(( برا ))

ساڵه‌كانمان دابه‌ش ده‌كه‌ن

رۆژه‌كان ده‌به‌ن بۆ خۆیان

خوانی ماڵه‌كان ده‌دڕن و

نانی نێو ده‌ممان ده‌فڕێنن

شیعر له‌زێراب ده‌هاوون

قه‌ڵه‌می ده‌ستمان ده‌شكێنن

هه‌رچی جوانه‌ بۆ ئه‌وانه‌

به‌ناوی كورده‌وه‌ ده‌خۆن

ده‌خۆنه‌وه‌

پاره‌ ـ پله‌ ـ ئاسووده‌یی

بۆ خۆیان كۆده‌كه‌نه‌وه‌

میلله‌ت برسی

ورته‌یه‌ك به‌زاریا نایه‌

هه‌ر شانامه‌ی هه‌زار ساڵه‌ ده‌گێڕنه‌وه‌

ئه‌وانیش جوان خوێنی ئێمه‌

نۆش ده‌كه‌ن و

بوونه‌ته‌ شه‌ریك پێكه‌وه‌

به‌ناوی خواو پیاوچاكه‌وه‌ قسه‌ ده‌كه‌ن

قووتی یه‌ك به‌یه‌كمان ده‌به‌ن

نه‌بڕایه‌وه‌

فریودان و گاڵته‌جاڕی

حیزبایه‌تی و سه‌گ بازاڕی

هه‌موو شتێكیان بێزان و

خاكیان فرۆشت

گه‌لیان مران

كه‌ده‌گاته‌  پوول و ناوگه‌ڵ

هه‌موویان ڕێك وه‌كوو بران

ستار ئه‌حمه‌د

 

Qadirzada.com © 2009 - 2020. All rights reserved