حیزبایەتی لەناو کورددا

 

بە ئیجازەی برادەران مۆڵەت وەرئەگرم دەمێکه ئەمەوێ ئەمە بڵێم .

گەردنم ئازا بکەن ئەوانەی دایمە ئەمە ئەڵێن ، ئەوانەشی هەمیشە ئەڵێن ناکاکە شتێکی عادی یە ، تکام وایە ئێوەش عادی وەریگرن .

هاوڕێیان باوەڕ بکەن زۆر جار پێکەنین دام ئەگرێ بەوەی کە :

هەرچی تەفەڕنج ئەدەم لە تێکڕای حیزبەکانی کوردستان ئەڵێی بەیەک سک و هەموویان لەدایک بوون ئەوەنە لەیەک ئەچن ، بڕوا بکەن شیوعی یەکان چەنێ شیوعین ، ئیسلامی یەکانیش هەر ئەوەندە ئیسلامین .

شیوعیەکان نابینن نوێژ ئەکەن ڕۆژ و ئەگەرن ، ئەی ئیسلامی یەکان نابینن چەند بێ ئاگا لەدینەکەیان ڕەفتار و هەڵسوکەوت ئەکەن .

خەڵکی کورد حیزبایەتی ناکا بۆ مەبدەئەکەی بەڵکو مەبدەئەکەشی لەبەر حیزبایەتی ئەوێ . بۆیە هەمیشە مەبدەئو دین قوربانین .

سەیر ئەوەیە لە کوردستان خەڵکی حیزبایەتی ناکا بەڵکو دەروێشی شوێنی کەوتووە ، یەک کەسیان فڕیان بە مەبدەئو مەنهەجەوە نی یە ، ئیتر کوێرانە حیزبی یەکەو تەواو .

نازانم چۆن عەقڵێک لەسەریاندایە سەرنج بدەن هیچ دەروێشێکیان تێنافکرێ ببینێ خۆی لە چ حاڵێکدایەو سەرۆکی حیزبەکەی لە چ حاڵێکدایە !!

 کورە خۆیان ئەزانن چاک ئەبینن شێخەکانیان لەوپەڕی خۆشگوزەرانی و ئاسودەیدا ئەژی و مناڵەکانی لە ئەوروپایە ، کەچی بابای داماوی  حیزبی دەروێش کرێچی یە بێکار و هەژارە خێر وەر ئەگرێ ، کەچی ئەڵێ شێخەکەی من عالیم ولغەیبە خەوەر ئەدات ، دوو تیکەی هەبێ یەکێکیان بۆ شێخ ئەنێرێ ، پاسەوانێتی ڕەنجبەرێتی ، کۆیلەیی بۆ شێخەکەی بە خزمەت و عیبادەت ئەزانێ .

ئەم بابای سەرگەردانە هەر ئەوەنەش لە دینەکەی فێر نەکراوه هەرچۆن سەحابی یەک بە پێشەوا عومەر ( خوایان لێ ڕازی بێ ) ووت ئیتر بە گوێت ناکەین تا نەزانین کراسەکەی تۆ بۆ لەوەی ئێمە شۆڕ ترە .

 هەر سەرنجیش نادەن ئەوە چۆن سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا لەسەرکارەکەی دەرکرا و لێپێچینەوەی لەگەڵ کرا لەسەر چواردە وەرقە کە نایاسایی خەرجی کردبوو ، بڵێن بۆ ئەبێ ئەوان لە دینەکەی ئێمە ئاوا سوودیان وەرگرتبێ کەچی شێخە سەرۆکەکەی ئێمە جێ بەجێی نەکات .

بێ هیچ لێپێچینەوەو یاسایەک سامانی ووڵات و حیزب گشت لە ژێر دەستی ئەو دایە ، هەر بەبیریشیانا نایە لە خۆیان بپرسن شێخی سەرۆک چۆن دەبێ لەتەڕ بخوات و لە ووشک بخەوێ .

 ئاخر ئەو فەقیرانە ئەترسن گوناهبار ببن .

وا گێلکراون ، گەمژێنراون ، ئەبێ بۆ جامێ نیسکێنەی تەڕی تەکیەی حیزبەکەیان  حەیوانێکی دابەستە ببەخشن بە شێخ و شانازیشی پێوە بکەن بەو هەموو عەقڵەشیانەوە زرک بووەشێنن .

جا ئەم حیزبانە بە عیلمانی و ئیسلامی یەوە ئەوەنە تێکەڵی یەک بوون لە بازاڕ و ئەملاولاوە ، خوی یەکیشیان گرتووە هەر ئەڵێی چینی یەکانن بە ئەستەم ئەتوانی دوانیان لەیەک جیا بکەیتەوە مەگەر هەر بە مەزەنەی عەقڵ .

ئاخر ڕۆژێ بوو هەمووی زەمی پارتی ئەکرد ئەیانووت حیزبی بنەماڵە و چی چی ... کەچی ئێستا کامیان پارتی نین وەک ئەو .

خۆش لەوەدایە ئەوەنە جیان و جیاوازن تا بانگ ئەدات ئیتر ئەوەنەت نەزانی لە هەرچی مقەڕەوە هەیە گشت ئەندامەکانیان خۆیان ئەکەن بە مزگەوتا و نوێژێکی جوان و تەمیز شان بەشانی یەک ئەکەن ، هەرکە هاتنە دەرەوەش نەبایان دیوەو نەباران بە هەمان شێوە لە خوو ڕەفتارا لەیەکیان ناکەیتەوە ، گران فرۆشی ، دەسبڕین ، ترازوو بازی ، خەڵەتاندن و فریودان وا دەست پێ ئەکەن ئەستە بە مەبدەئو دینیانا کافرو دینداریان لەیەک جیا بکەیتەوە .

بەداخەوە ئێمە میللەتێکین لەگەڵ هیچا ڕاست ناکەین نامانەوێ تێبگەین و حاڵی بین ، تاسەر لەگەڵ کەسدا نین ، پارە بووەتە خواو بەرچاوی حەقی لێگرتوون ، زۆرینە دەستور لەوێوە وەردەگرێ ، لە هەرکوێ یەک بێت ئەو شوێن و جێگەیە دەبێتە قیبلەیان و ڕووەو ئەوێ سوجدە ئەبەن ، چون واتێگەیەنراون هەر لادانێک کافریان ئەکات و لەبرسا ئەمرن و بێکار ئەکەون .

برادەرێکم ئەڵێ لەدەرگای گشت حیزبەکانمدا تا پەناگاو پشتیوانێکی ڕاستەقینە بۆ خۆم و بیڕو باوەڕە پاکەکەم بدۆزمەوە تا خزمەتێک بکەم ، بەڵام پاش تاقی کردنەوەی هەموویان بۆم دەرکەوت تەنها ڕەنگ ناوەکانیان لەیەکتر جیان ، هیچیان لەوی تریان باشتر نی یە ، هەموویان بەرهەمی یەک کارخانەن ، بۆیە وا لێیان تێگەیشتم هەموویان لەناو یەک خانوودان ، لەژێر یەک چەتر و سەقفدان ، بەڵام دابەشکراون و هەر نەوعێکیان و خراوەتە ژوورێک . هەمووشیان لەسەر یەک سفرە نان ئەخۆن و لەویا کۆکن ، خاوەن ماڵەکەشیان هەر یەکێکە کە باوک و دایکیانن و ئەوان خستونیانەتەوە ، بۆیە ئەوەنەش لەیەک ئەچن .

بەداخەوە حیزبی یەکان کارێکیان کردووە زۆرێک لە خەڵک لە خاک و نیشتمان و نەتەوەو دینیش بێزار بووە .

ئێستا ئێمە گەلێکین لەگەڵ یەک ڕاست ناکەین و ئومەتێکی موجامەلەچین بۆیە لە شرینی هاوڕێ یەتی و برایەتیش چێژ نابەین .

بۆیە وا باشترە حاجی حیزب هەرچی ئەبیت ڕووڕاست بە ، کوێرانە و عاتیفیانە مل مەگڕەڕێ بۆ ناو قەرەباڵغی ، مەبدەئو دینەکەت بەرز ڕابگرە مەیەڵە لەوێشەوە بتخەڵەتێنن و بەکارت بێنن ، ئەی خوا  بۆچی عەقڵی پێداوی ؟

هەرکەسێ ڕاست بکات لەگەڵ دین و بیرو باوەڕەکەی ئەبێ ببێ بە نموونە لە چاکیدا لەناو کۆمەڵگاکەیدا نەک ماڵ جیایی و دوژمنایەتی بکات . کەتۆ باوەڕت بە خوایەک هەبێ کە ڕەززاقتە ئیتر سەرنەوی کردن و پیاوی ئەم و ئەوت لەچی .

کاکی حیزبچی چۆن ئەتوانی ئەندامێکی کارای حیزبەکەت بیت کە شارەزای و زانیاریت نەبێ لەبارەیەوە ، گەر تۆ جیاواز نەبی لە خوو ڕەفتار و گوفتارتا ڕاستگۆیانە ،  ئەی چی بەخەڵکی ئەڵێیت و چۆن بانگیان ئەکەی بۆلای دین مەبدەئەکەت ، گەر تۆ نەتوانی ئەندام و کادر و چاودێرێکی ئازاو بەغیرەت بی لە چەسپاندنی بنەماکانی دین و مەبدەئەکەت لەناو حیزبەکەتدا لەخوارەوە تا سەرەوە ، ئەی چۆن ئەتوانی بانگەشەی گۆڕانکاری بکەیت بۆ عەدالەت و یەکسانی لەناو کۆمەڵگاکەتدا بەو ئاڕاستە فیکری یەی خۆت .

تۆ خۆت کۆیلەی حیزب و شێخ و سەران و سەرۆکی حیزبەکەت بی لەناو حیزبەکەتا بە چ ڕوویەکەوە ئەڵێ ئێمە هاتووین کۆیلەکان ڕزگار بکەین ، ستەکارەکان لەناو بەرین و شەریعەت و یاسا بکەینە سەروەری هەموو .

 

کە خاکی خاکی دامەن بە وە گەر نە تۆزی بەر بادی

کە ئاوی ئاوی گەوهەر بە وە گەر نە بڵقی سەر ئاوی

          لــــەگـــەڵ ڕێـــز و ســـوپـــاســـی

         بـــراتـــــان : وەهـــبـــی عـــەلـــی

 

Qadirzada.com ©2009 - 2022. All rights reserved