تۆ لەرۆحما دێیت و دەچی

ستار ئه‌حمه‌د

 

تەمەنێكە خاڵیم لەخۆم

هەموو چركەیەك سپی دەچمەوە

وەك ئەو دڵۆپە ئاوانەی

نینوو بۆ لێوی مەراقت

دەبمە چلوورەی شەختەو

لە نیگای وێنەیەكا

بەسەر رازی عەشق و شیعرا دەتوێمەوە

هەر دوێنێ‌ بوو

عومرێكی نوێت

بە خۆم و هەڵبەستم بەخشی

دەمێكە لە ژوانی تۆ دەگەڕام

كاتێ‌ هاتی

دڵم بووە چرۆیەكی ئاڵ

بەسەر پەڕەی

سپی و خاڵیمدا گەشایەوە

پەنجەكانم لە نێو دەستا

سەرخەوێكی چاكیان شكان

ئێستا گەڕیدەیەكم

بەدوای سێبەری باڵاتا ئاوارەم

تۆش ئەستێرەیەكی

لەمن خاڵی

دراوی لەسنگی ئاسمان

وشە بۆ عەشقەزای ئێمە

زار لەخوێنی گوڵ وەردەدا

شیعر لەداخی دووریتا

دەبێتە ئاورنگی شەوڕۆ

من بۆ ئالوودەیی باڵات

تینوو وەك ناخی گڕاویت

شەوانە هەتا بەیان

لە خشپەی دارو

دەنگی ئاسمان رادەمێنم

بەڵكوو لەگەڵ شەونمێكا بێیتە خوارێ‌

لەسەر چڵی عەشقم بنشیتەوە

دەزانی تۆش كە دەمبینی

وەكوو ناخی پڕ حەسرەتم

سپی سپی دەچیتەوە

تۆ لەرۆحما دێیت و دەچیت

هەرگیز لەبیرم ناچیتەوە

 

Qadirzada.com © 2013. All rights reserved