سۆراخ

 

ده‌فڕم له‌گه‌ڵ په‌روانه‌یا

بۆت ده‌گه‌ڕێم هه‌موو شوێنێ‌

ده‌ڵێم به‌ڵكوو وه‌كوو گوڵێك

له‌باخچه‌یه‌ك سه‌ر ده‌ربێنێ‌

جێگه‌ نه‌ما مۆری شوێن پێم

برینێكی لێ‌ نه‌دابێ‌

گه‌ڵای داره‌كان ماچ ده‌كه‌م

به‌و نیازه‌ی رۆحتی تیابێ‌

بولبولێك لار ببێته‌وه‌

له‌لانه‌كه‌ی گیانی ده‌رچێ‌

به‌فرمێسك پاك ده‌یشۆمه‌وه‌

وا هه‌ست ده‌كه‌م له‌تۆ ده‌چێ‌

شنه‌ی بایه‌ك به‌ئاسته‌م دێ‌

باوه‌شی بۆ ده‌گرمه‌وه‌

ده‌ڵێم به‌ڵكوو ئه‌مه‌ خوایه‌

له‌ئاسمانا بتدۆزمه‌وه‌

تنۆكی بارانێك وێڵبووی

به‌ناخی زه‌مینا رۆچووی

مردم هێنده‌ بۆت بگه‌ڕێم

ناتبینمه‌وه‌ له‌ده‌ستم چووی

له‌پاش تۆ تابلۆی ژیانم

جوانیه‌كی تیا نه‌ماوه‌

به‌جه‌سته‌مدا دێیت و ده‌چی

وه‌كوو خوێناوو هۆنراوه‌

له‌چی سۆراخت بپرسم

له‌ با .. گه‌واڵه‌ یان زریان

له‌و رۆژه‌وه‌ی لێم دابڕای

بێ‌ مانایه‌ بوون و ژیان

 

ستار ئه‌حمه‌د

 

Qadirzada.com © 2009 - 2020. All rights reserved