سەرۆکایەتیی پەرلەمان و سەرۆک فراکسیۆنەکان راگەیاندراوێکیان بڵاو کردەوە

 

 

ئەمڕۆ چوارشەممە، سەرۆکایەتیی پەرلەمان و سەرۆکی فراکسیۆنەکان، دوای کۆبوونەوەیان، راگەیەندراوێکیان بڵاو کردەوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە ٨/١١/٢٠١٧، سەرۆکایەتیی پەرلەمان و سەرۆکی فراکسیۆنەکان، دوای کۆبوونەوەیان، راگەیەندراوێکیان بڵاو کردەوە، تێدا چەند خاڵێک خراوەتە روو.

 

دەقی راگەیەندراوەکە:

 

رۆژی چوارشەممە کاتژمێر ١١ی پێش نیوەرۆ کۆبوونەوەی سەرۆکایەتی پەرلەمان و سەرۆکی فراکسیۆنەکان ئەنجامدرا، دوای ئەوەی کە وەرزی تەشریعی لە رۆژی ٦/١١/٢٠١٧، راگەیەندرا بە مەبەستی گەڵاڵەکردنی کاری ئایندەی پەرلەمان و دانیشتنەکان پەرلەمان و ئەو یاسا و بڕیارانەی کە پێویستن پەرلەمانی کوردستان پەسندیان بکات بە تایبەت ئەو بابەتانەی کە پەیوەستن بە دۆخی خەڵک و ھەرێمی کوردستان و رۆڵی دامەزراوە دەستووریەکانی ھەرێم.

 

لەو بارەیەوە کۆبوونەوەکە گەیشتە ئەم بڕیارانەی خوارەوە:

 

١- لە پێناو چارەسەرکردنی کێشە و گرفتەکان و نەھێشتنی کۆسپەکان و ھەوڵی لایەنە سیاسییەکان بۆ ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی و سیاسی، بە گرنگ دەزانین کە دەست بەری یەکرێزی و یەک گوتاری بکات لە ناوخۆی ھەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە کە لەم قۆناغەدا میللەتەکەمان پێیدا تێپەر دەبێت، داوا دەکەین پەلە بکرێت بۆ ئەم مەبەستە.

 

٢- پەرلەمان و حکومەت ھاوکار و ھەماھەنگی تەواوی یەکتربن و ھەروەھا جەخت کرایەوە بە چالاکردنی لیژنەکانی پەرلەمان و کاری چاودێری و بەدواداچوون و ھەر رێکارێکی یاسایی کە پێویست بێت بۆ بەھێزکردنی دامەزراوەکان و ھەرچی زیاتر خزمەتکردنی سەرجەم چین و توێژەکانی ھەرێمی کوردستان.

 

٣- پەرلەمانی کوردستان جەخت دەکاتەوە دامەزراوە دەستووریەکانی ھەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی دەستووری عێراقدا ئامادەییان پیشان داوە بۆ دانوستان و چارەسەری ریشەیی کێشەکان بۆ ئەم مەبەستە ھەرچی زووە وادەی دانوستان دیاری بکرێت و لەم نێوەندەشدا داوا لە کۆمەڵگای نێو دەوڵەتی دەکەین ھاوکاری جددی بن چونکە مانەوەی دۆخەکە بەم جۆرە ھۆکار دەبێت بۆ تێکچوونی ژیان و گوزەرانی خەڵکی کوردستان و ناوچە جێناکۆکەکان بۆ تەئکیدکردنەوە ھیچ جۆرە پێشێلکارییەکی دەستووری لەلایەن ھەرێمی کوردستانەوە رووی نەداوە، بە پێچەوانەوە لەسەرجەم راگەیاندراو ولێدوانە فەرمییەکاندا پابەندبوون بە یاسا و ماددە دەستوورییەکانی عێراق بە روونی ئاماژەی پێکراوە و دووپات کراوەتەوە.

 

٤- جەخت دەکەینەوە شاندی حکومەتی ھەرێمی کوردستان کە بە مەبەستی دانوستان دەچێتە بەغدا، پاکێجێکی یاسایی و دارایی ورد ئامادەبکات و بۆ ئەم مەبەستەش پەرلەمانی کوردستان بە فەرمی نوێنەری خۆی بۆ ئەو ئامادەکارییە لە خەڵکانی پسپۆر و شارەزا دیاریکردووە و ھەماھەنگی تەواوی حکومەتی ھەرێمی کوردستان دەکەین، دەبێت ھەوڵەکان چڕبکرێنەوە بۆ دانووستانی بەپەلە بەتایبەت قوتی خەڵکی کوردستان دەکەوێتە بەر مەترسی جددی و داوا دەکەین کە ناوی مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی سیستەمی بایۆمەتری بۆ دانوستانەکانی نێوان ھەردوولا کاری پێبکرێت و رێژەی (١٧%) شایستە داراییەکانی ھەرێمی کوردستان پارێزراوبێت.

 

٥- بۆ وەرزی تەشریعی نوێ، بریاردرا ھەموو ئەو یاسا و پڕۆژانەی کە گرنگن و پێویستی ھەنوکەیی ئەم قۆناغەن بخرێنە بەرنامەی کاری دانیشتنەکانی پەرلەمانی کوردستان و بەرەچاوکردنی ئەو یاسایانەی کە رەھەندی نیشتمانییان ھەیە و مەبدەئی توافق کاری پێبکرێت.

 

٦- کۆبوونەوە بڕیاری دا لە پێناوی بەدواداچوونی مەیدانی و ئامادەکردنی راپۆڕتێکی گشتگیر لەسەر کۆی ئەو رووداوانەی کە بەسەر ناوچە جێناکۆکەکاندا ھاتووە لیژنەیەکی بەدواداچوون لە ھەرچوار لیژنەکانی (ناوچە کوردستانیەکان دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم و پێشمەرگە و ناوخۆ و مافی مرۆڤ)، پێکبھێندرێت بۆ ئامادەکردنی راپۆڕتێکی مەیدانی بۆ پەرلەمانی کوردستان.

 

٧- بریاردرا بەپەلە دانیشتنێکی ھاوبەشی فراکسیۆنە کوردستانییەکانی پەرلەمانی عێراق و پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەبچێت بۆ گەڵاڵە کردنی بۆچوونی ھاوبەشی ھەردوولا.

 

٨- پەرلەمانی کوردستان جەخت دەکاتەوە لەسەرجەم رێکارەکانی دانوستان و دەرئەنجامەکانی پێویستە ئاگاداربێت و راوێژی بەردەوام لە نێوان حکومەت و پەرلەمان دەستەبەربکرێت.

 

 

Qadirzada.com © 2017. All rights reserved