شێخ ڕەزای تاڵەبانی

شێخ رەزای‌ تاڵەبانی (١٨٣١-١٩١٠) ناوی ڕەزای کوڕی‌ شێخ عەبدولڕەحمانی‌ تاڵەبانی کوڕی‌ مەلا ئەحمەدی‌ کوڕی‌ مەلا مەحموودی‌ زەنگەنـەیە کوڕی یوسف ئاغای زەنگەنەیە، سـاڵی‌ ١٨٣١ لەگوندی‌ قرخی‌ نزیک چەمچەماڵ لەدایک بووە، لە تەمەنی‌ حەوت ساڵیدا لای‌ شێخی‌ باوکی‌ دەستی‌ بەخوێندن کردووە، لەتەمەنی‌ بیست و پێنج ساڵی‌یەوە خۆی‌ بە خوێندنی‌ ئەدەبیاتی‌ عەرەبی و فارسی و تورکی خەریک کردووە ، ساڵی‌ ١٨٦٠ چووە بۆ ئەستەمبوڵ و ماوەی‌ دوو ساڵ لەوێ‌ ئەبێ‌ و پاشان ئەگەڕێتەوە بۆ کەرکوک، دوای‌ مردنی‌ باوکی‌ ئەچێ‌ بۆ کۆیەو لای‌ شێخ غەفوری‌ مامی‌ زیاتر لەشەش مانگ ئەمێنێتەوە و بەتەمای‌ کچەکەی‌ ئەبێت بەڵام مامی‌ رازی‌ نابێ‌ و ئەویش ئەڕوات بۆ کەرکوک، ساڵی‌ ١٨٦٦دا بۆ جاری‌ دووەم ئەچێتەوە بۆ ئەستەمبوڵ، لەرێگەی‌ میسرەوە ئەچێ‌ بۆ حەج، ساڵی‌ ١٨٨٤ ئەگەڕێتەوە بۆ کەرکوک و زۆر جار ھات و چۆی‌ وەسمان پاشاو مەحمود پاشای‌ جاف و پیاوە گەورەکانی‌ ئەو ناوەی‌ کردووە، خێزانی‌ وەسمان پاشا، عادیلە خانم ھەمیشە دیاری‌ بۆ داناوە و یارمەتی‌ بۆ ناردووە، ساڵی‌ ١٨٩٨ ئەچێ‌ بۆ بەغدا و لە تەکیەی‌ تاڵەبانی‌ دانیشتووە، پەیوەندی‌ بەتینی‌ لەگەڵ بنەماڵەی‌ سەلیم بەگی‌ بابان و سەید عەبدولرەحمانی‌ نەقیب دا ھەبووە. زۆربەی‌ شیعرەکانی‌ لە بابەتی‌ ھەجووکردن بووە. شێخ رەزای‌ تاڵەبانی‌ ساڵی‌ ١٩١٠ لە بەغدا کۆچی‌ دوایی‌ کردووە.

 

Qadirzada.com © 2017. All rights reserved