سرووشتی من ، مرۆڤبوونە .. تێبگە !

 

ئـەگــەر جــارێ ســەرتـداو لــە ماڵ نەبووم

بـەڵـێ ڕۆژێ مـنت دی و خۆشحاڵ نەبووم

بـــۆ مــوحـیــبـەت وا گــوزەرا قاڵ نەبووم

دڵ مـــەگــۆڕە ئـــازیـــزی دڵ هــەندێ جار

دونــیـا وایــە ، واقـیـعـــەو خەیاڵ نەبووم

٭٭٭

لــە پـەنــاتــا هــەمـــوو ڕۆژێ ساڵ نەبووم

بـۆ فـڕیـنــت هـەمــوو کــاتــێ باڵ نەبووم

بۆ پیت و پەیڤ هەمووساتێ خاڵ نەبووم

لــێـم مـەتـــۆرێ ئـەزیـزم خـۆ هـەمـووجار

ڕێـنـاکـــەوێ ، مــرۆڤـــم پـــڕ حاڵ نەبووم

٭٭٭

ئـەگـەر ڕۆژێ ڕوو بـە خەندەو ئاڵ نەبووم

قـەدەر وابـوو سـاتـێ پـشت و پاڵ نەبووم

یـا مــــاوەیـــە هـــەوێـنـی هـەواڵ نەبووم

هــەر لــە خــۆڕا دڵ مــەگــۆڕە ، ئــەزانی :

کە لە ژیـانـمـا بۆ هیچ کەسێ چاڵ نەبووم

٭٭٭

هەرچۆنێ بووی ،من پڕئەدەب،زاڵ نەبووم

مەیلت وەیلی!شای هەنگوین بووم تاڵ نەبووم

سەیرت سوێر و ، من کەڕەتێ ژاڵ نەبووم

ئـەزانـی بـۆ ؟ سـرووشـت و ڕەوشـتـی من

مـرۆڤـبـوونـەو ، چرکە چـیـیـە کاڵ نەبووم

٭٭٭

قەت دڵـبەندی پلـەو پۆست و شاڵ نەبووم

تەماح زۆریان خستە ڕێم جەنجاڵ نەبووم

بــۆ نــادادی و نــاحــەقـــی حەماڵ نەبووم

ئــەزانـی بــۆ ؟ دونـیـا یـەک دوو ڕۆژێــکـە

بۆخوا نەبـێ،بۆ ڕێی کەس عەوداڵ نەبووم

٭٭٭

لە هـیچ کـۆڕێ ، کوێر و کەڕ و لاڵ نەبووم

خاوەن دڵ بووم ، زەرفـێکی بەتاڵ نەبووم

بـۆ تـیکـەی چـەوری دیـوان قەپاڵ نەبووم

سـەرم کـەلاو ، دڵــم کـایــەی کــەس نیـیـە

نەدۆڕام و ، بە (دەم)یش فـیشـاڵ نەبووم.

 

عبدالرحمن تاوگۆزی.

٦/ ٥ / ٢٠٢٢

 

 

Qadirzada.com © 2009 - 2022. All rights reserved