شاسوار عەبدولواحید پەیامیکی ١٠خاڵی بڵاوکردەوە

 

سه‌رۆكی جوڵانه‌وه‌ی نه‌وه‌ی نوێ ئه‌و ١٠ خاڵه‌ی بڵاوكرده‌وه‌ كه‌ وا له‌ مرۆڤ ده‌كات جیاواز بێت، راشیگه‌یاندوه‌: هەرێمی کوردستان ئێستا لە دۆخێکی زۆر ناخۆشدایه‌ و ژیان قورسە، بەڵام هێشتا ئەم ١٠ خاڵە سودی دەبێت بۆ داهاتوت.

 

سه‌رۆكی جوڵانه‌وه‌ی نه‌وه‌ی نوێ راشیگه‌یاندوه‌: "هەرێمی کوردستان ئێستا لە دۆخێکی زۆر ناخۆشە، دەسەڵات خەلكی بێهیوا کردوە، چانسی یەکسان نییە بۆ هەمووان، ژیان قورسە.بەڵام هێشتا ئەم ١٠ خاڵە سودی دەبێت بۆ داهاتوت."

 

پەیامە ١٠خاڵیەکەی شاسوار عه‌بدولواحید:

 

١- گەشبین بە (پۆزەتیڤ بە)،چونکە مرۆڤی رەشبین گاڵتەی لە هەمو شت دێت و هەمیشە شکستخواردوە و قەت نابێتە خاوەن هیچ.

 

٢- (پرسیار بکە)، رۆژانە دەبێت سەدان جار بڵێیت (بۆ) یان (بۆچی)، چونکە هەمو شتێک هۆکارێکی هەیە،بپرسە تا دەگەیتە یەقین، کوێرانە دوای هیچ مەکەوە و باوەڕ بە هیچ مەکە.تەنها بە پرسیارکردن ئاستی زانیاری و رۆشنبیریت زیاد دەبێت،نەک خوێندنەوەی بێ پرسیار.

 

٣- -باوەڕت بە خۆت هەبێت، ئەگەر باوەڕت بە خۆت نەبێت، ئەوا باوەڕت بە هیچ شتێک نابێت لەم دنیایەدا، کاتێک بێهیوایت لە هەموو شت،ئەوا لەبەر ئەوەیە کە بێ هیوایت لە خۆت،بۆیە باوەڕت بە هیج نییە.

 

٤- -بیرکردنەوەت ژیانت دەگۆڕێت، سبەینێت بەرهەمی بیرکردنەوەی ئەمڕۆتە، ئایا پێت وایە ١٠ ساڵی تر دەبیتە چی؟ ئەوا دڵنیا بە دەبیتە ئەوە.خۆ ئەگەر هەر پێت وایە ١٠ ساڵی تر هەر لە جێی خۆتیت،ئەوا دڵنیا بە رێک وا دەبیت.

 

٥- پێویستە بزانیت ژیان قورسە، چوار دەورت مەرج نیە هاوکارت بن، بەڵکو هەمیشە دژایەتیت دەکەن و ساردت دەکەنەوە، پێویستە زۆر ئازا و پشودرێژ بیت، بۆ ئەوەی سەرکەوتوو بیت و بگەیتە ئامانجی خۆت.

 

٦- -تۆ خۆتیت و لە کەس ناچیت، پێویستیش ناکات لە کەس بچیت، خۆت بە. گەر خۆت نەبیت ئەوا ون دەبیت و کەسایەتیت نابێت. پێویست ناکات بتەوێت ببیتە کەسی تر،بەڵکو هەول بدە ببیتە کەسێک کە ئەو کەسەی تر خۆزگەت پێ بخوازێت.

 

٧- -هیچ شتێک ئاستەم نییە، قەت مەڵێ تا ئێستا شتی وا ڕوی نەداوە، چونکە هەموو ئەو شتانەی کە ئێستا لەبەردەستماندایە، سەرەتا مرۆڤێک بۆ یەکەم جار دروستی کردوە و دایهێناوە.

 

٨- رقت لە خەلک تر نەبێت،تەنانەت ئەوانەشی کە رقیان لێتە،چونکە رق بەشێکی زۆری مێشکت داگیر دەکات و قەت ناتوانیت بیر لە داهێنان بکەیتەوە.هەمیشە لە خەیاڵی ئەو کەسەدا دەژیت، لە بری بیرکردنەوە لە ژیان و داهاتوی خۆت.

 

٩- -بەغیلی بە کەس مەبە کە شتێکی هەبوو تۆ نەتبوو،بەڵکو وەک خاڵی ئیجابی سەیری بکە و ئیلهامی لێ وەربگرە، چونکە بەغیلی ناخت دەشکێنێت و لاواز خۆت دەبینیت، بەڵام ئیلهام وەرگرتن هانت دەدات و داهاتوت دەگۆڕێت و حەزت بۆ ئیشکردن دەبێت.

 

١٠- -قەت مەڵێ ناتوانم، چونکە هەمو شتێک دەتوانیت. بەڵام لە کاتی خۆی، هەنگاو دوای هەنگاو. لە بری ئەوەی کە دەڵێیت ناتوانم،ئەوا کات و هەنگاوەکان دیاری بکە کە کەی دەتوانیت ئەو شتە بکەیت یان بگەیتە ئەو شتەی کە دەتەوێت؟گەر ئێستا نییە،ئەوا کەیە؟ (ئەم پرسیارە لە خۆت بکە).

هەموو ئەم قسانەی من سودی نییە،گەر خۆت باوەڕت بە خۆت نەبێت و پێت وابێت هۆکاری دەرەکی تۆ وێران دەکات و ژیانی فەوتاندویت، چونکە لە هەژارترین و دواکەوتووترین وڵاتی ئەم دونیایەدا هێشتا کەسانێک هەن سەرکەوتوو ترن لە چاو خەڵکانی تری وڵاتەکەیان).

هەرێمی کوردستان ئێستا لە دۆخێکی زۆر ناخۆشە، دەسەڵات خەلكی بێهیوا کردوە، چانسی یەکسان نییە بۆ هەمووان، ژیان قورسە.بەڵام هێشتا ئەم ١٠ خاڵە سودی دەبێت بۆ داهاتوت، چونکە لە بیرت نەچێت من باسی داهاتوی تۆ دەکەم،نەک ئێستای کوردستان. کەس نازانێت ٤ ساڵی تر چی ڕودەدات!! ئاماده‌ بە و لە ئێستاوە دەست پێبکە.

 

Qadirzada.com ©2009 - 2019. All rights reserved