وەسێتنامەیەك لەشوهەدای رێگای نیشتمانەوە بۆ گەلی كورد

 

 

ئێوارەی ئەمڕۆ ١٩/٦ لەشاری سلێمانی ٦٩هەمین ساڵیادی شەهیدكردنی چوار ئەفسەرەكە (عیزت عبدولعەزیز، خەیروڵڵا عەبدولكەریم، محەمەد مەحمود قودسی، مستەفا خۆشناو) كرایەوەو لەبەردەم باخی گشتیدا چەپكە گوڵی وەفا لەسەر پەیكەریان دانرا.

 

بەرەبەیانی رۆژی ١٩/٦/١٩٤٧چوار ئەفسەری پلەداری كوردی سوپای عیراق لە بەندینخانەی ناوەندی بەغدا لەسێدارە دران، پێشتر ئەو چوار ئەفسەرە لەگەڵ هەڵكردنی ئاڵای شۆڕشدا لەڕۆژهەڵاتی كوردستان، پلەو پایەو روتبەو ناونیشانی سەربازیان بەجێهێشتو رویان كردە كۆماری كوردستان لەمهابادو هەریەكەیان ئەركێكیان پێ سپێردرا.

 

دوای ئەو پیلانەی بۆ كۆماری كوردستان دانرا، ئەو چوار ئەفسەرە بەهۆی بەڵێنی ئەوكاتەی بەغداوە گەڕانەوە عیراق و متمانەیان بەبەڵێنەكانی حكومەت كرد، بەڵام راستگۆ نەبون دوای گرتنیان رەوانەی دادگای سەربازیی كران.

 

دوای دەركردنی سزای لەسێدارەدانیان و پێڕاگەیاندنیان، هەرچوار ئەفسەرەكە وەسێتنامەیەكیان بۆ گەلی كورد نوسی و لەبەرەبەیانی رۆژی ١٩/٦/١٩٤٧ حكومەتی ساڵح جەبر تاوانەكەی جێبەجێ كردو تەرمی شەهیدان بەرەو كوردستان بەڕێكران.

 

 

هەر لەبەیانی زووەوە شەقامەكانی شاری سلێمانی پڕ بوون لەخەڵك بەخەمبارییەوە چاوەڕێی هاتنەوەی تەرمەكان بوون، لەوكاتەدا فایەق بێكەس شیعرێكی بۆ ئەو چوار شەهیدە نوسیوە:

 

ئەمڕۆ رۆژی ماتەمە

عالەم دڵی پڕ لەخەمە

رووی ئاسمان هەورو تەمە

بۆ جوانەمەرگانی وەتەن

بڵێن ئێوە قارەمانن

خاوەنی ناوونیشانن

رابەری رێی نیشتمانن

ئەی جوانەمەرگانی وەتەن

ئەمەی خوارەوە ئەو وسێتنامەیەیە كە ١٤ سەعات پێش لەسێدارەدان بەدەستنوسی محەمەد مەحمود قودسی نوسراوە بۆ گەلی كورد..

بەغدا

١٨ی حوزەیرانی ١٩٤٧

لەشوهەدای رێگای نیشتمانەوە

عیزەت عەبدولعزیزو مستەفا خۆشناو و خەیروڵڵا عەبدولكەریم و محەمەد مەحمودەوە

بۆ:

برایانی میللەتی كوردی خۆشەویست

لە دوای تەبلیغی حوكمی ئیعدام بە یەك سەعات نوسراوە

برایان:

لە ژیانی ژێر دەستی و ئیستعماردا لەنوسینی ئەم نامەیەوە تەنیا ١٤ سەعاتمان ماوە بەپەتی ئیستعمار دەگەینە دنیای ئازادی و گیانمان دەگاتە گیانی پاكی شوهەدای رێگای نیشتمان.

برایان:

خۆمان زۆر بە بەختیار دەزانین كە بەرامبەر واجبی میللی هیچ دوا نەكەوتین تەنیا نەسیحەتی ئێمە ئەوەیە كە لاوان و نیشتمانپەروەرانی كورد نیكرانی زات بكەنە نیشانەو یەكیەتی بكەنە پەیڕەوی خۆیان بۆ شكاندنی تەوقی ئیستعمارو رزگاركردنی هەموو میللەتێكی مەزڵوم بێ جیاوازی.

برایان:

دوژمنی جەهالەت بن بەهەموو تواناتان شەڕی جەهالەت بكەن وە دوای جەهالەت مەكەون. ئێمە نیشانەی تێكوشینی میللی میللەتی كوردین لەساڵی ١٩٤٧ دا. برایانی ئێمە كە ماون بۆ رێگای شەرەف تێدەكوشن و پشت بەخودای گەورە میللەت رزگار دەبێ.

برایان:

هاتنمانە بەر سێدارە لەبێ دەسەڵاتیەوەو سێ و دوو كردنەوە نەبوو بۆ تێكۆشین، بەڵكو هەر وەكو سەربازێكی ئازاد تا ئاخرین توانا هەوڵمانداو و گەیشتینە ئەم نەتیجەیە. ئیدی بۆ یەكیەتی وە بۆ ئازادی. بژی كورد و كوردستان.

واژووی

خیراللە عبدالكەریم، مستەفا خۆشناو، عیزەت عبدالعزیز، محمد محمود

تەرمی هەریەك لە شەهیدان عیزەت عەبدولعەزیز لە ئامێدی بەخاك سپێردرا، شەهید خەیروڵڵا عەبدولكەریم لەهەولێرو هەردوو شەهید مستەفا خۆشناو و محەمەد قودسی لەسلێمانی بەخاك سپێردران.

 

لە نەواوە وەرگیراوە

 

Qadirzada.com @ 2016. All rights reserved