ئاشنا

ستار ئه‌حمه‌د

 

گیانم به‌ پێڵووی باران ئاشنایه‌

دڵم مه‌زرایه‌ له‌سه‌ر هیوای ژان

چاوانم كانی كه‌نارێك سه‌خته‌

مێشكم كابینه‌ی گوڵزاری ویژدان

* * *

زارم به‌گڕێك وشه‌ی هه‌ڵواسی

چاوانی پێوای بارگه‌ی كه‌مه‌ن گیر

ئه‌برۆم له‌تاوا بووه‌ به‌ربه‌ستی

په‌پووله‌ی پێكا به‌نیگای دڵگیر

* * *

خوێنم بۆ گۆڕێك كه‌وته‌ قه‌ڵبه‌زه‌

ناخم تینوو بوو بۆ شنه‌ی بزه‌

هه‌ڵبه‌ستێكی ئاڵ بووه‌ لایلایه‌

بۆ كۆرپه‌ی دڵێك ئاواتی به‌رزه‌

* * *

سه‌راپا ژینم گوڵدانی گوڵ بوون

لێوانم ده‌می كانی گڵی سوور

جه‌رگم وه‌ك هه‌تاو له‌ورشه‌دا بوو

بۆ ڕووی هیرۆیه‌ك بێ بۆیه‌ و كلتوور

* * *

له‌هه‌ر نسارێك باوێشكم دابێ

مۆری ئه‌مه‌كم كوڵمی كانیاوه‌

گه‌ڵای ته‌مه‌نی حه‌زێك كه‌وتبێ

رووی سوور و ئاڵه‌ چه‌شتی هۆنراوه‌

* * *

بۆیه‌ هه‌ناسه‌م بۆنی گوڵاوه‌

تاسه‌م مێخه‌كی بووكی كه‌ژاوه‌

په‌ڕه‌ی ده‌روونم پاك و بێگه‌رده‌

ئاشنام بارانه‌ و دایكم هه‌تاوه‌

 

 

Qadirzada.com © 2009-2022. All rights reserved