تابلۆی سوور

 

رقم له‌سوور ده‌بێته‌وه‌

بۆیه‌ كه‌هه‌نار ده‌بینم

مه‌مكه‌كانت .. له‌پێش دیده‌م

ده‌بن به‌دوو نارنجۆكی ته‌وقیت كراو

خوێن به‌سنگتا دێته‌خوارێ

ته‌ماشای ئه‌م خاكه‌م ده‌كه‌م

له‌جیاتی باران و به‌فر

هه‌ر خوێناو و ژار ده‌بارێ

......................

كه‌ ده‌تبینم به‌فیزه‌وه‌

كراسێكی سوورو ئاڵت له‌به‌ردایه‌

واده‌زانم جیهان هه‌مووی دۆزه‌خێكه‌و

كۆتی گڕی له‌ملدایه‌

.................................

تۆیش سوورو سوور تێده‌فكری

گڕكانێكی ناخت سوورو

نیگات تابلۆی سوور ده‌نوێنێ

نه‌هه‌ست له‌لات باڵا ده‌كاو

نه‌عه‌شق ده‌توانێ له‌هزری

خوێن مژین هه‌ڵتبسێنێ

........................

هه‌موو شتێك

له‌تابلۆی سوورا ده‌خنكێ

بوون و به‌های له‌ده‌ست ده‌دا

له‌جوانی كاڵ ده‌بێته‌وه‌

بۆیه‌ به‌قه‌د ئه‌م دونیایه‌

رقم له‌سوور ده‌بێته‌وه‌

........................

ستار ئه‌حمه‌د

 

Qadirzada.com © 2016. All rights reserved