| ||
|
||
سه‌رۆكی هه‌رێم یاسای چاكسازی ئیمزا كرد
سه‌رۆكی هه‌رێم یاسای چاكسازی له مووچه و ده‌رماڵه و به‌خشین و ئیمتیازات و خانه‌نشینی له هه‌رێمی كوردستان ئیمزا كرد.
ده‌قه‌كه‌یه‌تی ڕاگەیەندراوەکە:
ڕاگه‌یه‌نراوێك له سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستانه‌وه
ئه‌مڕۆ یاسای چاكسازی له مووچه، ده‌رماڵه، به‌خشین، ئیمتیازاته‌كان و خانه‌نشینی له هه‌رێمی كوردستان ــ عێراق ژماره ٢ی ساڵی ٢٠٢٠ـم واژۆ كرد كه ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران ئاماده‌ی كردووه و ناردوویه‌تیه په‌رله‌مانی كوردستان و ڕۆژی ١٦/١/٢٠٢٠ په‌رله‌مان په‌سه‌ندی كرد.
ئه‌م یاسایه مایه‌ی سه‌رنج و تێڕوانینی چین و توێژه جیاكانی كۆمه‌ڵگه بووه، بۆیه له‌و ڕۆژه‌وه به فه‌رمی گه‌یشتووه‌ته سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێم، شاره‌زایان و پسپۆڕان له سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێم و ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران، زۆر به وردی تاوتوێیان كرد و لایه‌نه ئه‌رێنی و نه‌رێنییه‌كانی یاساكه به شێوه‌یه‌كی بابه‌تیانه به وردی خرانه ڕوو.
هه‌موو لایه‌ك دڵنیا ده‌كه‌ینه‌وه كه تێگه‌یشتنی ته‌واومان بۆ ئه‌و سه‌رنج و تێبینییانه هه‌یه به‌تایبه‌تی له بواری خانه‌نشینیدا، جه‌ختیش له‌وه ده‌كه‌ینه‌وه كه یاساكه هه‌نگاوێكی دیكه‌ی چاكسازییه له بواری كارگێڕی و داراییدا. به هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ سه‌رجه‌م دامه‌زراوه و لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كانی هه‌رێمی كوردستانیش، به‌رده‌وام ده‌بین له هه‌نگاوه‌كانی دیكه‌ی چاكسازی له‌پێناو به‌رژه‌وه‌ندیی گشتیی گه‌لی كوردستاندا.
له‌م ڕوانگه‌یه‌وه حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ڕاده‌سپێرین تا له ماوه‌یه‌كی گونجاو‌دا پرۆژه‌یاسای خانه‌نشینیی یه‌كگرتوو بۆ هه‌رێمی كوردستان ئاماده بكات و پێشكه‌ش به په‌رله‌مانی بكات، به شێوه‌یه‌ك بنه‌ما و پێوه‌ری هێنانه‌دی دادپه‌روه‌ری تێدا بێت و مووچه‌خۆران دڵنیا بكاته‌وه كه ئێستا و داهاتووش ماف و شایسته‌كانیان مسۆگه‌ر و پارێزراو ده‌بن، هه‌روه‌ها له په‌یڕه‌وی جێبه‌جێكردندا ڕه‌چاوی ئه‌و تێبینی و پێشنیارانه بكرێت كه ده‌رباره‌ی یاساكه خراونه‌ته ڕوو، ئه‌و كه‌موكوڕییانه‌ش كه له جێبه‌جێكردنیدا ده‌رده‌كه‌ون، ده‌كرێت به هه‌مواركردنه‌وه‌ی یاساكه و په‌یڕه‌وی جێبه‌جێكردنی، چاره‌سه‌ر بكرێن.
نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان ٤/٢/٢٠٢٠٢
|
||
Qadirzada.com ©2009 - 2020. All rights reserved
| ||