بۆ هونەرمەند محەمەدی پەروێزی

 

 

شەماڵ عادل سەلیم

  

وێرای سڵاورێزم بۆ جەنابتان ، دەستخۆشیتان لێ دەکەم بۆ ئەولاوانەوەیە سەرنجڕاکێشەی کە لەبەرنامەی ( عصر جدید ) لەسەر هەلەبجەوئەنفال پێشکەشتان کرد ، بەڵام ئەوەی مایەی نیگەرانی  و سەرسوڕمانی من وهەزارانی وەک منە ،ئەوەیە کە بەبێ بەڵگە گوتت  ئایدنی فرۆکەوان لەسەر رەتکردنەوەی بریاری بۆمباباران کردنی هەڵەبجە ،حزبی بەعس لەسێدارەی داوە  ، ئاخر ئەو هەواڵە پێچەوانەی راستییە ، چونکە شەهید ئایدن لەسەر داکۆکی کردنی لە کێشەی ڕەوای نەتەوەکەی ( نەتەوەی تورکمان ) ، لەلایەن ریژێمی بەعس  پێش ژەهربارانی هەڵەبجە بەساڵێک گیراوە ، دوای ساڵێک مانەوەی لە زیندان و رێک لە ١٩٨٨ لەسێدارە دراوە .

هەربۆزانینی جەنابتان وئەوبەرێزانەی  ڕاستی هۆکاری لەسێدارەدانی ئایدنی بەرەگەز تورکمان وخەڵکی کەرکوک نازانن ، وا لەرێگای رۆژنامەی ئاوێنەوە جارێکی دیکە بۆ سەلماندنی ئەو ڕاستییەی کە عەقیدی فرۆکەوان ئایدن مستەفا خەتیب زاد لەسەر هەڵەبجە لەسێدارە نەدراوە ، پێم باشە زۆربەکورتی سەرنجی هەموولایەک بۆ ئەم خاڵانەی خوارەوە ڕابکێشم :

 

١ ـ لەدیمانەیەک لەگەڵ کەناڵی ئاسمانی تورکمان ایلی  دا ، خێزانی شەهید  ئایدن ی فرۆکەوان بەرێز ( تورکان قەساب باشی)  ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک لەسەر لیستی بەرەی تورکمانی دەڵێت : شەهید ئایدن لەسەر خەبات و تێکۆشان و دڵسۆزی بۆ نەتەوەی تورکمان لەساڵی ١٩٧٨ لەلایەن ریژێمی بەعس دەگیرێت وزۆر بەدرندەیی ئازارو ئەشکەنجە دەدرێت ، لە کانوونی یەکەمی ساڵی ١٩٨٨ لە زیندانی ئەبو غرێب لەسێدارە دەدرێت  .

٢ / لە بەرواری ٢٦ ئاداری ساڵی ٢٠١٧دا  چاوپێکەوتنم  لەگەل هاوسەری فرۆکەوان ئایدن مستەفا خەتیب زاد  و هاوڕێکانی و بەرپرسی رێکخراوی زیندانیانی سیاسی و خانەوادەی شەهیدانی تورکمان لەکەرکوک ئەنجامدا ، لە دیمانەکەم دا  ئەوڕاستیەم سەڵماند کە شەهیدی فرۆکەوان لە ١٣ / ٥ /١٩٧٨ لەلایەن ئیستخباراتی عەسکەری بەتۆمەتی (خەبات و تێکۆشان و دڵسۆزی بۆ نەتەوەی تورکمان دەستگیرکرا ، نەک لەسەر رەتکردنەوەی بریاری بۆمباباران کردنی هەڵەبجە. 

٣/ لەدیمانەکەمدا  لەگەڵ هاوسەری فڕۆکەوانی شەهید ( ئایدن ) بەرێز ( ترکان قەساب باشی ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک لەسەر لیستی بەرەی تورکمانی) ، بەرێزیان گوتی : من و ئایدنی هاوسەرم لە ساڵی ١٩٧٨ دا لەلایەن ئیستخباراتی عیراق بەتۆمەتی خەبات و  تێکۆشانمان لەپێناو مافی گەلی تورکمان لە کەرکوک دەستگیرکراین ، دوای٩٠ رۆژ لە ئازراوئەشکەنجەدانێکی  زۆر ، من ئازاد کرام و هاوسەرەکەشم لەبەرئەوەی فرۆکەوانی سەربازی بوو لە کۆتایی ساڵی ١٩٨٨ دا لە زیندانی ئەبوغرێب لە سێدارە درا . بەرێز تورکان قەساب باشی  درێژەی بە قسەکانی داو گوتی : هاوسەرکەم فرۆکەوانی هیلیکۆپتەری جۆری( 8 M )بوو لە  سربی ١٢ ک ١ ، هەموولایەکیش دەزانن ئەو فرۆکانەی هەڵەبجەیان بەچەکی کیمیاوی بۆردومان کرد فرۆکەی جەنگی جۆری ( سوخۆی رووسی CU ) بوو، (بروانە کەیسی کیمیابارانی هەڵەبجە و بریارەکانی دادگای بالای تاوانەکانی عیراق).

٤ / فرۆکەوانێکی هاورێی ئایدن لە نامەیەکی بۆ نووسەر دەلێت : بۆ جێبەجێ کردنی هەر چاڵاکییەک یان دەرچونێک بەگوێرەی هەستیاری پێشهاتەکان بەماوەیەکی کەم ئاگاداریان دەکردینەوە ، بەڵام لەکاتی شەری نێوان عیراق و ئێران ، کات وساتی دەرچونەکانمان لەهەمان رۆژپێدەگۆترا ، هەروەها هەندێ جار بۆدەرچونی بەپەلە هەرئەوکات ئاگادار دەکراینەوە ، بۆیە ھیچ لۆژیک نییە بڕوا بکەیت کە ئایدن لە ١٣ / ٥ / ١٩٨٧ لەسەر جێبەجێنەکردنی بریاری بۆردومان کردنی هەڵەبجە کە لە ئاداری ١٩٨٨ دا بۆردومان کرا لەسێدارە داربێت . ( نامەی فرۆکەوانی هاوڕێی ئایدن لەئەرشیفی نووسەر پارێزراوە )

٥ / لەچاوپێکەوتنێکم لەگەڵ بەرێز ( شاهین تورکمان اوغلو ) دا بەرێزیان گوتی : فرۆکەوان ئایدن مستەفا خەتیب زاد ،بەهۆی کارکردنی دژی ریژێمی بەعس زیندانی کرا . وەلەکاتی بۆردومان کردنی هەڵەبجە ، ئایدن نزیکەی ١٠ مانگ بوو دەستگیر کرابوو ، بەپێی هەموو ئەوبەڵگانەی لەبەردەستماندایە . 

اوغلو درێژە بەقسەکانی دەدات و دەلێت : لەدوای ئەو هەواڵانەی کە لێرەو لەوێ بڵاوکریەوە  ،کە گوایە ئایدن لەسەر رەتکردنەوەی بریاری بۆمباباران کردنی هەڵەبجە ،حزبی بەعس لەسێدارەی داوە  ، یەکسەر چومە کۆمەڵەی زیندانیانی سیاسی و خانەوادەی شەهیدانی تورکمان لەکەرکوک ، بەرێز بەرپرسی کۆمەڵەی زیندانیانی سیاسی ناراستی هەوالەکەی دووپات کردەوە ، هەروەها هەمان کاتیش بەتەلەفۆن پەیوەندیم بە هاوسەری فرۆکەوان ئایدن کرد ، بەرێزیان ئەوهەواڵەی ڕەتکردەوە کە هاوسەرەکەی لەسەر هەڵەبجە لەسێدارە دراوە وگوتی : من و هاوسەرکەم بەهۆی خەباتمان بۆ نەتەوەکەمان گیراین و دواتر من ئازاد کرام و ئایدنیش  لەسێدارە درا  .

 اوغلو لە کۆتای قسەکانیدا گوتی : دەبێت کۆمەڵەی زیندانیانی سیاسی و خانەوادەی شەهیدانی تورکمان لەسەر ئەم هەوالە فەیکانە بێتە قسەو ئەو ناراستییە راست کاتەوە کە ناوە ناوە لێرەو لەوێ لەسەر فرۆکەوانی شەهید ئایدن بڵاودەکرێتەوە  .

٦/ لەچاوپێکەوتنێکم لەگەڵ بەرێز ( هاشم موختار اوغلو ) بەرپرسی کۆمەڵەی زیندانیانی سیاسی و خانەوادەی شەهیدانی تورکمان ( کۆمەڵەی قشلە لە شاری  کەرکوک ) بەرێزیان گوتی : بۆمێژوو و ڕاستکردنەوەی زانیاری دەربارەی گرتن و لەسێدارەدانی فرۆکەوان ( عەقید ئایدن خەتیب زاد ) ،بەڕاشکاوی بەجەنابت و لەرێگای جەنابیشت بە هاووڵاتیان دەڵێم : من بەرپرسم لەو قسانەی لێرەدا دەیکەم و زۆربەراشکاویش دەڵێم : لەهەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا ریژێمی بەعس هەڵمەتی گرتن و ڕاوەدونانی دژ بە  کەسایەتییە دیارەکانی تورکمان لە شاری کەرکووک  دەستپێکرد ،لەئەنجامدا  فرۆکەوان ئایدن لەتەک هەردوو هاورێی  تێکۆشەرەی ( یەشار جەنگیز و مالک حەمید سەدیق )لە  مانگی ئایاری ١٩٧٨دا لەلایەن ئیستخباراتی عەسکەری  بەتۆمەتی دژایەتی حزبی بەعس دەستگیر کران . لەدوای ئازاروئەشکەنجەیەکی زۆر هەردووتێکۆشەری نەتەوەکەمان ( ئایدن خەتیب زاد و مالک حەمید سەدیق ) لە ٢٢/ ١٢ / ١٩٨٨ لەزیندانی ئەبوغرێب لەسێدارەدران و تێکۆشەر (یەشار کەمال ) یش حوکمی زیندانی تاهەتای درا .

٧/ بەرێز ( فلاح یازار اوغلو ) کە ناسیارێکی نزیکی شەهید ( ئایدن ) ە ، لە ساڵرۆژی شەهیدبوونیدا نووسیویەتی ودەڵێت : شەهید ئایدن، یەکێکە لە تێکۆشەرە دیارەکانی نەتەوەی تورکمان و شاری کەرکووک، لە ساڵی ١٩٨٧ لە سەر داکۆکی کردنی لە کێشەی ڕەوای نەتەوەکەی دەستگیرکرا و دووچاری ئازارو ئەشکەنجەیەکی زۆر بووەوە ، بەڵام کۆڵی نەداو سەربەرزانە لە کانونی یەکەی ١٩٨٨ لەسێدارە درا ، شەهید ئایدن لە گۆڕستانی (المصلی ) لەلایەن کەس وکارو رۆلە بەوەفاکانی نەتەوەکەی ، کە گیانی بۆیان بەخت کرد بەخاک سپێردرا ، دەبێ ئەوەش بڵێم :  شەهید  ئایدن لەزیندانەوە نامەیەکی بە دەستخەتی خۆی بۆ خێزان و رۆڵەتێکۆشەرەکانی نەتەوەکەی نووسیوەو تییایدا دەڵێت : بۆ کەس و کارو سەرجه م گەلی تورکمان ، هیوادار هەمیشە وەک من سەربەرز بن ، من لەپێناو ئێوەدا خۆم و پلەوپایەم کردە قوربانی .

 

لەکۆتاییدا ئەوەندە ماوە بلێم : ئەم بەڵگانەی سەروە  ئەوەمان بۆ دەسەلمێنێت کە عەقیدی فرۆکەوان ئایدن مستەفا خەتیب زادە وەک هەزاران رۆلەی گەڵانی عیراق بەدەستی جەللادەکانی بەعسی فاشی لەسەر بیروباوەڕی نەتەوایەتی خۆی لەسێدارە دراوە ، نەک لەسەربۆردومان نەکردنی هەڵەبجە  کە بەداخەوە بەبێ هیچ بەڵگەیەک لێرەو لەوێ باس دەکرێت  .

هیوادارم ئەم ڕاستکردنەویە چەسپ بکرێت وچی دیکە بەبێ بەڵگە زانیاری بڵاونەکەینەوە .

 

*بۆ زانیاری زیاتر لەسەر هەمان بابەت کرتە لەسەر ئەو لینکانەی خوارە بکە ن:

 

https://www.pukmedia.com/AR_Direje.aspx?Jimare=94114&fbclid=IwAR31JV6bABO8ORFt3E8IyhQF4XXu27YgwOvdeV87RzZyaXoeAW6YLcSBu1k

http://www.ahewar.org/debat/show.art.asp?aid=551834&fbclid=IwAR30GU44EcpU8H9J_GSGpqDIH18k1_vRDQrE1cikctg5y1XHodBOCtbgvlY

 

Qadirzada.com ©2009 - 2020. All rights reserved