| ||
|
||
به‌یاننامه‌ی سه‌رۆك كۆمار له‌سه‌ر خۆپیشاندانه‌كان
سه‌باره‌ت به كێشه‌ی موچه‌و خۆپیشاندانه‌كان سه‌رۆك كۆماری عیراق به‌یاننامه‌یه‌كی بڵاوكرده‌وه. دەقی بەیاننامەکە:
به‌ناوی په‌روه‌ردگاری به‌خشنده‌و میھره‌بانه‌وه ئه‌ی گه‌لی عیراقی به‌ڕێز سڵاوی خواتان لێ بێت،
ژماره‌یه‌ك شار و شارۆچكه‌ی ھه‌رێمی كوردستان خۆپیشاندان و ناڕه‌زایی ھاوڵاتیانیانیان به خۆوه بینی كه زۆربه‌یان فه‌رمانبه‌ران و كرێكاران بون و داوای موچه دواكه‌وتو و شایسته‌كانیانی چه‌ند مانگی رابردو و باشكردنی ھه‌لومه‌رجه‌كانی ژیانی ئابوریی و سیاسیی یان ده‌كرد كه شایسته‌ی ژیانی خۆیان و خانه‌واده‌كانیان بێت بۆ ره‌تكردنه‌وه‌ی دیارده‌كانی گه‌نده‌ڵی و شكسته‌كان له بواره جیاجیاكاندا. له ھه‌ندێك له‌و خۆپیشاندانانه‌دا ژماره‌یه‌ك خۆپیشانده‌ر ئاگریان به‌ردایه بینا و باره‌گای دامه‌زراوه حكومیی و حزبه سیاسییه‌كان له ئه‌نجامدا شه‌ھید و ده‌یان برینداری له ریزه‌كانی ھاووڵاتیانی بێ دیفاع لێ كه‌وته‌وه. ئێمه له كاتێكدا داوا له ھه‌مو رۆڵه‌كانی گه‌لمان ده‌كه‌ین به تایبه‌تیی خۆپیشانده‌ران كه ھێمنی و پابه‌ند بون به قانون و دان به‌خۆدا گرتن زاڵ بكه‌ن به‌سه‌ر خۆیاندا زیان نه‌ده‌ن له بینا و موڵكی حكومیی و باره‌گای حزبه سیاسییه‌كان، داواش له كاربه‌ده‌سته ئه‌منییه‌كان ده‌كه‌ین لێكۆڵینه‌وه‌ی به په‌له بكه‌ن له به‌رپرسیارانی روداوه‌كان و لێپێچینه‌وه‌ی كه‌مته‌رخه‌مه‌كان، ھاوكات داوا له له حكومه‌تی ھه‌رێمی كوردستان و حكومه‌تی فیدراڵیی ده‌كه‌ین كاری جدیی و به په‌له بكه‌ن بۆ به‌ده‌نگه‌وه چونی داواكاریه ره‌واكانی خۆپئشانده‌ران و ھه‌نگاوی جدیی و پراكتیكیی بگرنه به‌ر بۆ یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی كێشه‌ی پێدانی موچه به رێكوپێكی شایسته دواكه‌وتوه‌كانی تر و چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و ئاسته‌نگانه‌ی كه ھاوڵاتییان له‌شاره جیاجیاكانی ھه‌رێمی كوردستاندا به‌ده‌ستییه‌وه ده‌ناڵێنن. له كاتێكدا به‌وپه‌ڕی باوه‌ڕه‌وه دوپاتیشی ده‌كه‌ینه‌وه كه خۆپیشاندان و ناڕازیی به ئاشتیی كارێكی مه‌ده‌نیی و مافێكی ره‌وایه ده‌ستور زامنی كردوه و پرسه له خانه‌واده‌ی شه‌ھیدانی روداوه نه‌خوازراوه‌كان ده‌كه‌ین له په‌روه‌ردگارمان داوایه شیفای خێرای برینداره‌كان بدات، داواش له ھێزه ئه‌منییه‌كان ده‌كه‌ین له ھه‌رێم ئاسایشی خۆپیشانده‌ران بپارێزن و مافی ده‌ڕبڕینی ته‌واویان بۆ داوا و مافه ره‌واكانیان بۆ زامن بكه‌ن و رێ بگرن له لادانی خۆپیشاندانه‌كان له رێیه راسته‌كه‌ی و كار بكه‌ن بۆ پارێزگاریكردن له موڵك و ماڵی گشتیی و تایبه‌تیی. به‌م بۆنه‌یه‌وه سه‌رله‌نوێ ئه‌وپه‌ڕی پێویستی بۆ ده‌ستپێكردنی دیالۆگی جدیی و ده‌ستبه‌جێ ھه‌مه‌لایه‌نه‌ی نێوان حكومه‌تی فیدراڵیی و حكومه‌تی ھه‌رێمی كوردستان دوپات ده‌كه‌ینه‌وه بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی نێوان ھه‌ردولا له‌سه‌ر بناغه‌ی ده‌ستور و بڕیاره‌كانی دادگای فیدراڵیی، ته‌ئكیدیش ده‌كه‌ینه‌وه له‌سه‌ر گه‌ڕانه‌وه‌ی ژیانی ئاسایی ھاوڵاتیان له ھه‌رێمی كوردستان و لابردنی گه‌مارۆی گه‌شته ھه‌واییه‌نێوده‌وڵه‌تییه‌كان له ھه‌ردو فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تیی ئه‌ربیل و سلێمانی و ئاساییكردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان ته‌واوی رۆڵه‌كانی عێراق و كۆتایی ھێنان به ھه‌مو شێوه‌یه‌كی گرژیی. چاوه‌ڕێی ھه‌نگاوی حكومه‌تی عێراقیش ده‌كه‌ین بۆ جێبه‌جێكردنی پابه‌ندبونی به پێدانی موچه‌ی كارمه‌ندانی ھه‌رێمی كوردستان و سوككردنی كۆت و به‌نده‌كان له‌سه بانكه تایبه‌تییه‌كان له ھه‌رێم و ئاماده‌یی بۆ دیالۆگ له‌سه‌ر بناغه‌ی ده‌ستور، پێویستیی خۆ له‌قه‌ره‌نه‌دانی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ھاوڵاتیان و ژیانی رۆژانه‌یان و ئاینده‌یشیان دوپات ده‌كه‌ینه‌وه. راگه‌یاندنی حكومه‌تی فیدراڵیی و حكومه‌تی ھه‌رێمی كوردستان كه ئاماده‌ی ده‌ستپێكردنی دیالۆگن بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه ھه‌ڵپه‌سێراوه‌كانی نێوانیان، ھه‌نگاوێكی باشه و پێویستی به ھه‌نگاوی پراكتیكیی و كاریگه‌ره بۆ زامنكردنی به‌ده‌نگه‌وه‌چونی مافه ره‌واكانی دانیشتوانی ھه‌رێم، ئه‌وه‌ش به‌رده‌وامیی په‌یوه‌ندییه‌كانی گه‌ره‌كه له پێناوی به‌ھێزكردنی لێك تێگه‌یشتنی نیشتمانیی و دۆزینه‌وه‌ی رێگه چاره‌كان له‌سه‌ر بناغه‌ی ده‌ستور و بڕیاره‌كانی دادگای فیدراڵیی. دڵنیاین له په‌رۆشیی ھه‌موان بۆ دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌ری پراكتیكیی و به‌په‌له و ھه‌ستكردن به لێپرسراوێتیی نیشتمانیی. په‌روه‌ردگار ھه‌موان سه‌ربخات بۆ خۆشیی و ئاشتیی و پێشكه‌وتن.
فوئاد مه‌عسوم سه‌رۆك كۆمار ٢٠/١٢/٢٠١٧
|
||
Qadirzada.com © 2017. All rights reserved
|
||