گەرم بوونی بازاڕی فرۆشتنی شەهادەکان

 

 

لە دنیا گەر هەموو شتێک بکڕدرێت ئەوە موستەحیلە عیلم بکڕدرێت گەر کراش بێ گومان گەورەترین تاوانی دژی مرۆڤایەتی یە بەهانەکەش هەرچی و هەرچۆنێک بێت . چون عیلم بە پارە نائاخنرێته مێشکەوە !!!

جاران زۆرم پێناخۆش بوو کە هەندێ دکتۆر مانیان ئەگرت و دژی بڕیاری کۆلیژە ئەهلی یەکان ئەوەستانەوە ، وام ئەزانی لە بەغیلیاندایە حەسودن حەز ناکەن کەس بەو پلەو ئاستە عیلمی یە بگەن ، تا سەرە هاتە سەر خۆم و دەستم دایە پڕکردنەوەی فۆرمی منداڵێکم کە پۆلی شەشی تەواو کردبوو بە نمرەیەکی زۆر بەرزیشەوە .

 ئەو دەمە گەورەترین مەترسیم تەجروبە کرد و بینیم کەوا کۆمەڵێک چاوچنۆکی بەهیچ تێر نەبوو لە پێناوی پارەدا وا خەریکن ئایندەی ووڵاتێک تێک ئەدەن ئاستی عیلمی ئەشێوێنن بـەتایبەت لەناو هەموو ئەوانەیشدا خەریکن بواری تەندروستی ئەخەنه دۆخێکی مەترسی دارەوە کە ئاکامەکەی یا لێکەوتەکەی خراپترو گەورەترە لە کوشتاری جەنگی ناوخۆیی و لەشەڕی عێراق ئێران لە کیمیا باران و ئەنفال لە هەموو شەڕە ماڵکاولکارەکان ، چون ئەوانە لە فەترەیەکی زەمەنی دیاری کراودا بوون و کۆتاییان پێهات ، بەڵام ئەمەی ئێستا کە لەناوەندی خوێندنەکاندا پەیڕەوی ئەکەن و برەوی پێ ئەدەن ڕۆژ دوای ڕۆژ خراپترو مەترسی یەکانی زیاتر و گەورەتر ئەبێ چونکە بێ کۆتایی یەو بەردەوامیش درێژەی ئەبێ ، بینم هەموو ئەو کۆلیج و پەیمانگایانەی کە خێرێکی تیا ئەبینرێ بۆ قوتابی یەکی زیرەکی هەژار ، وا ڕێک ڕێخراوه و پلەکەیان وابەرزکردۆتەوە کە نەتوانێ پێی بگات ، ئاواتەکەی تیا بێنێتە دی .

کارێکیان کردووە قوتابی فەقیر بکەوێته دوو ڕێ یانێکەوە یان .

دایبەزێنێ بۆ شوێنێک که هەرکەسێکی تر لە قوتابی تەمەڵەکان بێ هیچ هەوڵ تێکۆشانێک بە نمرەیەکی کەمەوە پێی گەیشتوون . ئەوجا ئەمیش ناچار هەموو زیرەکی تواناکانی نمرە بەرز و شایستەکانی دەست لێهەڵگرێ بچێته ئەو شوێنەی کە قابیلی ئەم نی یە ، شوێنێک غەیری ستەم لێکردنی هیچی تری تیا نابینرێ ، چونکە ئەبێتە قوربانی باخەڵی خاڵی خۆی و باجی قورسی ئەو نەبوونی یەی خۆی ئەبێ بدات .

یان دەبێ پارەیەکی باش بدات تا ئەوەی ئەیەوێ پێی بگات .

 کاتی خۆی ساڵەکانی نەوەدەکان بوو لە کۆلێژەکەمان ، مامۆستاکەی خۆم پێی ووتم ڕۆڵە هێندە خۆت ماندوو مەکە بەرزی نمرە نابێتە هۆی دەستکەوتنی پلەی باشتر و بەرز تر بەڵکو تەزکیەی حیزب دەور ئەبینێ لە پێدانی دەستکەوتنی وەزیفە و شوێن و بەرز و بەرپرسیاێتی ، تا تەزکی یەکەت بە هێزتر بێت شوێنەکەت بەرز تر ئەبێت ، بەو قسەی مامۆستایەمان زۆر پێکەنین بە جاشمان دایە قەڵەم ئاخر سەرەتای نەوەدەکان بوو دڵمان زۆر گەرم بوو ،  بێ تەجروبە بووین ، ئاخری هەردوای تەخەروجمان ئەو واقیعە تاڵەمان بینی و تاقیمان کردەوە وا ئەو تاڵاوە تائێستاش ڕۆژانە هەر بینی پێوەدەنێین و نۆشی ئەکەین .

ئەمڕۆ کورد لەسایەی حکومڕانی خۆیدا تەزکیەی کردۆتە هەڵسەنگاندن و دیاریکردنی کەفائەت و توانا ، زۆر جاریش شوێنی بەرزترین شەهادەی پێ گرتۆتەوە وە زۆر کادری خاوەن شەهادەی بەرزیش خراوەتە شوێنێکەوە کە ئەسڵەن نەشی خوێندایە ئەو کارە هەر فێر ئەبوو چونکە هیچ ڕەبتێ یان پەیوەندی یەک لە نێوان پیشەکەو پسپۆڕی کارمەندەکادا نادۆزیتەوە بەڵام کەلێی وورد ئەبیتەوە و سۆنەرێکی بۆ ئەکەی بۆت دەر ئەکەوێ ڕێکخەرەکەی تەنها تەزکی یەکەی بووە و هیچی تر .

ئەی هاوار خوێندنی ئەهلی یەعنی فرۆشتنی شەهادە بە خاوەن سەرمایەو پوڵدارەکان نەزیرەکی ئەوێ نە شەونخونی و خۆماندوو کردن نە بەهرە .

واتە بڕۆ ڕابوێرەوە گەنجێتی خۆت بکە دوایش کام کۆلێژ و شوێنە پێت خۆش بوو بڕۆ بیکڕە . لەبیرەمە من لە کۆلێژ زۆر زۆرم ئەخوێندەوە شەو ڕۆژم دابوویە سەریەک هەموو قوتابی و مامۆستاکانم بەمەیان ئەزانی زۆرێک لە مامۆستاکان زۆر سەیر بوو خۆیان  دژم دەوەستانەوە !!! ئەتووت دوژمنیان بە گیر هێناوە چونکە من سەرقاڵی خوێندنەوەو تێکۆشان بووم وەختم نەبوو بچمە سەیران و حەفلەکانیان . بۆیە قوتابی هەرچی پەرچی یەکان نەیان دەوێرا توخنیشم بکەونەوە تا ئاخری ڕۆژێک قوتابی یەکی هاوەڵی نزیکی خۆم هات بۆلام و ووتی کاک وەهبی جەماعەت بەمنیان ووت بەو پیاوە بڵێ هێندە خۆی ماندوو نەکات کاک فڵان ئەمشەو بەبەرمیلێک نەوت پرسیارەکانی لەمامۆستاکە وەرگرتووە ، ئێمە نەمان وێرا خۆمان ڕاستەوخۆ پێی بڵێین ووتمان لێمان توڕە ئەبێ و ئەڵێ ئەمە حەرامە و دزی و خیانەتە ئەزانین لێمان وەرناگرێ ، بەڵکو تۆ هاوڕێتە پێی بڵێی چونکە بەزەیمان پێیدا دێتەوە ئەویش هێنای و ئەوەی پێووتم و ووتی ها ئەوەش هەر پێنج پرسیارەکەیە کە بینیم وەک ناوی خۆم لەبەرم بوو بەڵام سەرەتا لێم ووەرنەگرت ووتم حەرامە بەڵام کاتێ زۆر ڕقم هەستا لێم وەرگرت و یەکسەر چووم بۆلای مامۆستایەکی باش وەرەقەکەم دایە دەستی ووتم توخوا ئەوە مایەی قبولە منێک شەوڕۆژم داوەتە سەر یەک ژیان و خۆشی یەکانیم لەخۆم تاڵ کردووە خەریکه چاوم کوێر بێت بۆ تۆزێ خەو کەچی کەسانێکیش کە هەمیشە لەنادی و کافتریاکان لێی کەوتوون و لەگەڵ کچەکاندا هەرخەریکی فشقیات و قسەی خۆشن شتێک لە خەیاڵیاندا نەبێ خوێندنە کەچی هەمیشە ئەوان لەمن نمرەی زیاتر بهێنن ، کتێبەکەم دا بە عەرزا و ووتم من وەک هیوایەتێک ئەخوێنم و ئامانجێکم هەیە ئەگین بە حەیاتی سەرم بەم کۆلیژەدا نەئەکرد بازێ قسەی نەشیاویشم کرد ، مامۆستاکەشم چون باش منی ئەناسی هەندێ دڵی دامەوەو ووتی چارەسەری ئەکەم کوڕانە خۆی کرد بە ژووی ڕاگری کۆلیژداو مەسەلەکەیان تاوتوێ کرد ڕاستی یەکەیان بۆ دەرکەوت و مامۆستاکەیان بانگ کرد ئەویش زۆر گریابوو ووتبووی چەند ڕۆژە لەسەرما خەومان لێناکەوێ ناچار بووم ئەوە بکەم ، مەسەلەکە وا گەورەبوو سەیر ئەکەن شتی لەم چەشنه زۆر زۆرە و هەموو زانکۆشی گرتۆتەوە بۆیە ئەو ساڵە لیژنەیەکیان بۆ دانانی پرسیار و تەسیحاتیش پێک هێنا ، کە لە ئەنجامدا بێجگە بەندە هەموو هاوەڵەکانم لەدەوری یەکەمدا کەوتن .

ئاخر ووڵات سەرەتا ئاوا وێران کرا تەزکیە شوێنی شەهادەی گرتەوه ، کاتێک دنیا دنیای حیزبایەتی بوو ، بەڵام لە ئێستادا کە ئەو قوناغەیان تێپەڕاندووە ، ئیتر دنیا دنیای کومپانیاکانیانە بۆیە ئەلەم دەرفەتەدا پارەو قازانجیان هێنایە کایەوه بەهەر شێوەیەک بێت ، بەرە بەرە وا خەریکن بەنەخشەیەکی ووردی پیلان بۆ داڕێژراو ئەیسپێرنە کەرتی تایبەت .

خۆ دەوڵەمەند کردن بوویە ئامانج وکردیانە مەیدانی مونافەسەکردن تێیدا ، وا ئێستاش شەهادە ئەفرۆشرێ !!!

ئەمان ئێستا وامان پێدەڵێن ئەوەی پارەدار نەبوو بچیت بەدەم کارێکی ترەوە باشترە با هەموو تەمەن و تواناو زیرەکی و لێهاتووی خۆی خەرجی شەهادەیەک نەکات کە دوا ڕۆژ تەنها وەرەقەیەک بێت لە چوار چێوەیەکی جوانی بگرێ و بەدیواری ماڵە پڕ کەموکورتی یەکەیدا هەڵیواسێ .

بۆ نموونە ئاخر گەر قوتابییەک بەزەبری پارە لە کۆلێژی پزیکشی وەرگیرا هەر بە پارەو واسیتەش پێی تەواو کراو دامەزرێنراو خستیانە سەر وەریفەیەک و بە پارە تەزکیەی بۆکراو کرایە مەسئولێکی بەرزیش لەو دام و دەزگایە ، نازانن چ قوڕ بەسەری یەک بەسەر ئەو میللەتەدا ئەهێنێ ، چ مەترسی یەکە بەسەر گیانی ئەو خەڵکەوەو بەمەش  چ داڕمانێکی ئەخلاقی خراپ  بەسەر نیشتمانەکەیدا ئەهێنێ ، کەسێک بەپارە بە پلەو مەقامێک گەشتبێ تەبیعی یە ئەو شوێنە لە پێناو وەدەست هێنانەوەی دەسمایەکەی و قازانجێکی گەورەش بەکار بهێنێ ،  ئاخر ئەو لەژیان هەر ئەوەنە تێگەشتووە وا ئەزانێ عیلم ومەعریفەتیش کاڵایەکەو مەمەڵەی پێوە ئەکرێ ، مەیدانە عیلمی یەکانیش بە مەیدانی کڕین و فرۆشتن و دەستکەوتنی قازانج تێگەیشتووە .

دکتۆرێک بە پارە پێگەیەنرابێ بێ گومان خەڵکیش وەک پارە سەیر ئەکا بۆیە گرنگ نی یە بەلایەوە بیان ڕوتێنێتەوە یان بیان کوژێ یا دەرمانی هەڵەیان بۆ بنوسێ ، یان دەرمانیان پێ بفرۆشێ ، گرنگ نابێ بەلایەوە نەخۆش چی بەسەر دێ ئەو تەنها گرنگە لای چەندی لێوە دەست بکەوێ بۆیە ئەینێرێ بۆ گشت ئەو شوێنانەی کە پارەی بۆ جەنابی دکتۆر تیایە بۆیە تا نەیڕوتێنێتەوە یان ڕەوانەی قەبری نەکات دەستی لەکۆڵ ناکاتەوه .

تکایە ووڵات بە کڕینی شەهادە کاول مەکەن  .

ئێمە جاران دژی ووڵاتە غەربی یەکان بووین ئەمان ووت بە پارە لەوێ چەند دکتۆر و پڕۆفێسۆرێک بۆ  وەدەستکەوتنی قازانج و مەرامی خۆیان و وەک پیلانێکیش دێن شەهادەی بەرزی وەک دکتۆراو ماجستیر  دەبەخشنە خەڵکانی لای ئێمە . دێن چەند مانگێک دەورەیان بۆ ئەکەنەوەو دوای بە کاڵ و کرچی بۆمان ئەنێرنەوە کە هەرگیز لەووڵاتی خۆیاندا ئەمانە قبوڵ ناکەن بەڵام چون ئەیانەوەێ ژێرخانی زانستیمان داڕمێنن ئاوامان لێدەکەن ، ئەوانیش ئەم هەلە ئەقۆزنەوەو دێنەوە بۆناومان ئێمەش ئیتر وا ئەزانین دوو هەنگمان لەدارێکا دۆزیوەتەوە ئەڵێن کاکه شەهادەی لە ووڵاتێکی ئەوروپی وەرگرتووە ، بۆیە لێرەش ئێمەش ئەیانکەینە مامۆستا لە زانکۆکانمان  .

بەم شێوەیە کارێکیان کرد  تا ئاستی عیلمی لای ئێمە هێندە دابەزی کە هیچ ووڵاتێکی غەربی  ئیعتیراف بە زانکۆکانمان نەکەن ، چون خۆشیان ئەزانن لەو مەیدانەی ئێمەدا چیان کێڵاوە و چیان چاندووە .

بە هیوام حکومەت ئەمانە لەبەر چاو بگرێ خوێندن بکاتە خۆڕایی بە ئەرکی سەرەکی و سەرشانی خۆی بزانێ و قبوڵی بکات.

 تا لەو مەیدانانەدا  بەهرەو تواناو کەفائەت و زیرەکی یەکان تێیدا پێش بڕکێ بکەن ، نەک بیکەنە مەیدانی پێش بڕکێی کومپانیاکان بۆ مونافەسەکردنی بەدەست هێنانی زۆرترین و گەورەترین قازانج و دەستکەوت و سەرمایە  .

چونکە خودی قوتابی یەکان گەورەترین سەرمایەی ئەم ووڵاتەن گەر جوان ئامادەبکرێن و بەهەم بهێنرێن ئەوە هەر ئەوان ئەتوانن ووڵات پێش بخەن و دەوڵەمەندی بکەن و بیکەنە دەوڵەتێکی دیار لە جیهاندا .

بەڵام بە پارە هەموو ئەوانە وەدەست ناهێنرێن و هەرچیش بڵێن درۆیەکی گەورەی چاوچنۆکەکانە و هیچی تر بەو شێوەیە ووڵات تادێ زیاتر تووشی قەیران ئەکەن و دوای ئەخەن و کاولتری ئەکەن و نوقمی گەندەڵی زیاتری ئەکەن .

 

بەو هیوایەوە ......،،......

خواتان لەگەڵ

براتان

وەهبی عەلی

 

 

Qadirzada.com ©2009 - 2021. All rights reserved