ڕزگارکردنی ڕەقەی بە فەرمی ڕاگەیاند

فەرماندەیی هێزەکانی سوریای دیموکرات- قەسەدە، کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسی بەڕێوەبرد و ڕزگارکردنی ڕەقەی بە فەرمی ڕاگەیاند.

 

ئەمڕۆ لە چوارچوەی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا کە لە شاری ڕەقەدا ئەنجام درا، فەرماندەیی گشتیی هێزەکانی سوریای دیموکرات ڕزگارکردنی تەواوەتی ڕەقەی بەفەرمی ڕاگەیاند.

مەنسور سەلوم، هاوسەرۆکی ئەنجومەنی دامەزرێنەری فیدرالی دیموکراتی باکوری سوریا، فۆزا یوسف، هاوسەرۆکی ئەنجومەنی بەڕێوەبەری ئەنجومەنی دامەزرێنەری فیدرالی دیموکراتی، ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆکی ئەنجومەنی سوریای دیموکرات و ئەندامانی ئەنجمومەنی سوریای دیموکرات و ئەنجومەنی دامەزرێنەری فیدراڵیی دیموکراتی باکوری سوریا و ڕێکخراوەکانی باکوری سوریا و ژمارەیەک ڕۆژنامەنووس لە کۆنگرە ڕۆژنامەنووسییەکەدا ئامادەبوون.

 

فەرماندەیی گشتیی قەسەدە ڕایگەیاند:

 لەلایەن فەرماندەیی گشتیی هێزەکانی سوریای دیموکراتەوە بە سەربەزرییەوە ڕزگارکردنی تەواوەتیی شاری ڕەقە ڕادەگەیەنین کە تیرۆریستەکان بە پایتەختی خۆیان ناوزەدیان دەکرد، ئەو سەرکەوتنە گەورەیەش پێشکەش دەکەین بە هەموو مرۆڤایەتی و بەتایبەتی خێزانی قوربانیانی تیرۆر و هەموو ئەوانەی لە دەستی تیرۆر ئازاریان چەشتووە.

 

هەر بەو بۆنەیەشەوە سەرمان لە ئاست شەهیدەکانمان بەڕێزەوە دادەنەوێنین کە قارەمانانە بۆ ڕزگارکردنی شارەکە ڕۆڵیان گێڕا، بۆ ڕزگارکردنی ڕەقە ٦٥٥ گەنجی سوریی بە کورد، عەرەب، تورکمان و سوریانی و شەڕڤانی بیانیی ئەمریکی، بەریتانی و تورک شەهید بوون و لە ئەنجامدا ٤٥٠ هەزار هاوڵاتیی مەدەنی ڕزگارکران و گوازرانەوە بۆ شوێنە پارێزراوەکان لە شەڕ.

 

سەرکەوتن لە ڕەقە سەرکەوتنێکە دژی دڕەندەیی تیرۆریستەکان، ڕزگارکردنی ڕەقە کۆتایی دێنێت بە داستانی شەڕی دژی تیرۆر لە سوریا، ئەو داستانە لە کۆبانێ دەستیپێکرد، ئەو بەرخۆدانە لە شەڕی دژی تیرۆر لە کۆبانێوە دەستیپێکرد کە ماوەی ١٣٤ ڕۆژی خایەند و لە شەڕی دژی تیرۆر لە ڕەقەش کە دیسانەوە ١٣٤ ڕۆژی خایەند کۆتایی پێهات.

ئێمە وەک فەرماندەیی گشتیی هێزەکانی سوریای دیموکرات بەرێوەبەرایەتی شارەکە ڕادەستی ئەنجومەنی مەدەنیی ڕەقە دەکەین، پاراستنی ئاسایشی شارەکەش دەدەینە دەستی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی ڕەقە، جەخت دەکەینەوە کە هاوڵاتییانی ڕەقە لە چوارچێوەی سوریایەکی دیموکراتی خۆیان بڕیاردەدەن و چارەنووسی خۆیان دیاری دەکەن.

هەروەها ڕاشیگەیاند: بانگەوازیی هەموو هێزە ئازادیخواز و ئاشتیخوازەکان و هەموو ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ دەکەین، کە بە مەبەستی ئاوەدانکردنەوەی ڕەقە هەستیار بن و لەو بارەیەوە ئەرکی خۆیان بەجێبێنن.

بەم شێوەیە بە فەرمی ڕزگارکردنی ڕەقە ڕادەگەیەنین، ئێستا ئەرکمان ئاوەدانکردنەوەی شارەکەیە، بۆیەشە بانگەوازیی هەموو پێکهاتەکانی شاری ڕەقە دەکەین کە لە ئاوەدانکردنەوەی شارەکەدا دەور بگێڕن.

 

 

Qadirzada.com © 2017. All rights reserved