سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مانی كوردستان وەڵامی عەبادی دایەوە

 

 

سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستان وەڵامی لێدوانێكی (عەبادی) دەداتەوە کە رایگەیاندبوو، رێگریکردن لە دابەشبوون هیچی کەمترنەبوو لە سەرکەوتن بەسەر داعشدا.

ده‌قی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مانی كوردستان:

 

 لە رۆژی ٦/١٢/٢٠١٧ بەرێز " حەیدەر عەبادی" سەرۆكوەزیرانی عێراق، لە لێدوانێكدا رایگەیاند " رێگریكردن لە دابەشبوونی عێراق سەركەوتنێكی دیكە بوو، كە هیچی كەمتر نەبوو لە سەركەوتن بەسەر تیرۆریستانی داعشدا" .

 

 ئێمە لە سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان بە شاهیدی هەموو دونیای ئاشتیخوازیش، ئەو راستییەی دووبارەدەكەینەوە، كە ئەگەر قارمانیەتی هێزی پێشمەرگەی كوردستان  و حیكمەتی سەركردایەتییەكەی نەبوایە، هێزەكانی عیراق لە مۆسڵ و زۆر لە ناوچەكانی دیكەش، كە دوو ساڵ زیاتر لە ژێر كونترۆلی تیرۆریستانی داعشدابوون، نەیاندەتوانی ئەو سەركەوتنە تۆماربكەن كە ئێستا بەرێز " عەبادی " شانازیی پێوەدەكات، هەروەها جێگەی سەرسورمانیشە كە بەرێز "عەبادی" ئەو هێرشە سەربازییەی، كە لە رۆژی ١٦/١٠/٢٠١٧ بە پشتیوانی و بەشداربوونی حەشدی شەعبی دژ بە ئیرادەی خەڵكی كوردستان كە هاووڵاتی عیراقن و ئەو تاوانانەی لە كەركووك و دوورخورماتو و ناوچەكانی تر ئەنجامدراون، بە سەركەوتن لە قەڵەمبدات و هاوشێوەی سەركەوتنی دژی تیرۆریستان وەسفی بكات.

 

 ئێمە لە پەرلەمانی كوردستان ئەو لێدوانەی بەرێز " حەیدەر عەبادی" بە لێدوانی نا بەرپرسانە و هەڵەیەكی راشكاوانە دەزانین، چونكە دوورە لە یاسا و بەها و پرەنسیپەكانی هاووڵاتیبوون و پێچەوانەی خودی ماددەی (٩)ی دەستوور هەمیشەیی عێراقیشە، كە بە هیچ شێوەیەك رێگە نادات ئەم جۆرە كردەوە لەشكریانە دژی هاوڵاتییانی عێراق ئەنجامبدرێن و شەرعییەتیشیان پێنادات. ئەمەش پێشێلكردنێكی دیكەی زەقی دەستوورە، كە دەخرێتە سەر ئەو  پێشێلكارییە زۆرانەی دەستوور كە لە لایەن حكومەتە دوای یەكەكانی عێراق ئەنجامدراون، لە وانەش جێبەجێنەكردنی مادەی (١٤٠) ی دەستوور و ، هەر ئەم پێشێلكارییانەشبوون كە بۆنەتە هەرەشەو مەترسی بۆ پارچەبوونی عێراق و هۆی ئەوەی تیرۆریستانی داعش ئەم هەلەیە  بقۆزنەوە و رێژەیەكی زۆری خاكی عیراق داگیربكەن و جینۆساید و تاوانی جۆراوجۆر ئەنجامبدەن.

 

 دووبارە، داوا لە بەرێز "عەبادی" دەكەین كە هێزی لووژیك بگرێتەبەر و دەرگای گفتوگۆ و دانوستان بەرەوڕووی هەرێمی كوردستان دانەخات و رێگەش نەدات مەرامە سیاسییە تەسكەكان، هەژموونیان بە سەر ماف و ئیرادەی گەلانی عێراق و دەستوورەكەی هەبێت؛ چونكە زەرەرمەندی یەكەم و كۆتایی لە زمانی هەرەشە و بەكارهێنانی هێز، خودی هاووڵاتییانی عێراقن و ئەم جۆرە لێدوانانەی هاوشێوەی لێدوانی بەرێز " عەبادی" مەترسی و هەرەشەن لەسەر ئایندە عێراق كە وەك وڵاتێكی مەدەنی و دیموكراسی بمێنێتەوە، بەڵام دانوستان تاكە رێگەیە بۆ رزگاربوون لە لەمپەر و تەگەرەكان و گەیشتن بە چارەسەر بۆ سەرجەم كێشەكان.

 

سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان - عیراق

٨/١٢/٢٠١٧

 

Qadirzada.com © 2017. All rights reserved