یەکێتـی سەرکردە و شۆڕش دروست دەکات؛ یان بازرگان و کۆمپانیا.؟!

 

نوسینـی شەهاب کەریم

 

زۆرێک لە بینینی خەڵک بۆ دۆخی ئێستای یەکێتی دەڵێن یەکێتی بووە بە کۆمپانیا..! گەر بێ شەرم و سڵەمینەوە سەرنجێکی کورتی ئێستای سەرکردایەتی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بدەین؛ تێدەگەین لەوەی ئەم یەکێتییە قارەمان و جەستە زامدارە، ئەم ڕوباری خوێنە ئەم ھەموو خانوە قوڕانە، ئەم ھەموو زیندانی سیاسی و قوربانیانیدانی ھەڵەبجە و ئەنفال و ھەزاران پێشمەرگەی کەمئەندام و تێکۆشەری دێرین و ھەژاران. بە دەست دوو بەشی لەیەک نەچووی دژ بەیەک، بەڕێوە دەبرێت.!

 

بەشێک بەبێ ترس و خەم خەریکی خۆ دەوڵەمەندکردن و بازرگانی کردنە بە هەموو سەروەرییەکان و خەباتی شەھیدان و یەکێتییەوە بێ شەرم دەست بۆ ھەموو، پیرۆزییەکانی (مقەدەساتی) یەکێتی و ئازارەکانی دەبات. بەشەکەی تری بە دڵ لەگەڵ ھزر و زانست و خزمەتدا تێدەکۆشێ بۆ سەرخستنی زیاتری سەری بەرزی یەکێتی و بۆ بەرزترین پلەی سەرکەوتن.

 

بەشی یەکەم، سێ جۆرن:

 

جۆری یەکەم: ھێزی دەرەکییان بە قۆناغ کردۆتە سەرچاوەی دەسەڵات و ھێزی خۆ سەپاندن و بونەتە جێی گرژی و ئاڵۆزی، تەواوی جەستەی یەکێتیان تەنییوە و لەسەرەوە وەک زەرورەتی سەپاو ھاتونەتە خوارەوە و لە جومگەکانی دەسەڵاتدا خۆیان گیرکردووە و سودیان لە نائارامی گشتی و ژینگەی ململانێکانی ناوەوە وەرگرتوە بۆ مانەوە و سەرچاوەی دارایی دەرەکیان بۆ چاوبەستن لەگەڵ بازرگانیی ناوخۆ جۆین کردووە.!

جۆری دووهەم: ھێزی ناوەکییە کە بەسەر ناوچە و خێڵ و دین و پاداشتدا دابەش بوون گەرچی ئەم نموونانە ئاسانتر ئەدۆزرێنەوە، بەڵام چارەسەریان قورستر و ئاڵۆزترە وەک لایەنی کۆمەڵایەتی و دۆخی سیاسی کوردستان بەتایبەتی دوای بینینی نمونەی بەرامبەر لە نەیارو و دروستکردنی بەرژەوەندی، ھەندێکیان ھەمان سیستمی جاشایەتی زۆرەملێیان گواستەوە بۆ ناو شۆڕش و حیزب تێگەیشتن بە بوونی ھێز،  دەتوانن دەوڵەمەند ببنو دەسەڵاتیش بپارێزن و بمێننەوە. ئەمانە لە ڕاو و ڕووتەوە بۆ ئاودیوکردنی شۆفڵ و داگیرکردنی هەزاران دۆنم زەوی، خۆیان کردە خاوەن بیرە نەوت، کۆمپانیای زەبەلاح و بەرژەوەندییەکانیان بردە دەرەوەی ھەرێم و عێراق.!

 

جۆری سێهەم: تێکەڵەیەک لە ھەردوو جۆری سەرەوە بەڕاگرتنی باڵانسی موو نەرمی لە پەستانی دەرەکی و شەڕی ناوەکی و باڵباڵێن بۆ خۆ چەقاندن.! بەکورتی و  کوردوتەنی، بەبێ ڕەتوش ئەمانە یەکێتیان لە پرۆژەو پەیڕەو و ستراتیجەوە بردووە بۆ دەستکەوت و ھەڵپەی خواستی کەسی و یەکێتیان خستۆتە خزمەت خۆیانەوە، پێشیان وایە ئیتر کۆتایی دنیا بەستراوە بە کۆتای ئەوانەوە و دەستبەرداری ھیچ نابن و وا تێگەیشتوون کەخوێنی شەھیدانی یەکێتی لە چاویان ئەچۆڕێ و دەبێ ئەوان شەڕی ڕاستەقینەی بۆ بکەن دەنا بە دورکەوتنەوە و مردنی ئەمان یەکێتیش بێ سێ و دوو وەفات ئەکات.!

 

بەشی دووھەمیش سێ جۆرن:

جۆری یەکەم: عەقڵی سیاسی و ھزر و ڕوحی یەکێتین، خاوەن پرۆژە و ئامانجن بۆ گەل، بەری ڕەنج و خەباتی چەند ساڵەی خەباتی نھێنی و زیندان و شار و شاخی تێکۆشەرانن، ھەڵگری زۆرترین ئازارن بۆ خەڵک و خەمڕەوێنی ڕاستەقینەی بنەماڵەی شەھیدان و تێکۆشەرانن، سەربەرز و ڕوو سورن، پڕن لە تێگەیشتن و دنیابینین، ڕێ ڕۆشنکەری بەردووامی خەباتی نوێن، ئەمانە ڕاوێژکاری ڕاستەقینەن بۆ گەڕانەوەی شاڕێی ڕزگاری میللەتێک کە یەکێتی تیا لەدایکبوو؛ بۆ ئەم نمونەیش خەڵکانی وەک فەرید ئەسەرسەرد و نمونەکانیان بیر دێنینەوە. لە پێناو دورستکردنەوەی لۆژیکی عەقڵ و نوێبونەوەیەکی پێشکەوتوتر.

 

جۆری دووھەم: گەنجە خوێن گەرم و خاوێنەکانی دەستیان لەھیچ خراپە و بازرگانی و ملدانەوە نەگلاوە و وەک ھێزی ھەستانەوە، سنگیان کردۆتە قەڵغانی بەرگری و مانەوە لە تێکۆشانی تێکۆشەرانی یەکێتی و ئامانجەکەی کە ڕزگارکردنی کوردستان و بنەبڕکردنی گەندەڵی و بەد بەکارھێنانی حیزبە بۆ بەرژەوەندی کەسی، ئەمانە جێی ئومێدێکی زۆرن و ئومێد دەکرێ ئایندەی یەکێتی پێشبخەن و لە پاشکۆ و پڕۆ حیزبەکانی ھەرێم دەرمان بێنن.!

 

جۆری سێھەمە: هەموو ئەو کادرە خەمخۆر و دڵسۆزانەن کە شەویان خستۆتە سەر ڕۆژ و کار بۆ دروستکردنەوەو پشتیوانی ئەو دوو جۆرەی سەرەوە خستۆتە گەڕ، ئومێدی ئایندە و سەرکردەی دواڕۆژی گەلەکەمانن و دەیانەوێت سیستمی سیاسی بگۆڕن بۆ سیستمێکی مۆدێرن و سەرکەوتوو. لێرەوە بەرپرسیارێتی گرنگ دەکەوێتە بەر ئەندامانی کۆنگرە و دەبێت ویژدان و مێژوویان پاک ڕاگرن و دەنگ بدەن بەوانەی دەیانەوێ دەنگیان دلێر و سەریان بوێربێت.

 

 

 

Qadirzada.com ©2009 - 2019. All rights reserved