من و شێعر

ستار ئه‌حمه‌د

ئه‌و شه‌وانه‌ی

ئه‌و ده‌بێته‌ میوانداری ساته‌كانی

من‌و شیعر

به‌ چه‌شنی دایك‌و كۆرپه‌یه‌ك

یه‌كتر ده‌گوشین تا به‌یانی

وه‌ك په‌روانه‌

له‌ ژێر سایه‌ی زوڵفه‌كانی

په‌ڕو باڵم هه‌ڵده‌وه‌رێ

تۆ بڵێی په‌رچه‌می كاڵی

شیله‌ی شیعری پشكۆ بگرێ

ئه‌گینا چۆن

له‌گه‌ڵ چرپه‌ی هه‌ناسه‌ی ئه‌و

ده‌كه‌ومه‌ گڕو گاڵ‌و ستران چڕین

كانێك به‌ خۆما دێمه‌وه‌

من‌و پێنووسی سه‌رگه‌ردان

به‌ره‌و كانگای گڕ هه‌ڵده‌فڕین

ئه‌و ده‌بێته‌ مۆمێكی زه‌رد

هێمن.. هێمن

به‌ بێ ده‌نگی كز ده‌سووتێ

جه‌سته‌ی شیعریش

شه‌كره‌ به‌فره‌و ده‌توێته‌وه‌

سه‌یره‌ ته‌نم گڕاوییه‌

په‌نجه‌كانم بۆنی به‌فرو

تریفه‌ی مانگ‌و

گزنگی به‌یان‌و

بسكۆڵه‌ی ئه‌ویان لێوه‌ دێ

من له‌ دایكم تێر نابم

شیعریش له‌من

رۆژ له‌ ماچی گۆنای زه‌مین

مانگ له‌ به‌رۆكی ئاسمان

سوور ده‌زانم بێباڵاكه‌ی

له‌ كۆشی كه‌سێك ناسره‌وم

ئای دایكه‌ گیان

كۆچه‌كه‌ی تۆو ئه‌وینی ئه‌و

به‌ یه‌كجاری دڵمیان سووتان

 

Qadirzada.com © 2009-2014. All rights reserved