شاسوار عه‌بدولواحید: هه‌رێمی‌ كوردستان كارتی‌ فشاری‌ نه‌ماوه‌و ده‌ستی‌ به‌تاڵه‌

 

 

 

 

ئاژانسی‌ میهری‌ ئێران

 

 

شاسوار عه‌بدولواحید له‌ چاوپێكه‌وتنێكیدا له‌گه‌ڵ ئاژانسی‌ میهری‌ ئێرانی‌، كه‌ ئه‌مرۆ سێشه‌ممه‌ ده‌قه‌كه‌ی‌ بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ ده‌ڵێت: هه‌رێمی‌ كوردستان كارتی‌ فشاری‌ نه‌ماوه‌و ده‌ستی‌ به‌تاڵه‌

 

دەقی چاوپێكه‌وتنه‌كه‌:

 

ئاژانسی‌ میهر :

 حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەغدا بە بەرپرسیار دەزانێت لە نەناردنی مووچەی فەرمانبەران و بە گوشارێکی سیاسی ناودەبات، بەڵام هەندێ لە کارناسان دەڵێن ئەم بێ سەروبەرییە پەیوەندی بە شێوازی سەقەتی ئیدارە کردنی هەرێم و حوکمڕانی هەرێمەوە هەیە، ڕای ئێوە چییە؟

 

شاسوار عه‌بدولواحید :

ئێمە پێمان وایە بڕینی قووتی خەڵک و بڕینی مووچە کارێکی نایاساییە، ئەگەر حکوومەتی عێراق کێشەی هەیە لە گەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا ئەوە دەبوو خۆی ڕاستەوخۆ مووچەی فەرمانبەران بدات،ئێمە چەندین جار ئەو داواکارییەمان ئاراستە کردووە، بەڵام لەو کێشانەدا کە لە نێوان بەغدا و هەرێم دا هەیە، بێ گومان ئەوە حکوومەتی هەرێمە کە شەفاف نییە، وەکوو هێزێکی سیاسی هەرێمی کوردستان چەندین جار داوامان کردووە بەڵام تا ئێستا نازانرێت، داهاتی نەوت چەندە، پارەکەی بۆ کوێ دەڕوات، نازانین ئەو نەوتەی کە نێردراوە بۆ کام شوێنە و بە چەند دەفرۆشرێت. و هەروەها ئاگاداری ئەو ڕێککەوتنانەش نین کە لە نێوان بەغدا و هەرێمدا هەیە. چونکوو ڕێککەوتنەکان زیاتر ڕێککەوتنی تاکەکەسی و حزبین و ڕێککەوتنی دامەزراوەیی نییە.بۆ ئەوەی کە عێراق داوای ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە دەکات تا ئێستا حکوومەتی هەرێم ئەوەی تەسلیمیان نەکردووە .

 

وەزیری پلاندانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەم ڕۆژانەدا ڕایگەیاند کە هەولێر ئامادەیە ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوتەکە بنێرێت و هەموو مەلەفی نەوتیش رادەستی بەغدا بکات، ئەگەر ئەوان پارەی کۆمپانیان نەوتییەکان و مووچەی فەرمانبەران و هەموو شایستە داراییەکانی هەرێم بدەن. چ هۆکارێک هەیە کە ڕێککەوتنەکانی بەغدا و هەولێر لە سەر نەوت و بودجە ناگەنە ئەنجام؟لە حالێکدا هەر دوولا لە ئیعلاندا قسەی باش ئەکەن!

 

چونکه‌ ڕێککەوتنەکان تاکەکەسین و هەردوولا ڕێککەوتنەکان بەکار دێنن بۆ هەندێ بابەتی تاکتیکی. بۆ نموونە بەغدا لە هەندێ کاتدا پێویستی بە هەرێمی کوردستانە وەکوو پێش هەڵبژاردنی سەرۆک وەزیران کە پێویستی بە پشتگیری و دەنگی کوردە،ڕێککەوتنێک دەکات. هەرێمیش هەندێ جار پێویستی بە بەغدایە بۆ مووچە و .... ڕێککەوتنێک دەکات بەڵام هیچ لایەکیان ڕاستگۆ نین لەوەی کە ڕێککەوتنێکی ستراتێژی دوور مەودا ئەنجام بدەن و کێشەکان چارەسەر بکەن بەڵکوو تەنیا شتی کورتی تاکتیکی دەکەن و بەشێکی ئەو کێشانەی کە دروست دەبێت لەبەر ئەوەیە کە ڕێککەوتنەکان حزبی و تاکەکەسیە نەک دامەزراوەیی.

 

ئاژانسی‌ میهر :

 هەرێمی کوردستان سەبارەت بە مووچە و نەوت چ کارتێکی گوشاری بەدەستەوەیە کە بەکاری بێنێت بەرانبەر بەغدا ؟

 

شاسوار عه‌بدولواحید :

 بە ڕای من هەرێمی کوردستان لە ئێستادا هیچ کارتێکی گوشاری نەماوە و دەستی بەتاڵە. هەموو لایەک و دەوڵەتی ناوەندیش بە تایبەتی دەزانێ کە پارتی دەسەڵات دار و بەناو حکوومەتی هەرێمی کوردستان لاوازن لە ناوخۆی هەرێمی کوردستان و چەندین کێشەیان هەیە ودامەزراوەکانی هەرێم شکستیان هێناوە.یەکێتی و پارتی دوای ٢٩ ساڵ حوکمڕانی نەیانتوانیوە دامەزراوەی نیشتیمانی راستەقینە دروست بکەن و دۆخی هەرێم لە ناوخۆی خۆیدا نالەبارە.باری ئیداری ، سیاسی،ئابووری، هەمووی خراپە و ئەمەش وا دەکات کە هەڵوێستی هەرێم لە دەرەوە بە تایبەتی لە بەغدا لاواز بێت. هەروەها یەکێک لەو خاڵانەی کە وایکردووە هەرێم هیچی بەدەستەوە نەبێت ئێستا، ئەوەیە کە هەرێم بەس یەکجار بۆی هەیە لە عێراق گوشار بخات ئەویش لە کاتی هەڵبژاردنی سەرۆک وەزیراندا، ئیتر بەغدا لە هیچ کاتێکی تردا تا چوار ساڵی تر پێویستی بە هەرێم نامێنێت. بەغدا لە زۆربەی کاتەکاندا حیساب بۆ ڕای بەرپرسانی هەرێمی کوردستان ناکات.چونکوو دەزانێ هەرێم لاوازە و کێشەکانی حکوومەت زۆرە و ئەوانە نوێنەری زۆرینەی خەڵکی کوردستان نین.

 

ئاژانسی‌ میهر :

 دەمەوێت پرسیارێک سەبارەت بە کۆرۆنا بکەم، هەموو وڵاتانی پێشکەوتووی جیهان گرفتاری ئەم ڤایرۆسەن بەڵام حکوومەتی هەرێم کە سیستەمی پزیشکی زۆر پێشکەتووشی نییە، ئامارێکی کەمی تووشبوو بڵاو دەکاتەوە! پێتان وایە ئەو ئامار و ڕێژەیەی ئێستا وەزارەتی تەندروستی هەرێم لە ژمارەی قوربانیان و تووشبوانی کۆرۆنا لە ئاستی هەرێم بڵاوی دەکاتەوە(٣٥٥ توشبوو و٤ قوربانی) ڕاستە؟

 

شاسوار عه‌بدولواحید :

 پێشتریش لە چەندین چاوپێکەوتندا قسەم لە سەری کردووە و ئێستاش دووپاتی دەکەمەوە بە ڕای ئێمە ئەو دادتایەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڵاوی دەکاتەوە دەقیق نییە.ڕوونکردەوەشم لەسەری داوە. حکوومەتی هەرێم دەیویست کە ڤایرۆسی کۆرۆنا بۆ هەندێ بابەتی تر بەکار بێنێت و داتای وای بڵاو کردووەتەوە کە خەڵک بە کۆرۆنا مردوون کە دواتر دەرکەوت وانەبووە و بەرپرسانی تەندروستی سلێمانیش ئەوەیان ڕاگەیاند. بۆیە پێمان وایە کە ئەو کارانە یاری کردن بە هەستی خەڵک و ترساندنی خەڵکە کە بۆ مەبەستی تر بەکار هاتووە.

 

ئاژانسی‌ میهر :

خەڵکتان بانگهێشت کردووە بۆ خۆپیشاندان لە هەرێمی کوردستان، پێتان وایە خەڵک دەتوانن بە خۆپیشاندان مافەکانیان وەدەستبێنن و گوشار بخەنە سەر حکوومەتی هەرێم بۆ جێبەجێ کردنی دواخوازییەکانیان؟

 

شاسوار عه‌بدولواحید:

بێ گومان ئەگەر دۆخی هەرێمی کوردستان خراپ بێت و بەرپرسان هەر ناشەفاف بن و کێشەی ئابووری و مووچەی خەڵک چارەسەر نەکەن ئەوە ئێمە لە داهاتوودا پشتیوانی خۆپیساندان دەکەین و  بڕوامان وایە کە خۆپیساندان کارتێکی گوشاری مەدەنیە و کاریگەری دەبێت بۆ فشارهێنان بۆ دەسەڵاتدارانی هەرێم و بەردەوامیش دەبین لەم ڕەوتە تاکوو حکوومەت ناچار دەکەین خزمەتی خەڵک بکات، پێداچوونەوە بە سیاسەتەکانیدا بکات و چاکسازی لە هەموو بوار و جومگەکاندا بکات.

 

 

 

Qadirzada.com ©2009 - 2020. All rights reserved