شنیای شیعر

 

شیعرە گوڵم نووسی بۆت ، تەڕ تەڕ بە نمەی باران

شێوە و ڕەنـگـی تریفەو ، گەشـتر لە وەفای جاران

 

ئـەوەن نـاسک و نـەرمە ، چرکە سـاتـێ بـێـتـە ڕوو

حەیران دەبن لە ڕوویا ، سەرپاک گوڵی گوڵزاران

 

بەخوێنی دڵ نووسیومە،پەڕەی ڕەنگی ڕووسووریت

گـەڵای ڕەنـگی ئـابـڕووتـە ، چـارە بـۆ دەردە داران

 

زۆر بەخۆی دا دەنازێ ! دەفڕێ بەرز چوون بازێ

دەبێتە سەرچـۆپی کێش ، سەر دا وەرزی بەهاران

 

دەستـنـوێژی بە گوڵاوو ، بە (شەونم ) یش شتوومە

دەبـێ بـە دەرمـانی زام ، بـۆ دەردی دڵ بـیـماران

 

تـــــاسـووقـی دیـدارتـە ، هـەتـا لـە دەورت گــــەڕێ

عاشقی شـەمی ( ڕووت )ە ، بێ پەروا وەکو یاران

 

شـیـعرێــکی پڕ لە نـازە ، گـەرووی پــڕ لـــە ئــاوازە

ستـایـشـت دەنـووسـێ ، بـکرێ وەک گـەڵای داران

 

بە شەرمەوە دەنـووسێ ، لە وەسـفـت دا هـەژارە !

چبکا ! عاشـقی ڕێـتـە ، وەک ( بیلال ) و نـازاران

 

لەدەوری باڵات گەڕێ ، پیت و پەیڤ و ڕستەی من

شیـعرم قـوربـانی بـاڵات ، چرای ڕێـگای رێـبـواران

 

چبکەم ! وشە شک نابەم ، شایان بێ بۆ وەسفی تۆ

( تاوگۆزی )قوربانی تۆ ، ئەی سەرداری سەرداران.

 

عبدالرحمن تاوگۆزی .

شەوی ٢١/١١/٢٠١٧

 

Qadirzada.com © 2009 - 2022. All rights reserved