی ووڵات بەکەناری ئەمان .

لە کۆتایدا ئەڵێم ئەگەر وەک ئەو ووڵاتانە بووینایە نەدەبوو بهێڵین ماوەیەکی تر لەبەشمەینەتی و قات و قڕی و بەدبەختی و  دادوبێدادی گەلەکەمان درێژ تر بکرێتەوە ، بەڵام گەر کورد ووتەنی هەرساڵەو خۆرگەم بە پار بێت ، دەستی ئەوە خۆش بێت کەناهێڵێ ، ئەم کاسپی و بازرگانی یەی ڕاوەستاندووە ، کە ناهێڵێ هەر چەند ساڵێ کۆمەڵێک خەنی و دەوڵەمەند ببن بێ هیچ کار و کردارێکی شیاو بەو گەلە .

گەل قسەی زل و خۆ هەڵکێشانی بەردەم شاشەکانی ناوی ئیتر .

وەرن مەردو پاڵەوانی ناو مەیدانی فەرمانڕەوایی بن بە بێ دەنگی ، خەڵک چاوی هەیە و ئەبینێ ، ئیتر کەم بانگ بدەن بە گوێمانا .

لە قسەو ڕواڵەت و حیزبەکانیشتان بێزار بووین ئینیلامان کرد لێتان .

کاتێک نەبونتان لەبوونتان خێرتر بێت  دەی یاخوا هەر نەبن و نەبنه بار و کۆڵێ گرانتر بە کۆڵمانەوە ، ئەوەش چاک ئەزانین کەستان بۆ میللەت دڵتان نایەتە جۆش و ژان ، هەمووتان هەر شین بۆ هەیاسەکە ئەکەن ،  بەڵام خەڵکی داماوتان کردۆتە بەهانە و پاساوی نیەتی گڵاو و حەرامتان .

......خوایە تا قەتێ سەبرێ .... 

      لـــەگــەڵ ڕێــــز و ســـوپاســـی

      بــراتــان / #وەهــبــی_عــەلــی

 

 

Qadirzada.com ©2009 - 2022. All rights reserved