| ||
|
||
ماکرۆن: ئێمە شانازی بە کورد و پێشمەرگە دەکەین
سەرۆکی فەرەنسا ئیمانوێل ماکڕۆن لە پرێسکۆنفرانسی هاوبەشیدا لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی کوردستان (نێچیرڤان بارزانی)، پشتگیریی وڵاته‌كه‌ی بۆ مافەکانی گەلی کوردستان لە عێراقدا دەربڕی و رایگەیاند، کە دەبێ كۆی مادده‌كانی ده‌ستور و ماددەی ١٤٠ جێبەجێ بکرێن و، میلیشیاکانیش لە عێراقدا نەمێنن.
لە سه‌ره‌تای پرێسکۆنفرانسەکەدا، سەرۆکی فەرەنسا ماکڕۆن خۆشحاڵیی خۆی نیشان دا بە پێشوازیکردنی لە سەرۆکوەزیرانی کوردستان نێچیرڤان بارزانی و جێگری سەرۆکوەزیران قوباد تاڵەبانی. ماکڕۆنسەرۆکی فەرەنسا پشتگیریی تەواوی خۆی و فەڕەنسای بۆ چەسپاندنی مافەکانی کورد لە عێراقدا دەربڕی و گوتی، دەبێ ئەو مافانە بچەسپێندرێن. هاوكات سوپاس وپێزانین هه‌بوو بۆ هێزی پێشمەرگەی کوردستان کە لە شەڕی دژ بە داعشدا دەستکەوتی گەورەیان بە دەست هێنا بۆ کوردستان و عێراق و ناوچەکەش، ''ئێمە شانازی بە کورد و پێشمەرگە دەکەین.'' پرسی ئاوارەکان خاڵێکی دیکە بوو کە سەرۆکی فەرەنسا لای گرینگ بوو کە هەرێمی کوردستان شوێنی ئەو هەموو ئاوارەیەی کردووەتەوە و، له‌وباره‌وه سوپاسی هەرێمی کوردستانی کرد. سەرۆکی فەرەنسا لەبابەت تەوەری گفتوگۆکانی لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی کوردستان گوتی، فەرەنسا پشتگیری لە عێراقێکی فیدراڵی دیموکرات و یەکگرتوو دەکات، به‌ڵام دەبێ عێراق مافی پێکهاتەکان بدات. ئاماژەیشی بە چوار خاڵ کرد کە لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی کوردستان و شاندی یاوەری گفتوگۆی لەسەر کردووە: یەکەم: رێزگرتن لە دەستووری عێراق و دەبێ هەموو ماددەکانی جێبەجێ بکرێن. دووەم: دەستەڵاتی حکوومەتی فیدراڵ لەسەرجەم خاڵە سنوورییەکان بچەسبێت. سێیەم: دەبێ هەموو میلیشیای عێراق نەمێنن لەنێوعێراقدا بە حەشدی شەعبییەوە. چوارەم: دەبێ داهاتی عێراق بە یەکسانی دابەش بکرێ بەسەر هەموو گەلانی عێراقدا و ماددەی ١٤٠ لە جێناکۆکەکان جێبەجێ بکرێت.
دواتر سەرۆکی فەرەنسا هه‌روه‌ها باسی لەوە کرد کە دەبێ بە زووترین کات دیالۆگی نێوان هەولێر و بەغدا ده‌ست پێ بكا و خۆیشی ئامادەیی ئەوەی دەربڕی کە پێوەندی بە سەرۆکوەزیرانی عێراقه‌وه ده‌کات بۆ ئەوەی دەست بە دیالۆگ بکات. سەرۆکی فەرەنسا گوتیشی، جارێکی دیکە فەرەنسا دووپاتی دەکاتەوە کە دەبێ مافەکانی کورد لە عێراقدا بەگوێرەی دەستوور بچەسپێت و تەواوی ماددە دەستوورییەکان جێبەجێ بکرێن. سەرۆکی فەرەنسا ئاماژەیشی دا کە ئەو پێشوازی لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان کردووە وەک حکوومەتێکی شەرعی، بە تایبەت کە دوو گەنج، سەرۆک و جێگری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمن، له‌گه‌ڵیاندا هه‌وڵێ ده‌ده‌ین کە دەبێ چارەیەک بۆ کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا بدۆزینەوە و بگەنە رێککەوتن.
له‌باره‌ی ئه‌وه‌وه كه فه‌ره‌نسا و ئه‌ورووپا چ هه‌وڵێك ده‌ده‌ن بۆ كۆتاییهێنان به‌و گه‌مارۆ ئابوورییه‌ی خراوه‌ته سه‌ر هه‌رێمی كوردستان، ماكڕۆن سرۆکی فەرەنسا ڕایگه‌یاند، بۆ دابینكردنی ئاسایش كورد ڕۆڵی گرینگ ده‌بینن، ئه‌و ڕێگایه كه به‌ره‌و دیالۆگی نیشتیمانییه له ئارادایه و ده‌بێ له ڕێیه‌وه كێشه‌كان چاره بكرێن. ئێمه له هه‌وڵی ئه‌وه‌ین میكانیزێك بۆ دانوستان بدۆزینه‌وه، تا هه‌رچی مادده‌ی نێو ده‌ستووری عێراق هه‌یه جێبه‌جێ بكرێن و بچه‌سپێندرێن و، چاره‌ی بنه‌ڕه‌تی بۆ كۆی كێشه‌كان بدۆزینه‌وه. خۆی كێشه‌ی سه‌ره‌كی خاڵه سنوورییه‌كان بوون، كه سه‌رۆك و جێگره‌كه‌ی ئاماده‌ییان نیشان داوه.
نێچیرڤان بارزانی سەرۆکوەزیرانی کوردستان، سوپاسی هەڵوێستی فەرەنسای كرد، كه لە رابردوودا و لە ئیستایشدا بۆ ئەو هەوڵانەی دەیدات و گوتی : کە فەرەنسا رۆڵێکی سەرەکی دەبینێ لە چارەکردنی کێشەکانی ئێمە لەگەڵ عێراق. له‌باره‌ی ئه‌وه كه باسیان له هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌نجامی ڕێفره‌ندۆمی باشووری كوردستان كردووه، كه عێراق وه‌ك مه‌رجی دانوستان باسی لێ ده‌كات، ئیمانوێل ماكڕۆن گوتی، ڕێزگرتنی حكوومه‌تی هه‌رێم له بڕیاری دادگای فیدراڵ به واتای هه‌نگاوی ئه‌رێنییه بۆ ئاراسته‌ی چاره‌ی كێشه‌كانی نێوانیان.
هه‌ر له‌وباره‌وه نێچیرڤان بارزانی گوتی: ئێمه له قۆناغێكی نوێداین، بابه‌تی ڕێفره‌ندۆم تێپه‌ڕیوه، ڕێزیشمان له بڕیاری دادگای فیدراڵ گرتووه، پرسیار ئه‌وه‌یه كه ئایا ده‌مانه‌وێ سه‌قامگیری هه‌بێ یان نا؟، وه‌ڵامی ئێمه ئه‌وه‌یه كه ده‌مانه‌وێ له ئێستادا له چوارچێوه‌ی ده‌ستووردا كێشه‌كانمان چاره بكه‌ین، هه‌روه‌ها به سه‌رۆك ماكرۆنمان ڕاگه‌یاندووه كه ئاماده‌ین به هاوبه‌شی خاڵه سنوورییه‌كان به‌ڕێوه ببه‌ین.
بۆچوونی خۆمان بە سەرۆکی فەرەنسا گوت، لاریمان نییە لە عێراقێکی فیدراڵی یەکگرتوو و دەستەڵاتی حکوومەتی فیدراڵی لە سنوورییه‌كاندا. ئێمە ئامادەین بۆ گفتوگۆیەکی بونیاتنەر لەگەڵ عێراق لە چوارچێوەی دەستووری عێراق.
|
||
Qadirzada.com © 2017. All rights reserved
|
||