ئایا بەفەرمانی "ستالین"، حیزبی دیموكراتی كوردستان دامەزرا؟

 

 

ئا: ئاوێنە

 

ئەمڕۆ حیزبی دیموكراتی كوردستان – ئێران، ئاهەنگی 75 ساڵەی دامەزراندنی دەگێڕێت، هێشتا چۆنیەتی دامەزراندنی ئەم حیزبە جێی لێكدانەوەی جیاوازی توێژەر‌و مێژوناسانە، ئایا حیزبی دیموكراتی كوردستان بەفەرمانی "ستالین"‌و "باقرۆف" دامەزرا؟ یاخود بەبڕیاری سەربەخۆی سیاسی كورد خۆی؟

 

 

ئێران‌و سۆڤیەت‌و ئەمەریکا

 

پاش داگیركردنی ئێران لەلایەن هێزەكانی هاوپەیمانانەوە لەگەرمەی جەنگی دوەمی جیهانی‌و لەكارخستن‌و دورخستنەوەی رەزا شا لەدەسەڵات، باكوری ئێران كەوتە دەست هێزەكانی سوپای سوری سۆڤیەتەوە، كە بەشێوەیەكی سەرەكی ناوچەی ئازەربایجان‌و بەشێكی كەم لەرۆژهەڵاتی كوردستانی دەگرتەوە (ناوچەی موكریان).

هەرچەند جەنگی دوەم بەرەو كۆتایی دەڕۆیشت، ململانێی نێوان هێزەكانی هاوپەیمانیش زیاتر بەرەو گەورەتر بون دەچو لەپێناو كۆنترۆڵكردنی هەرچی زیاتری روبەرەكانی ئەوروپا‌و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست‌و باشوری رۆژهەڵاتی ئاسیادا.

لەم ململانێ‌‌و كێشمەكێشەدا، یەكێتی سۆڤیەت لەلایەك‌و ئەمەریكاو بەریتانیا لەلایەكی ترەوە سەرسەختانە لەزۆرانبازیدا بون‌، ئێران بەهۆی هەڵكەوتەی جوگرافی‌و بونی نەوتەوە، بایەخێكی ستراتیجی هەبو بۆ هەردوولایان.

 

 

 

"ستالین" گورجییەكی سەرسەخت

 

ستالین (1879 - 1953) سەركردەی یەكێتی سۆڤیەت، لەكۆتایی جەنگی دوەمی جیهانیدا یەكێك بوو لەدیکتاتۆرە هەرە دەستڕۆشتوەكانی جیهان، ئەو بەلشەفیكێكی توندڕەوی گورجی بو، كە پاش شۆڕشی ئەكتۆبەرو مەرگی لینین، باڵاترین پۆستی رژێمی تازە دامەزراوی بەلشەفیكەكانی لەدەستدا بو: سكرتێری گشتی حیزبی كۆمۆنیستی سۆڤیەت.

ستالین، پێش شۆڕشی ئەكتۆبەر، بۆ ماوەی سالانێكی زۆر دیارترین سەركردەی بەلشەفیكی ناوچەی قەفقاس بو، بایەخێكی تایبەتی بەو ناوچەیە دەدا كە ئازەربایجان‌و گورجستان‌و ئەرمەنستانی تیا هەڵكەوتوە. پێش ئەوەی بشبێت بەسكرتێری گشتی حزبی كۆمۆتیستی سۆڤیەت، لێپرسراوی كاروباری نەتەوەكان بو، كتێبێكیشی دەربارەی چۆنیەتی چارەسەری كێشەی نەتەوەیی نوسی بو. پێش سەركەوتنی شۆرشی ئەكتۆبەریش لەبڕینی بانكێكدا لەباكۆ بەشداری كرد بو لەپێناو دابین كردنی بودجەی حیزبەكەیدا.

بەپێی لێدوانی چەند مێژوونوس‌و توێژەرێكی ئێرانی‌و ئازەریی بۆ "رادیۆ فەردا"، بەڵگەنامەیەك پاش هەرەسهێنانی یەكێتی سۆڤیەت بڵاوكراوەتەوە، کە تیایدا بەڕونی ئاماژە بەوە کراوە لەساڵی 1945دا كۆبونەوەیەكی كۆمیتەی ناوەندی حیزبی كۆمۆنیستی سۆڤیەت بەئامادەبونی ستالین ئەنجامدراوەو لەكۆبونەوەكەدا بڕیار لەسەر هاندانی بزاڤی جوداخوازیی لەئازەربایجان‌و كوردستانی ئێران دراوە.

بەپێی بڕیارنامەكە كە واژۆی ستالینی پێوەیە، میر جەعفەر باقرۆفی سەركردەی ئازەربایجانی سۆڤیەت راسپێردراوە حیزبی نەتەوەیی‌و جوداخواز لەئازەربایجان‌و كوردستانی ئێران پێكبهێنێت، بەمەبەستی زیاتر فشار خستنە سەر دەوڵەتی ئێران تا ئیمتیازی دەرهێنانی نەوتی باکور بدات بەدەوڵەتی سۆڤیەت.

 یەكێك لەبەندەكانی ئەم بڕیارە بەفەرمانی ستالین پەیوەندی بەكوردەوە بوە، بەمەبەستی هاندانیان بۆ جیابونەوەو دروستكردنی ناوجەیەكی خودموختار‌و بڵاوكردنەوەی كتێب‌و رۆژنامە بەزمانی كوردی.

 

 

باقرۆف، عەرابی كۆماری ئازەربایجان‌و كوردستان

 

میر جەعفەر باقرۆف (1892 - 1956)، یەكێك بو لەبەلشەفیكە شەڕەنگێزە ئازەرییەكان، كە لەسەردەمی دەسەڵاتی ستالیندا، لەنێوان ساڵانی 1932 تا 1953 سەرۆك كۆمار‌و سكرتێری گشتی حیزبی كۆمۆنیستی ئازەربایجانی سۆڤیەت بو، ئەو کۆمارەی بەوپەڕی ئیستیبدادییەوە بەڕێوەبرد.

باقرۆف پێش ئەوەی ببێت بەسەرۆك كۆماری ئازەربایجانی سۆڤیەت، چەندین بەرپرسیاریەتی گرنگی وەك فەرماندەی سەربازیی‌و سەرۆكی دادگا‌و لێپرسراویی دەزگای پۆلیسی نهێنی لەئەستۆ گرتوە.

مێژونوسان ئاماژە بەوە دەكەن كە باقرۆف‌و بێریا كە ئەمیان ئازەری‌و ئەویشیان گورجی بوە، رۆڵی سەرەكییان هەبوە لەوەی ستالین زیاتر دەستوەردان لەئێراندا بكات، لەبەرئەوەی باقرۆف خەونی بەپێكهێنانی ئازەربایجانی گەورەوە بینیوەو هەوڵیداوە ئازەربایجانی باشور (ناوچەی ئازەربایجانی ئێستای ئێران) لەگەڵ ئازەربایجانی باكور (كۆماری ئازەربایجانی ئێستا) لەكۆتایی جەنگی دوەمی جیهاندا بەهۆی وەرچەرخانە مێژووییە گەورەكان‌و گۆڕانكاریی لەهاوكێشەی هێزی ئەو رۆژگارەدا، بەسەركردایەتی ئەم یەكبگرنەوە.

پەیوەندی سۆڤیەت‌و باقرۆف بەتەبرێزەوە زۆر گەرمتر بو بەراورد بەمەهاباد، بەحوكمی ئەوەی باقرۆف خۆی ئازەرو خەونی بەئازەربایجانی گەورەوە دەبینی‌و ئازەربایجانیش بەراورد بەكوردستان، ئاوەدان‌و گەشەكردوتر بو لەڕوی ئابوری‌و سیاسی‌و ئەدەبیشەوە.

بڕەیارەكەی كۆمیتەی ناوەندی حیزبی كۆمۆنیستی سۆڤیەت بەفەرمانی ستالین دەدرێت بەباقرۆف بەمەبەستی جێبەجێكردنی‌و ستالین پێشنیاری كردبو ئەو رێكخراوەی ئازەرییەكان لەئێران دایدەمەزرێنن ناوی فرقە یان حیزبی دیموكراتی ئازەربایجان بێت.

بۆ ئەو مەبەستە باقرۆف وەك پابەند بوون بەم بڕیارەی ستالین‌و كۆمیتەی ناوەندی حیزبی كۆمۆنیستی سۆڤیەتەوە، سەركردەكانی ئازەربایجانی ئێران بانگ دەكاو رایاندەسپێرێت فرقە دیموكراتی ئازەربایجان دابمەزرێنن.

هاوكات قازی محەمەد‌و چەند كەسایەتییەكی ناسراوی كوردیش داوەت دەكات بۆ باكۆ، قازی محەمەد پاش سەردان كردنی باكۆو دیدارو كۆبونەوەی لەگەڵ باقرۆف، كە دەگەڕێتەوە بۆ مەهاباد، كۆمەڵەی ژیانەوەی كورد (ژێ‌ كاف) هەڵدەوەشێنێتەوەو حیزبی دیموكراتی كوردستان- ئێران دادەمەزرێنێت.

واتە هێشتا فرقەی ئازەربایجان دانەمەزرا بوو، كە قازی محەمەد كۆمەڵەی ژێ‌ كاف-ی هەڵوەشاندەوەو حیزبێكی نوێی دامەزراند.

 

حیزبی دیموكراتی كوردستان‌و

فرقەی دیموكراتی ئازەربایجان

 

حزبی دیموكراتی كوردستان‌و فرقەی دیموكراتی ئازەربایجان، ئەو دو رێكخراوە سیاسییە بون كە لەكۆتایی جەنگی دوەمی جیهانیدا دامەزران‌و سەرۆكایەتی دامەزراندنی كۆماری كوردستان‌و ئازەربایجانیان كرد‌و دامەزراندنیان بوە گەورەترین كێشەی ئێران لەدوای جەنگ.

هەردوكیان "حزب‌و فرقە" خوازیاری كۆماری خودموختاری نەتەوەیی‌و بەكارهێنانی زمانی دایك‌و پێشخستنی ناوچەكانیان بون بەدور لەدەسەڵاتی ناوەندی.

پشتیوانی گەورەی كۆماری ئازەربایجان‌و كوردستان‌و حیزبی دیموكراتی كوردستان‌و فرقەی دیموكراتی ئازەربایجانیش تەنها یەكێتی سۆڤیەت‌و سوپای سور بو.

هەرچەندە بەروكەش حزب‌و فرقە دۆست بون‌و لەپێناو ئامانجێكی هاوبەشدا دامەزرا بون‌و سەرەنجام یەک چارەنوسی هاوبەشیان هەبو، بەڵام پەیوەندییەكی دۆستانەی راستەقینەیان لەنێواندا نەبو، بەهۆی ناكۆكی دێرینی ناسیۆنالیستی كوردو ئازەریی‌و ململانێیانەوە لەسەر دیاریكردنی ناوچە سنورییەكانی نێوان دو کۆمارە تازە دامەزراوەکە.

هاوكات بەحوكمی پێشكەوتوتربونی ناوچەی ئازەربایجان‌و رۆڵی دیارتری لەروداوە مێژوویی‌و سیاسیەكانی ئێراندا، زیاتر خاوەنی نوخبەیەكی رۆشنبیر‌و هونەرمەندو نوسەری دیار بون، بەڵام كوردستان هێشتا زیاتر سیمایەكی خێڵەكی بەسەردا زاڵ بو.

فرقەی دیموكراتی ئازەربایجان وەك لقێك لەحیزبی تودە دەجوڵایەوەو حیزبی دیموكراتی كوردستان وەك حیزبێكی ناسیۆنالیستی.

سەركردەکانی حیزبی دیموكرات‌و فرقەی دیموكراتیش، دو كەسایەتی تەواو جیاواز بون، جەعفەری پیشەوەری كەسێكی چەپ‌و ماركسی‌و هەواداری سەرسەختی یەكێتی سۆڤیەت بو، لەبەرامبەردا قازی محەمەد وەك پیاوێكی ئایینی سونی دەردەكەوت كە مەیلی ناسیۆنالیستی كوردی تیا بەهێز بو.

 

 

 

حیزبی دیموكراتی كوردستان‌و فەرمانەكەی ستالین

 

هەرچەندە بەشێك لەتوێژەرو مێژونوسانی ئازەری‌و کورد ئاماژە بەوە دەكەن كە بەپێی بەندی سێهەمی بریارەكەی كۆمیتەی ناوەندی حیزبی كۆمۆنیستی سۆڤیەت، حیزبی دیموكراتی كوردستان‌و فرقەی دیموكراتی ئازەربایجان بەفەرمانی ستالین دامەزراون، بەڵام ئەم بۆچونە لەلایەن توێژەرانی كوردەوە سەرسەختانە رەتدەكرێتەوە، بەو پێیەی كورد خاوەنی بڕیاری سیاسی سەربەخۆی خۆی بوەو یەكێتی سۆڤیەتیش هەرگیز پشتیوانی لەجیابونەوەی كورد نەكردوەو خوازیاری كوردستانێكی سەربەخۆ نەبوە.

"عەباس وەلی" توێژەرو مێژونوسی كورد لەمبارەوە بە"رادیۆ فەردا"ی راگەیاندوە كە دامەزراندنی حیزبی دیموكراتی كوردستان دەرەنجامی گەشەی سیاسی كورد‌و مێژووكرد بوە، نەك لەئەنجامی فشار‌و راسپاردەی دەرەكی.

وەلی ئاماژە بەوە دەكات بەپێچەوانەی فرقەی دیموكراتی ئازەربایجانەوە، حیزبی دیموكراتی ئازەربایجان پێشینەیەكی سیاسی رێكخراوەیی هەبو، كە رەگ‌و ریشەی لەناسیۆنالیستی كوردیدا داكوتا بو، بەسەرنجدان لەوەی پێش ئەوەی قازی محەمەدو باقرۆف-یش كۆببنەوە كۆمەڵەی ژێ‌ كاف چالاك بوە، لەبەرئەوە حیزبی دیموكراتی كوردستان بەهەماهەنگی لەگەڵ هێزێكی گەورەی دەرەكی‌و بۆ خۆگونجاندن لەگەڵ گۆڕانكارییەكانی ئەو سەردەمەدا دامەزراوە كە موكریانی لەبندەستدا بوە، نەك بەفەرمان‌و راسپاردەی ستالین‌و باقرۆف.

 

هەرچەندە لەیەكچونی ناوی حزبی دیموكرات‌و فرقەی دیموكرات بەپێی بەندی دوەمی فەرمانەكەی ستالین بەمەبەستی پێكهێنانی حیزبی ناسیۆنالیستی‌و جوداخواز لەئێران، ئەو گومانە دروست دەكات كە حیزبی دیموكراتیش بەفەرمانی ستالین‌و لەسەر راسپاردەی میر جەعفەر باقرۆف دامەزراوە، نەك ئەوەی رەگ‌و ریشەی لەكۆمەڵەی ژێ‌ كاف بێت، چونكە لەڕوی ئامانج‌و پرۆگرام‌و بەرنامەی كارەوە تەواو جیاواز‌و بگرە ناكۆكیش بو، حیزبی دیموكرات بەپێچەوانەی كۆمەڵەی ژی كاف، ئامانجی نەكوردستانی گەورەو نەكوردستانی سەربەخۆ بو، قازی محەمەد حیزبێكی دامەزراند هاوشێوەی ئەوەی فرقەی دیموكرات كە پیشەوەری بەفەرمانی ستالین‌و لەسەر خواستی باقرۆف‌و دەسپێشخەریی مۆسكۆ دایانمەزراند بو.

 

 

Qadirzada.com ©2009 - 2020. All rights reserved