خەیاڵی نازت

 

 

 

‌لە نێو ئاسمانی چاوەکانی تۆ

‌بۆ تاڵی ژینم من وا دەگەڕێم

‌گشت ڕۆژێ زوڵفی ڕەشی تاتارت

‌هەروەکو بەختم دێنە سەرە ڕێم

  ......      ......

‌داوی نازی تۆ پڕ لە کێشەیە

‌فرمێسکی دەوێ بۆ هۆنینەوە

‌تەلیسمی چاوت وەک خۆرنشینە

‌لەڕێ ی ئێوارەی یەک بینینەوە

  ......      ......

‌جارێ لێوانت بزوێنە بۆ  من

‌با ، بارانی حەز بێنە سەردانم

‌بەزەییت کوانێ لە عەشقی منا

‌لە جێژوانی خۆم هەر چاوەڕوانم

  ......      ......

‌بۆنی مێخەکی هەناسەی گوڵت

‌جارێ بڕژێنە بەباخی جوانی

‌چرۆم با بڕوێ بە ئەوینی تۆ

‌خونچە دەربکا بە میهرەبانی

  ......      ......

‌دەمێکە دڵم خەیاڵی تۆیە

‌بەنازی حەزت کەدات پۆشیوە

‌منیش خۆ ئەبمە درەختی بەهار

‌گەر بڵێن بادەی دەستی نۆشیوە

  ......      ......

‌نیگات بڕوێنە بەباڵای تاسەم

‌با ڕێگای حەزم پڕبێ لە بەستە

‌بەسیەتی لە پای چاوەڕوانیدا

‌بۆ تەنیا دڵ و خۆتت مەبەستە

  ......      .......

‌ڕێبوار ئالانی

‌بەریتانیا

 

Qadirzada.com © 2009-2022. All rights reserved