جەفای رۆژگار

 

سەرابێكم لەدووكەڵ

ئاگر بووەتە ماڵم

بووم بە بێچووی قەقنەسێك

سووتا لانەو دووباڵم

......................

فڕین لەگڕ فێر بووم و

مردن لەنێڵەی پشكۆ

رەشە تابلۆی ژیانم

دوور لەشادی و عومری تۆ

...............................

جەفای شومی رۆژگارم

هەناسەی گەرمەسێرم

ئەمە كۆتایی ژینمە

پەیام بۆكێ بنێرم

...........................

دڵسۆزێك بەدی ناكەم

فرمێسكی بۆ هەڵڕێژم

شوێنێك نییە لەهۆبەم

چڵێكی لێ بنێژم

...................................

چوارچێوەم تیشكی سوورە

ناخم گڕكانی رەژوو

ئاییندەو ئەمڕۆم كۆچە

سووتان ساتی رابردوو

.............................

سكاڵام بۆ كێ بەرم

كێ گوێ دەگرێ لەنەدار

لەكەلاوەی رووخاوما

بوومە سوتووی چڵی دار

...............................

خودایە سوپاس بۆ تۆ

باری سەختت رەوایە

تەمەنم بەفیڕۆ چوو

ژیان چەند بێ مانایە

................................

هاتوومەتە بەر دەرگەت

بەڵكوو لەدونیاكەی تر

دووربم لەدەردەسەری و

سزادانی نێو ئاگر

 

ستار ئەحمەد

 

Qadirzada.com © 2016. All rights reserved