| ||
|
||
ژیان نامه‌ی ڕه‌شاد موفتی نووسه‌ر و شاعیر
شاعیر و زانای ئایینی كورد و كه‌سایه‌تی ناودار و كوردستان قازی ڕه‌شاد موفتی، كوڕی محه‌مه‌د موفتی كوڕی مه‌لا عوسمان، كوڕی مه‌لا ئه‌بوبكر ئه‌فه‌ندی، ناسراو به "كچوك مه‌لا" یه و، له‌ساڵی 1915دا له بنه‌ماڵه‌یه‌كی ناوداری ئایینی له قه‌ڵای دێرینی هه‌ولێر چاوی ژیانی هه‌ڵهێناوه.
له‌ته‌مه‌نی حه‌وت ساڵاندا خراو‌ه‌ته به‌رخوێندن و له قوتابخانه‌ی سه‌ره‌تایی هه‌ولێر تا پۆلی شه‌شه‌می خوێندووه ، دوایی له مزگه‌وتی گه‌وره‌ی قه‌ڵات لای باوكی وانه‌ی " نه‌حوو و سه‌رف مه‌نتیق و به‌یان و ڕه‌وانبێژی و فێقهـ و ئووسووڵ و ته‌فسیری خوێندنه‌ووه ، ڕه‌شاد موفتی، له‌ساڵی 1934 چووه‌ته میسر و دووساڵ له ئه‌زهه‌ر خوێندوویه‌تی و بڕوانامه‌ی ئه‌هلیه‌تی وه‌رگرتووه ، له‌ساڵی 1936 گه‌ڕاو‌ه‌ته‌وه هه‌ولێر و خوێندنی ئاینی له‌لای محه‌مه‌د ئه‌فه‌ندی موفتی باوكی ته‌واو كردووه و مۆڵه‌تی زانستی لێوه‌ر گرتووه.
ڕه‌شاد ئه‌فه‌ندی له زنجیره‌كانی وانه وتنه‌وه ی "مه‌لا ئه‌فه‌ندی"ی ئامۆزای باوكی‌دا ئاماده بووه و سوودێكی زۆری لێ وه‌رگرتووه ، له ساڵی 1944 كاری وانه گوتنه‌وه‌ی پێش نوێژی و وتاری نوێژی هه‌ینی مزگه‌وتی گه‌وره‌ی قه‌ڵای پێ سپێردراوه ، له‌پاش ئه‌م ئه‌ركه ئاینیانه‌ش له‌ساڵی 1956 كراوه به قازی دادگای كه‌ركووك و له ساڵی 1957 بۆ شاری سلێمانی گوێزراوه‌ته‌وه، له‌هه‌مان ساڵیش‌دا گوێزراوه‌ته‌وه بۆ دادگای شه‌رعی هه‌ولێر و دوای بیست و یه‌ك ساڵ خزمه‌تی شه‌ریعه‌ت، له‌ساڵی 1978 خانه‌نشین كراوه.
ڕه‌شاد موفتی نووسه‌ر و شاعیر به‌ر له‌وه‌ی له كاری وه‌زیفی دا بێت كراوه به‌ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی زانایانی شاری هه‌ولێر و كه خانه‌نشین كراوه ، سه‌رۆكایه‌تی ئه‌و ئه‌نجوومه‌نه‌ی هه‌رپێ سپێردراوه. ڕه‌شاد موفتی یه‌كه‌مین وتارخوێن بووه له‌شاری هه‌ولێر وتاری ڕۆژانی هه‌ینی به‌زمانی كوردی بخوێنێته‌وه، كه جاران به زمانی عه‌ره‌بی ده‌خوێنرایه‌وه.
تا ئه‌و ڕۆژه‌ی ماڵئاوایی له‌ژیان كرد، هه‌موو ڕۆژانی هه‌ینی له مزگه‌وتی گه‌وره‌ی قه‌ڵات وتاری هه‌ینی به‌شانازییه‌وه به‌زمانی كوردی ده‌خوێنده‌وه. مامۆستا ڕه‌شاد موفتی نووسه‌رێكی لێهاتووی كورد و شاعیرێكی به‌توانا و، به‌پێی ئه‌و چوارده‌وه‌ری كه تێدا په‌روه‌رده ببوو، ڕێبازێكی ئایینی له هۆنراوه نوسیندا گرتبوو.
مامۆستا ڕه‌شاد موفتی كه ده‌یبینی، مه‌ولودنامه‌ی پێغه‌مبه‌ر (د.خ) به‌زمانی عه‌ره‌بی یان توركی ده‌خوێندرێته‌وه، له ڕووی هه‌ستی نه‌ته‌وه‌ییه‌وه هه‌ستا مه‌ولوودنامه‌یه‌كی به‌زمانی كوردی هۆنیه‌وه، ڕه‌شاد ئه‌فه‌ندی هه‌روه‌ك له هۆنراوه‌ی ئاینیدا به‌توانا بووه ، له هۆنراوه‌ی ستایشیش ده‌ست ڕۆیشتوو بووه.
ڕه‌شاد ئه‌فه‌ندی موفتی له‌گه‌ڵ دامه‌زراندنی یه‌كێتی نووسه‌رانی كورد له‌ساڵی 1970دا بووه ئه‌ندامێكی چالاكی ئه‌م ڕێكخراوه وێژه‌ییه‌ی كورد و له‌ساڵی 1973شدا كرایه ئه‌ندامی یاریده‌ده‌ری كۆڕی زانیاریی كورد له به‌غدا ، دوای خزمه‌تێكی زۆری ئاین و وێژه و زمانی كوردی، له ته‌مه‌نی 77 ساڵیدا له ڕۆژی شه‌ممه‌ی ڕێكه‌وتی 12ی ئه‌یلوولی 1992دا له شاری هه‌ولێر كۆچی دوایی كرد و به‌ڕێزێكی زۆره‌وه ته‌رمه‌كه‌یان له گۆڕستانی بنه‌مه‌ڵه‌كه‌یان له "باداوه"ی هه‌ولێر به‌خاك سپارد.
|
||
Qadirzada.com © 2009. All rights reserved
|
||