هه‌ر تۆم ده‌وێت

بۆکوێ ده‌ڕۆی هه‌ناسه‌که م

که‌ی وه‌ختی ماڵئاواییه‌

هێشتا کۆرپه‌ی حه‌زی عیشقم

چاوه‌ڕێی دڵنه‌واییه‌

تۆ ئه‌زانی ئه‌م به‌هاره‌

به‌ خونچه‌یی گوڵم ده‌مرێ

گه‌ر ده‌ستی تۆ نه‌یدات له‌ دڵ

باخچه‌ی ئه‌م ڕۆحه‌م ئه‌وه‌رێ

ئه‌و شه‌وانه‌ی تا به‌یانی

به‌ دیار ڕوناکی مانگه‌ شه‌و

په‌یامی عه‌شقت پێ ئه‌دام

بۆچی ئه‌یده‌یت به‌ دڵی ئه‌و

گیانه‌که‌م چۆله‌که‌ی حه‌زم

هه‌ڵکوڕماوه‌ به‌ بێنازی

چاوه‌ڕێی وه‌ڵامی تۆیه‌

ده‌ربازبم له‌ لانه‌وازی

یه‌کلایه‌نه‌ خۆشم ویستی

به‌ڵام خۆتت کرده‌ فیدام

ئه‌ی که‌ ئێستا شۆخێکی تر

دڵی بردوی چیت لێ بکه‌م

پیرۆزت بێت شیرینه‌‌که‌م

ئه‌و کیژه‌ی له‌ خشته‌ی بردی

هاکه‌ هه‌واڵم پێگه‌یشت

ئه‌ڵقه‌ی زاوای له‌ ده‌ست کردی

منیش شه‌وان تا به‌یانی

به‌ دیار نامه‌ و شعره‌کانت

کۆڕی بێداری ده‌به‌ستم

ئه‌یکه‌م به‌ مۆم وێنه‌کانت

بۆ خۆت بژی له‌گه‌ڵ شۆخت

ناتوانم ماڵئاوا بکه‌م

گه‌ر په‌نجه‌م داوای ئه‌ڵقه‌ی کرد

هه‌ر ئه‌ڵقه‌که‌ی تۆی تێ ده‌که‌م
 

سروه‌ دڵخۆش

سوید


Qadirzada.com © 2009. All rights reserved