وته‌بێژى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان وه‌ڵامى عه‌بادى ده‌داته‌وه‌

 

 

له‌ ڕاگه‌یه‌نراوێكى نووسراودا، ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ ٣/١/٢٠١٨ به‌ڕێز سه‌فین دزه‌یى وته‌بێژى فه‌رمیى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان وه‌ڵامى دوایین لێدوانه‌كانى به‌ڕێز حه‌یده‌ر عه‌بادى سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراقى فیدراڵى دایه‌وه‌، ئه‌مه‌ ده‌قه‌كه‌یه‌تى:

 

دوێنێ سێشەممە ٢/١/٢٠١٨ بەڕێز حەیدەر عەبادی لە كۆنگرە ڕۆژنامەوانییەكەیدا دوای كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقی فیدراڵ، چەند بابەتێكی دەربارەی ڕێژەی بەرهەمهێنان و فرۆشی نەوتی هەرێمی كوردستان و مووچە و چەند پرسێكی دیكەی لەسەر هەرێمی كوردستان ورووژاند.

 

لە كاتێكدا هەوڵێكی زۆر لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات بۆ دەسپێكردنی دیالۆگ و چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراقی فیدراڵ هەیە، هەروەها دوای ئەوەی هەفتەی ڕابردوو چەند ئاماژەیەكی ئەرێنیمان لە بەغداوە بینی و هەستمان بە كەشێكی ئەرێنی بۆ دەسپێكردنی دیالۆگ كرد و شاندێكی حكوومەتی عێراق سەردانی هەرێمی كوردستانیان كرد، دیسان لە كۆنگرە ڕۆژنامەوانییەكەیدا بەڕێز سەرۆك وەزیران بە زمانێك كە خزمەتی ئەو كەش و ئاڕاستە ئەرێنییە ناكات قسەی كرد و كۆمەڵێك زانیاریی ناڕاستی دەربارەی چەند پرسێكی پەیوەندار بە هەرێمی كوردستانەوە خستە ڕوو.

 

پێمان وایە دانیشتن و گفتوگۆی جددی، ڕێگەی ڕاستی چارەسەركردنی كێشه‌كانە، نەك قسە و لێدوانی ڕۆژنامەوانی كەوا بۆ نزیكەی سێ مانگە بەردەوامە و بە كردەیی هیچی لێ بەرهەم نەهات. جاری دووەمە لە كۆنگرە ڕۆژنامەوانییەكانیدا بەڕێز عەبادی باس لە بەرهەمێهێنان و فرۆش و داهاتی نەوتی هەرێمی كوردستان دەكات و ژمارەی نادروست دەخاتە ڕوو، بۆیە لەمبارەیەوە ڕوونیدەكەینەوە كە:

 

١. دواى ئه‌وه‌ى سه‌ره‌تاى ٢٠١٤ حكوومەتی عێراق بودجەی هەرێمی كوردستانی بڕی، حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەستی بە هەناردەكردنی نەوت كرد و لەوساوە تا ئێستا داهاتی نەوتی هەرێمی كوردستان بۆ پێدانی مووچە خەرج دەكرێت.

 

٢. هەردوو ساڵی ٢٠١٤ و ٢٠١٥ لە هەرێمی كوردستان به‌ داهاتی نەوت و داهاتی ناوخۆ مووچە بەبێ پاشەكەوت دراوە، ساڵانی ٢٠١٦ و ٢٠١٧ش دوای پەیڕەوكردنی ناچاریی سیستمی پاشەكەوت، بڕی (١٢) ترلیۆن و (٧٧) ملیار و (٧٦٤) ملیۆن دینار بۆ مووچە خەرج كراوە كە هه‌مووى له‌و داهاته‌ بووە.

 

٣. بەڕێز عەبادی دەڵێت: مانگی (١٠)ی ٢٠١٧ هەرێمی كوردستان ڕۆژانە (٤٥٠) هەزار بەرمیل نەوتی هەناردە كردووە. لای هەمووان ئاشكرایە، پاش ڕووداوەكانی ١٦/١٠/٢٠١٦ هەردوو كێڵگەی ئاڤانا و بای حەسەن كە ڕۆژانە بە تێكڕای (٢٥٠) هەزار بەرمیل نەوتی هەبووە، كەوتنە ژێر دەستی حكوومەتی عێراق و كۆمپانیای نەوتی باكوور و لەوساوە هەناردەكردن لەو دوو كێڵگەیە ڕاوەستاوە، لەو بەروارەشەوە ئیتر هەرێمی كوردستان داهاتەكەی بۆتە نیوە.

 

٤. له‌ دواى ١٦/١٠/٢٠١٧ـه‌وه‌ تا كۆتایى ساڵى ٢٠١٧ تێكڕای هه‌نارده‌ى نەوت لە هەرێمی كوردستان بریتییە لە (٢٦٥) هه‌زار و (٩٧٠) بەرمیل نه‌وتى ڕۆژانه‌ كە بە نرخی برێنت نەفرۆشراوە و داهاته‌كه‌ى ناكاتە دوو تریلیۆن دینار وەك بەڕێز عەبادی ئیدیعای دەكات.

 

٥. وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێمی كوردستان، لە ساڵی ٢٠١٤ـەوە تاكو كۆتاییی ٢٠١٦ ڕاپۆرتی مانگانەی بەرهەمهێنان و فرۆش و داهاتی نەوتی خستۆتە ڕوو. لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٧یشەوە كۆمپانیای جیهانیی (دیلۆیت) وردبینیی ته‌واوى پرۆسه‌كه‌ ده‌كات كه‌ بەم زووانە ڕاپۆرتی شەش مانگی یەكەمی ٢٠١٧ ده‌خاته‌ ڕوو. ئەو ژمارانەی وەزارەتی نەوتی عێراق بڵاوی دەكاتەوە و بەڕێز سەرۆك وەزیران ئاماژەی پێدەدات، وردبینی نەكراون و جێگەی گومانن، چونكه‌ لە ساڵی ٢٠١٦ بەدواوە ئەندامیەتیی عێراق لە دەستپێشخەریی شەفافیەتیی نێودەوڵەتی (EITI) بەهۆی جێبەجێنەكردنی پێوەرەكانی شەفافیەتی نەوتەوە هەڵپەسێردراوە.

 

٦. مووچەی یەك مانگی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان زیاتر لە (٨٥٠) ملیار دینارە، له‌گه‌ڵ پاشەكەوتی ناچارییش ئینجا نزیكەی (٦٠٠) ملیار دینارە بۆ هه‌ر مانگێك، كه‌چى بەڕێز عەبادی ده‌ڵێت تەنها (٣٠٠) ملیار دینارە. هه‌روه‌ها داهاتی مانگانەی نەوتی هەرێمی كوردستانى بۆ سێ مانگی كۆتاییی ٢٠١٧ی بە (٥٤٤) ملیار دیناری عێراقی دیاری كردووە كه‌ نرخی نه‌وتى برێنته‌، له‌ كاتێكددا نه‌ نه‌وتى هه‌رێمى كوردستان و نه‌ نه‌وتى عێراقیش به‌ نرخى برێنت نافرۆشرێن!‌. نازانین سەرچاوەی ئەم زانیارییە ناڕاستانەی بەڕێز عەبادی چییە و چۆن دەتوانێت پشتڕاستی بكاتەوە؟!

 

٧. بەراوردكردن و هاوتاكردنی تێچووی نەوت لە هەرێم و عێراق نادروست و ناڕەوایە كە بەڕێز عەبادی بە (١١) هەزار دیناری عێراقی داناوە. بەڕێز عەبادی خۆی باش ئەوە دەزانێت گرێبەستەكانی هەرێمی كوردستان گرێبەستی بەشداریكردنن لە بەرهەمهێنان، نەك گرێبەستی خزمەتگوزاری وەك ئەوانەی عێراق كە تەمەنی بلۆكەكانی دەیان ساڵه‌. جگه‌ له‌وه‌ى تەنها لە پڕۆژە ‌بودجەی ساڵی ٢٠١٨ی عێراقدا بڕی (٢٨) تریلیۆن و (٧٧٠) ملیار دینار بۆ خەرجیی وەزارەتی نەوتی فیدراڵ و كۆمپانیا نەوتییەكان له‌ عێراق تەرخان كراوە، كه‌چى هیچ بۆ كۆمپانیا نەوتییەكان لە هەرێمی كوردستان دابین نەكراوە، پابەندیش كراوە ڕۆژانه‌ (٢٥٠) هەزار بەرمیل نەوت هه‌نارده‌ بكات!.

 

٨. لە بودجەی ٢٠١٨ى عێراقدا (٣٣٤) ملیار دینار بۆ مووچه‌ى هه‌رێمى كوردستان دانراوه‌، كە بە پاشەكەوتیشه‌وه‌ ئینجا ده‌كاته‌ نیوەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان. ئه‌م ڕێژه‌یه‌ لە بودجەی عێراقی فیدراڵی بۆ ساڵی ٢٠١٧دا (٤٩٧) ملیار دینار بوو، هۆكاری ئەم كەمكردنەوەیە دیار نییە، لە كاتێكدا ژمارەی فەرمانبەران هەمان ژمارەیە و هیچ گۆڕانكارییەك لە مووچە و دەرماڵەكانیاندا ڕووی نەداوە.

 

٩. لەگەڵ بڕینی بودجەی هەرێم لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٤ـەوە، وەزارەتی نەوتی عێراقیش ناردنی بەرهەمی نەوتی بۆ هەرێمی كوردستان ڕاگرت كه‌ مافی دەستووریی خۆیەتی بەپێی ژمارەی دانیشتوان، لە پاڵاوتنی نەوت لە عێراق سوودمەند بێت و پێویستی بە (٣٠٠) ملیۆن لیتر سووتەمەنی هەیە، كه‌چى حكوومه‌تى فیدراڵ تەنها بڕی (٣٠) ملیۆن لیتری ناردووە، ئەمە وێڕای ئەوەی تا ئێستا جووتیارانی هەرێمی كوردستان شایستەی داراییی خۆیان لە ساڵی ٢٠١٤ تا ٢٠١٧ وەرنەگرتووە كە دەكاتە (٧٣٣) ملیار دیناری عێراقی.

 

١٠. هەرچی پەیوەندیداریشە بە ناردنی دەرمانەوە، لە ساڵی ٢٠١٥ـەوە تا ئێستایشی لەگەڵدا بێت، هیچ كاتێك هەرێمی كوردستان %١٠٠ی پشكی خۆی وەرنەگرتووە و ئەوەی وەریگرتووە بە تێكڕایی لە %٦٠ تێپەڕی نەكردووە.

 

١١. سەبارەت بە خەرجكردنی مووچەی هەندێك بەڕێوەبەرایەتیی دیاریكراو، وەك بەنداوەكان، ڕەگەزنامە و ئیقامەیش‌، ئەوانە هەر خۆیان فەرمانگەی فیدراڵین لە هەرێمی كوردستان و بەپێی دەستوور مووچەیان لەسەر حكوومەتی عێراقە. ئەگەر بەڕێوەبەرایەتیی بەنداوەكانیش بە نموونە وەربگرین، ژمارەی فەرمانبەرانیان ته‌نیا (٤٢٩) فەرمانبەرە و مووچەی مانگانەیان (٣٨٩) ملیۆن دینارە.

 

سەفین دزەیی

وتەبێژی فەرمیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان

٣/١/٢٠١٨

 

Qadirzada.com © 2018. All rights reserved