پارچەكانم كۆكەنەوە

ستار ئەحمەد

 

تەنكەی رۆحم بگرەو

گوللەیەكی تیا بچێنە

دڵم لەگڵێك خوڵقاوە

قەڵەمی تێدا سەوز  نابێت

ئیتر مەكۆشە

بۆ شینبوونی

تۆوی ئەوین و تەبایی

من لەگەڵ خۆمدا لەشەڕم

لەگەڵ گیانی خۆمدا ئاشت نابمەوە

چۆن دەتەوێت ئاوێزانی جەرگمت بكەم

من نازانم خۆم چەند پارچەم

ناتوانم خۆم كۆكەمەوە

لەكەرتێكما با دەبارێ

زریان دەسووتێ

هەوار بەلادا دێ و

 شووشەی دەروون دەشكێ

لەكەرتێكی ترما

مێز دەڕازێننەوە

پارە بەسەر مێدا دەكەن

كچ دەفرۆشن

خاك هەڕاج دەكەن

نانی نەداران دەبڕن

شیر لەدەمی مناڵ دەگرنەوە

زار لەرەگەوە هەڵدەكێشن

نووسەر بەسەر بەردا رادەكێشن

كەرتەكانی لەشم بۆ ناژمێررێ

كەركوك " كوبانی

ستجار " دیاربەكر

بادینان  " سۆران

كویستانم یان یادینان

من دوو هەزار سەرو

ملیۆنێك جەستەم

بەڵام یەك رۆحم تێدا نییە

جەستەم بناسێتەوە

لەقامیشلووەوە هەتا زوممار

تەنی منەو لەدار ئەدرێ

لەخەلیفانەوە هەتا بۆكان

مێنەی منەو ئەتك ئەكرێ

جامانییەكانتان داكەنن

ئیتر بەسە

ئاڵاكانتان ریسوا مەكەن

سەرتان بووە بەداعش و

دڵتان بەئەتاتورك

دەستێكتان ژێر دەستەی خۆرئاواو

ئەوی دیكەتان خۆرهەڵات

خێراكەن كۆمكەنەوە

مەمكەن بەچیایەك

پڕم مەكەن لەباڕخانەو

سەماكەرو

خۆ كوژەكان

بمكەن بەدادگای ماف و

هەڵەبجەك لەناخمدا پاراو بكەن

كەركوكێكم لێ دروست كەن

ببێتە باوانی یەزیدی

مەسیحی و قەڵەم و

شیعرو گوڵ

هەتا كەی

لەپارچەكانی مندا

گوللە ببارێ

رەز بسووتێ

هەناوم ببێتە هێلانەی داڵاش و

روومەتم ردێنی خوێناوی دەربێنێ

ئەمە چ زەمەنێكە

رۆژێكم سات كوژەو

كاتێكم رووخان

دەمێكم سەربڕین

ئەمە چۆن كارەساتێكە

شەوانم پێشمەرگەو

رۆگارم داعش و

سەرمانگم قوربانی و

سەر ساڵم كۆچبارو هەڵفڕین

وەرە ئیتر تەواو

لەمە زیاتر لێكم مەترازێنە

پارچەكانم وردو خاش بوون

من دڵێكم لەشووشە

بەبەفر پینە ناكرێم

جەرگێكم لەئاورێشم

بەئاگر زامەكانم ساڕێژ نابێت

خۆت لەقەرەی ناخم مەدە

كەسم نەبێت

دەروونم دەبێتە لاقاو

ناخم خاكێكی ئاگرین

دەتسووتێنم

بەرووی تۆو

هێرشبەرا ئەتەقمەوە

دار گوێزێكم

هەموو ساتێك دەژێمەوە

دەبمە سەنگەری پێشمەرگەو

داڵدەی كوردان

دەبم بەكەركوكی گڕو

رۆح و هەناوی كوردستان

 

27 / 11 / 2015 ـــــ كەركوك

 

Qadirzada.com © 2009 - 2015. All rights reserved