لەسویسرا سەلمێندرا تورکیا چەکی فسفۆری بەکارهێناوە

 

 

ناوەندی هەواڵ

 

تورکیا رەتی کردبووەوەکەچەکی فسفۆری بەکارهاوردبێ لە ڕۆژئاوای کوردستان، بەڵام سویسرا سەلماندی: فسفۆری سپی بەکار هاتووە

پەیمانگای لێکۆڵینەوەی واسلینگ کە ناوەندەکەی لە سویسرایە، بە بەڵگەوە سەلماندی کە دەوڵەتی تورک لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لە چوارچێوەی هێرشە داگیرکەرییەکانیدا چەکی فسفۆری سپی قەدەغەکراوی بەکارهێناوە، داواشکرا دادگای سزا نێودەوڵەتییەکان و ڕێکخراوە پەیوەندیدارەکان هەڵوێستیان هەبێت و بکەرانیش لە دادگا نێودەوڵەتییەکان دادگایی بکرێن

 

قسە و باسەکانی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، بەردەوامن، دەستپێشخەریی پاراستنی ڕۆژئاوا لەپەیمانگای لێکۆڵینەوەی واسلینگ لە سویسرا لە تاقیگە پشکینی بۆ بابەتەکە کرد، لەئەنجامی پشکنینەکەدا ئاشکرا بوو، کە دەوڵەتی تورک لەچوارچێوەی هێرشە داگیرکەرییەکانیدا، چەکی قەدەغەکراوی فسفۆری بەکارهێناوە.

 

بە بەڵگەوە ئاشکرا بوو کە فسفۆری سپی بەکارهاتووە

 

پەیمانگای لێکۆلینەوەی واسلینگ نموونەیەکی ئەو ماددەیەی لە جەستەی شەڕڤانێکی برینداری قەسەدەدا بەجێماوە، وەرگرت و لە تاقیگە پشکنینی بۆ کرد و لەئەنجامدا ڕاپۆرتێکی ٤ لاپەڕەیی ئامادە کرد.

 

لەئەنجامی پشکنینەکەدا لەسەر ئامانجی ڕاپۆرتەکە باس لەوەکرا، بۆ ئەوەی بسەلمێنرێت کە ئایا هێزە چەکدارەکانی تورک لە شەڕەکانیدا لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا چەکی کیمیایی وەکو (چەکی فسفۆر) بەکار هێناوە یان نا، نموونەیەک لەو ماددەیە لەجەستەی شەڕڤانێکی بریندار پشکنینی لەسەر کراوە و ئاشکرا بووە کە ماددەی فسفۆر بەکار هاتووە.

 

لەبەردەوامی ڕاپۆرتەکەدا لەسەر ئەنجامی لێکۆڵینەوەکە باس لەوەشکرا، لە نموونەکەدا کە لێکۆلینەوەی لەسەر کراوە، بەکارهێنانی ڕێژەیەکی زۆری فسفۆر ئاشکرا بووە، کە ڕێژەکەی لەوە کەمترە کە لە جەستەی مرۆڤدا هەیە، جگە لەو ڕێژە زۆرەی فسفۆر، شێوازی برینەکەش ئاشکرای دەکات کە چەکی فسفۆری سپی بەکارهاتووە.

 

دکتۆر مانسوران: بەڵگەکان سەلمێنەرن

 

دکتور عەباس مانسوران-ی سویدی، کە بە ڕەچەڵەک خەڵکی ئێرانە بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات قسەی کردووە و وتوویەتی:" ئەو نموونانەی لە جەستەی بریندارەکە وەرمانگرت، لە تاقیگە ئەوروپییەکان پشکنینمان بۆ کرد، تاقیگەی سویسرا دەیسەلمێنێت کە ئەوچەکە بکار هاتووە، دەوڵەتی تورک هەر چەند بابەتەکە ڕەتبکاتەوە، بەڵگەی پێویستمان لەبەردەستدا هەیە کە دەیسەلمێنین و دەتوانین بڕوا بە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بهێنین".

 

ڕاپۆرتەکە ڕادەستی ڕێکخراوی قەدەغەکردنی چەکی کیمیایی و نەتەوە یەکگرتووەکان کرا

 

دکتور مانسوران ڕایگەیاند، ڕاپۆرتی تاقیگەکان لەسەر لێکۆلینەوەی چەکی کیمیایی و ڕاپۆرتی پەیمانگای پاراستنی ڕۆژئاوا ڕادەستی ڕێکخراوی قەدەغەکردنی چەکی کیمیایی و نەتەوە یەکگرتووەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکان کراوە.

 

دکتۆر مانسوران هەروەها تیشکی خستە سەر ئەوەی دەوڵەتی تورک چەکی قەدەغەکراوی بە تایبەت لە سەرێکانی و گرێ سپی بەکار هێناوە و وتی:" پێویستە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی لەبەرامبەر ئەمە بێدەنگ نەمێنێت.

 

دکتۆر مانسوران، ڕایگەیاند، بەکارهێنانی فسفۆری سپی و بۆمبی کیمیایی لەدژی خەڵکی مەدەنی، بنپێکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکانە و پێویستە دادگای سزا نێودەوڵەتییەکان و ڕێکخراوە پەیوەندیدارەکان بکەونە جموجوڵ و بکەرانیش لە دادگا نێودەوڵەتییەکان دادگایی بکرێن.

 

 

Qadirzada.com ©2009 - 2020. All rights reserved