وەفاداری و پاداشت و پایە گرنگەکانی مرۆڤبوون

 

 

نووسینی شەهاب کەریم

 

گەر دڵسۆزی و بە جێگەیاندنی خزمەت و  دەستی هاوکاری و پشتگیرکردن و پیشتیوانی، بەشێکبن لە پایە گرنگەکانی مرۆڤبوون، بە دڵنیایی پێزانین و وەفاداری و پاداشتدانەوەش دیوی ناوەوە و پایە سەرەکییەکەی مرۆڤبوونە لە مرۆڤایەتیدا.

 

مرۆڤی ڕچەشکێن و کەسانی بلیمەت، مەرجی تایبەتی خۆیان هەیە و  دەگمەنن ئەوانەی دەگەنە ئەو جێ و لووتکەیەی تاجی میهرەبانی و شکۆی سەروەری مرۆڤبوونیان دەچێتەسەرو دەبنە خەڵکانی دەرکەوتە و قارەمان و شانازی بۆ مرۆڤایەتی، ئەو جۆرە کەسانەش بەڕێز و جیاواز و ژیانی تایبتمەندی خۆیان هەیە، مۆڕاڵی  ئەو مرۆڤانەی  دەگەنە سەر لووتکە،  ناتوانرێت لە مەزنیدا پێناسەی تەواویان بۆ بکرێت، چوونکە پێناسە بۆ مرۆڤە مەزنەکان، بە ڕۆمان و کتێبخانەیەک هەڵسەنگاندیان بۆ ناکرێت، مەرج نیە بە کەسانی قارەمانی نێو شۆڕشەکان، یاخوود زاناو سوارچاک و پاڵەوان و هتد.. بوترێت بلیمەت و خەڵکانی مەزن. زۆر جار مرۆڤ کارێکی مرۆڤایەتی دەکات و کەسێک لە مردن ڕزگار دەکات، جوانترین مێژو و مۆڕاڵی بەرز لە ژیانی خۆیدا تۆمار دەکات.

 

 خۆشەویستی و مرۆڤایەتی و خزمەت و هاوکاریکردن، لە ژیاندا ڕێژە و جۆری وەفادارییەکان هەمەچەشنەن و لە پشت پەروەردەی مۆڕاڵی کەیسیدا گەشە دەکەن، بۆیە لێرەدا دەمەوێت پاڵەوانی چیرۆکێکی ڕاستەقینەی ژیانێکی پڕ تراژیدیای مرۆڤێک بخەمەڕوو، کە وەک باسم کرد، لەو جۆرە مرۆڤانە دەگمەنن، کە خۆیان گەیاندۆتە بەرزی و دەبێت قسەیان لەسەر بکرێت.

 

پاش ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٩١ و ڕزگارکردنی کوردستان و دواتر هەڵگیرساندنی شەڕی ناوخۆ و ئاڵۆزی ژیانی خەڵکی کوردستان بە گشتی، ئاوارەیی و دەربەدەری و بەجێهیشتنی خاکی زێدی باوباپیران و دەستی پێکرد و بە هەزارەها هاوڵاتی ڕویان لە دنیای غوربەت دەکرد، کە بەو هۆیەوە بە سەدان کەس بۆ گەیشتن بە دنیای غوربەت چارەنوسیان نادیار و دەکەوتنە قوڕکی ماسیە گەورەکانی  نێو دەریاکان و چەندینیان لە ڕێگادا لە برسا دەمردن و چەندین کەسیش لەو ڕێگا سەختەدا دەستدرێژی سێکسی و ئازار و ئەشکەنجە دەدران لە لایەن قاچاخچی و خەڵکانی چاوچنۆک و دەبوونە قوربانی.

 

 بەڵام زۆر جار دوای گەیشتن بە شوێنی مەبەست، گرفتی نوێ و کارەساتی زیاتر ڕویاندەدا، چوونکە لە کلتورێکی داخراوەوە تێکەڵ بە کلتورێکی جیاوازتر لە کلتورەکەی خۆت دەبوویت، کە ئەوەش زۆر نامۆیە بۆ ئەو کەسانەی لە خاڵێکی بچووکە لە نێو وڵاتێکی وەک هەندەران دەست بە ژیانێکی تایبەت و جیاواز لە ژیانی ڕابردووی خۆت بکەیت.! قوربانی و ژیانی پڕتراژیدیاکان زۆرن و نموونەیەک لە نێو سەدان گرفت و نموونەی شاژنێکی قارەمانی بێ وێنە پاڵاوانی ئەم بەسەرهاتەیە.

 

عیماد شەهاب ساڵی ١٩٩٨ لە شارێکی ڕۆژهەڵاتی ئەڵمانیادا نیشتەجێ دەبێت و ساڵی ٢٠٠٤ تووشی نەخۆشی کوشندەی شێرپەنجە دەبێت، بە جۆرێک ڕوخساری دەگۆڕێت،  وەک لە سەرەوەی بابەتەکمدا لە دوو وێنەی جیاوازدا دەردەکەوێت.

 

بە بینینی هەست بەوە دەکەیت، ئەم مرۆڤە بەرەو ماڵئاوایی یەکجارەکی لە ژیان بکات، دوای سەختی نەخۆشییەکەی لە لایەن پزیشکی نەخۆشخانەی شارەکەی، شانسی مانەوەی ژیانی کەمی پێدەدرێت، ئەم مرۆڤە بە جۆرێک دوچاری ئەم نەخۆشیە کوشندەیە دەبێت، زۆرێک لە هاوڕێکانیشی خۆیان دوورەپەرێز دەگرن و هەست بە نامۆیی و تەنهایی دەکات، بەڵام بە پێجەوانەوە کچە شۆخ و شەنگێک بە ناوی کرستینە(christine) دەبێتە هاوکار و پشتیوانیکردن و بۆ ماوەی پتر لە پێنچ ساڵ، وەک هاوڕێیەکی دڵسۆز و هەستی مرۆڤایەتی خۆی دەردەبرێت و خزمەتی دەکات.

 

پاش پێنچ ساڵ  بە نەخۆشکەوتنی کوشندەی شێرپەنجە، ئەم مرۆڤە لە لایەن کچە ئەڵمان کرستینە(christine) دەبێتە هاوڕێ و خزمەتکردنی و ورەی بەرزی پۆڵاینی پێدەبەخشێت دواتر شانسی مانەوەی ژیانی دەبێت و بریاری هاوسەرگیری و ژیانی هاوبەشدەدەن و پتر لە ماوەی پانزە ساڵە ژیانیکی ئاسوودە و کچێک بە ناوی دالیا و کورێک بە ناوی داریان، دەبنە دوو نەوەی ئەم خێزانە بەختەوەرە.

 

هەرچەندە ژنان دەبنە قوربانی پیاوسالاری و دەبنە دامرکاندنەوەی حەز و ئارەزوی سێکسی  و سەدان قوربانیان لێ دەکەوێتەوە، بەڵام هێشتا مرۆڤە جوانەکان ڕەشبین نین لە ژیاندا و پشتگیرکردن و پیشتیوانی، بەشێکدەبن لە پایە گرنگەکانی مرۆڤبوون و تابێت بەرەو بەرزی لووتکە هەنگاودەنێن..

 

 

 

Qadirzada.com ©2009 - 2020. All rights reserved