سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان:

 نابێ عێراق بكرێتە گۆڕەپانی یەكلاكردنەوەی ململانێی وڵاتان

 

سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان، راگەیەندراوێكی سەبارەت بە دۆخی عێراق و كوژرانی قاسم سولەیمانی و ئەبومەهدی موهەندیس بڵاوكردەوە .

 

دەقی راگەیەندراوەكەی سەرپکایەتی هەرێم:

راگه‌يه‌نراوێك لە سەرۆكايه‌تيی هەرێمی كوردستانەوە

 

روداوەكانی ئەم دواییەی كەركوك و قائیم و بەردەم باڵیۆزخانەی ئەمەریكا لە بەغدا، ئاماژەن بۆ ئاڵۆزبونی زياترى بارودۆخی عێراق و كردار و پەرچەكرداری چەندبارەی بەدوای خۆیدا هێنا، هەر لەو سۆنگەیەوە ئەو هەنگاوانه‌ ڕه‌تده‌كه‌ينه‌وه‌ كە لەسەر خاكی عێراق تەسفیەی حیساباتی وڵاتان بكرێت و سەروەریی عێراق پێشێل بكرێ كە لە ئاكامدا سەردار قاسم سولەیمانی فەرماندەی فەیلەقی قودس و ئەبو مەهدی موهەندیس جێگری سەرۆكی ده‌سته‌ى حەشدی شەعبی و هاوڕێكانیان بونە قوربانی كە هەردوكیان ڕۆڵى به‌رچاویان لە شەڕی دژ بە تیرۆریستانی داعش لە چەند ساڵی ڕابردودا هەبو.

 

نابێ عێراق بكرێتە گۆڕەپانی یەكلاكردنەوەی ململانێی وڵاتان. داوا دەكەین كێشەكانیان بە گفتوگۆ چارەسەر بكەن و ڕێز له‌ عێراق و سه‌روه‌رييه‌كه‌ى بگيرێت. بەردەوامیی ئەم ئاڵۆزی و كردار و پەرچەكردارانە، عێراق و ناوچەكە بەرەو هەڵدێر و ئاییندەیەكی نادیار دەبات و دەبێتە هۆی زیندوكردنەوە و بەهێزكردنی هێزە توندڕەو و تیرۆریستەكانی وەك داعش.

 

لەم دۆخە ئاڵۆز و هەستیار و مەترسیداره‌دا، داوا لە هەمو لایەك دەكەین ئەوپەڕی دانبەخۆیاندا بگرن و ڕێگە لە په‌ره‌سه‌ندنه‌ مەترسیدارەكان بگيرێت.

 

سەرۆكايه‌تيى هەرێمی كوردستان

٣/١/٢٠١٩

 

Qadirzada.com ©2009 - 2020. All rights reserved