ڕاگەیەندراوێك لە سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستانەوە لەبارەی بارودۆخی شاری عفرین

 

دقی ڕاگەیاندراوەکە:

 

ماوەیەكی زۆرە شاری عفرین، لەلایەن ڕێكخستنە توندڕۆیەكانی وەك بەرەی نوسرە و ئەوانی تر، تووشی گەمارۆیەكی ئابووری و سەربازیی توند و بەرفراوان بووە. هەفتەیەكە ئەم گەمارۆیە توندتر بووە و بەوەشەوە نەوەستاون و دەستیان كردووە بە تۆپبارانی گوند و شارۆچكەكانی دەوروبەری عفرین. ئەمە لەكاتێكدایە كە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی سەرقاڵی دۆزینەوەی رێگە چارەیەكە بۆ قەیرانی سووریا و ڕاگرتنی كوشتوبڕ لەو وڵاتە.

ئێمە لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان زۆر بە توندی ئیدانەی ئەم كارە قێزەوەن و نامرۆڤانەیە دەكەین كە دەرهەق بە خوشك و برایانمان لە عفرین دەكرێت، لەهەمان كاتدا نەبوونی خۆراك و دەرمان نیگەرانییەكانی ئێمەی زیاتر كردووە كە هەڕەشەی جدی دەخاتە سەر ژیان و گوزەرانی دانیشتوانی عفرین. بۆیە داوا لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و لایەنە پەیوەندیدارەكان دەكەین لەئاست بەرپرسیارەتییەكانیاندا بن بەرانبەر شاری خۆڕاگری عفرین و بە جدێ هەوڵی لابردنی ئەو گەمارۆیە بدەن. هەروەها داوا لە ڕێكخراوە خێرخوازییە نێودەوڵەتییەكان دەكەین كار بكەن بۆ گەیاندنی پێداویستییە سەرەكییەكانی ژیان و كردنەوەی ڕێڕەوێكی مرۆیی لەپێناو بەهاناوەچوونی دانیشتوانی ناوچەكە.

بە خوشك و برایانی خۆڕاگرمان لە شاری عفرین و دەوروبەری ڕادەگەیەنین كە ئێمە لەگەڵ ئێش و ئازارەكانتانداین و ئەوەی لەدەستیشمان بێت بۆ هاوكاریكردنتان درێغی ناكەین.

 

سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان

٧/١٢/٢٠١٥

 

Qadirzada.com © 2009 - 2015. All rights reserved