رژان

ستار ئه‌حمه‌د

 

عه‌شقی رژاوت

له‌باده‌یه‌كی شكاوا كۆده‌كه‌مه‌وه‌

به‌رامه‌ی وشه‌م

به‌سه‌ر ده‌رونتا په‌خش ده‌بێ‌

نه‌تۆ له‌رازم تێده‌گه‌یت

نه‌ده‌روونم

له‌چێژی میهربت تێر ده‌بێ‌

به‌دوای شیعرێكا ده‌گه‌ڕێم

رووت وه‌كوو جه‌سته‌ی بێنه‌وات

دوور له‌هه‌موو هه‌ودابوونێك

چوون پرچی ته‌نیایی سه‌ودات

له‌به‌سته‌یه‌كا ده‌خنكێم

ژاكاو به‌شێوه‌ی رۆژگارو

فڕێدراو

وێنه‌ی كۆرپه‌ی سوزانییه‌ك

نه‌باوكی خۆی بناسێت و

نه‌ په‌ڕه‌ی ناسنامه‌یه‌كی روو زه‌رد

ناوی له‌سنگیا هه‌ڵگرێ‌

خۆشه‌ویستی هه‌ڵكروزاوم

په‌رش و بڵاو

له‌كاسه‌یه‌كی شكاوا

له‌سه‌ر مێزێكی ئیفلیج و

ژوورێكی ئاوس به‌شه‌وبا

كێ‌ ده‌توانێ‌

یه‌ك دوو پێكی لێ‌ هه‌ڵبدا

له‌پشت ده‌رگه‌ی

باخچه‌ی حه‌زا

ناونیشانێك بۆ نۆبه‌ره‌ی

ئه‌م هه‌سته‌ی من ناونووس بكا

به‌ئاسته‌مێك گوڵێك

به‌ نیگات داپۆشێ‌

ده‌روونم رووت بكاته‌وه‌

چه‌ندین په‌یڤی هه‌ڵقرچاوو

عیشقی رژاوی ژووره‌كه‌م كۆكاته‌وه‌

 

 

Qadirzada.com © 2009 - 2015. All rights reserved